ساقی! بە مەیی کۆنە لەسەر عادەتی نەو بە
بشکێنە بە یەک نەوبە دوو سەد ماتەمی تەوبە
ساقی! قەدەحی گەردشی گەردوون دەشکێنێ
باری، کە دەبێ موعتەقیدی گەردشی ئەو بە!
ئەی نەفسی مورائی چ گران باری، تەکالیف
بۆ خەڵقی دەکێشی، دە هەڕۆ ڕێش و جەدەو بە
بوغزت لە زەعیفان چییە قوربان، وەکوو قەسساب
بەو خەزز و بەزی ڕیشوەتە، ئەی هیزە، قەڵەو بە!
ئەسپی نەفەست دێت و دەچێ، گەرمە عەنانی
ئەی مەستی ڕیازەت هەڵە! هوشیاری جڵەو بە
وەک ماه و ستارەت کە ببێ مەیلی هەڵاتن
سەرکردەیی ڕۆژ، ڕەهڕەوی شەو، ڕەهزەنی خەو بە
نالی مەبە عاجز، کە ئەمە دەورە نە جەورە
ساقی کەرەمی یەک بە یەکە و نەوبە بە نەوبە