ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
٨٣. بۆ حسێنی هاوڕێم
هاورێی دێرین حسێنی دادە ئامینە
دڵم بەبێ تۆ زۆر مات و غەمگینە
سەلام لە دایکت ئەکەم و هەواڵی ئەپرسم
هەمیشە لەبەرچاومە و دەستی ماچ ئەکەم
سەلام لە حەسەن و ماڵ و مناڵی ئەکەم
سەلام لەخزمان و هاوڕێیانی تریش ئەکەم
ئەی هاوڕێیەکەی سی ساڵی تەمەن و ژیانم
هەمیشە لەبەر چاومیت و ناچی لە یادم
ئێمە هاوڕێ بوین هەر وەک برا بوین
هەمیشە بۆ یەک پشت و پەنا بوین
بیرت دێت کاتی ڕابردوو لە سەرچنار
یەکمان خۆشەویست بەقەد گەڵای دار
بەشەوو بەڕۆژ ئێمە هەر پێکەوە بووین
هیچ کاتێ بۆ یەک کەمتەرخەم نەبوین؟
ئێمە بۆ یەک دڵسۆز و هاوڕێی گیانی بەگیانی
زۆر بەوەفا بوین بۆ یەکتر و قەدریشمان زانی
٣٠ سی ساڵ ئێمە هاوڕێی یەکتر بوین
لەو ٣٠ ساڵەدا بۆ یەک بەوەفا تر بوین
زۆر بەپاک و خاوێنی و بێگەردی بۆ یەک ماینەوە
بەرداشی ژیانمان بەدەستی خۆمان ئەخولاندەوە
هیچ ڕۆژێ ئێمە بۆ یەکتر نەبوینە دەردی سەری؟
هەمیشە ژیانمان بۆ یەکتر دائەنا لەسەر دەستی
ئێمە هەر دووکمان دوو گەنجی سەر سەخت
لەکاتی مناڵی نەمان بوو هیچ شانس و بەخت؟
کاتێ گەورە بوین و خۆمان داڕشت و فاممان کردەوە
ئەو ژیانە سەختەمان بیر کردو ڕۆیشت و نەگەڕایەوە
من لە پڕێکا دەوڵەمەن بوم و حسابی خۆم نەئەزانی
وابزانم تۆش بەهەموو ئەو دەوڵەمەندیەی منت زانی
بەڵام لە پڕێکا ژیانم هەمووی هەرەسی هێنا و ڕووخا
ئەوەنە بێزار بوم هەستم کرد لەسەر زەوی جێگامنەما
نازانم چی بوو ئەو بەڵاو نەگبەتیە کە بەسەرم هات؟
ئەوەندە بێزار بووم وام لێهاتبوو بەجێی بێڵم وڵات
هەمووشی ئەوە سوچ و خەتای خۆم بوو
زۆر دەستم بڵاو بوو بیری دوا ڕۆژم نەبوو
وڵاتم بە جێهێشت و ڕووم لە غەریبی کرد
هەمووی بێزاری و بێتاقەتی بوو وایلێم کرد
ئێستا من لە وڵاتی میسرم تۆش لە سلێمانی
زۆر بیرت ئەکەم براکەم تۆ هەردوو چاومی
ئەی تخوا ئێستا تۆ چۆنی حاڵ و ئەحواڵت؟
ماڵ و مناڵ و خانەوادە و ماڵ مام و خاڵت
بەهیوام هەمویان بەتێکڕا خاس و باش بن
لە خۆیان و ماڵ و مناڵیان لە پیاو و لە ژن
برای شیرینم زۆر دەمێکە هەواڵت نازانم
قەزای دووریەکەت با بکەوێ لە گیانم
هیوا ئەخوازم برام هەمیشە باش بی
دڵخۆش و کامەران لە بەڵا بەدوور بی
هیوا دەخوازم ڕۆژێک بەیەک بگەینەوە
بەیەکەوە دانیشین باسی کۆن بکەینەوە
هاوڕێی دێرین و لە یاد نەکراوم
بۆ بینینی تۆ ڕۆژێ من چاوەڕێم
ئەو ژیانەی ئێمە ڕۆیی بەخۆشی و ناخۆشی
زۆر شتیش تیا ڕوویدا هی خەراپ و ناشی
ژیانی من و تۆ برا چیرۆکێکی سەیر بوو
زۆر شتی خۆش و ناخۆشیشی تێدا بوو
خۆزگە دەرفەت بوایە بمکردایە بەفلیمێ
یا بەجوانی بنوسرێتەوە هەر وەک چیرۆکێ
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە لە ژیانا ماینەوە
چەن جار لە مردن ڕزگارمان بوو گەڕاینەوە؟
سوپاس بۆ خوا ئێستا هەردوکمان لە ژیاناین
ساغ و سەلامەتین و لە گەڵ ماڵ و مناڵاین
زۆر خۆشحاڵ بووم براکەم ئیتر بەخوات ئەسپێرم
هەرچەنە حەزناکەم لەم قسە خۆشانە بەجێتبهێڵم؟
بەڵام با ئەوە بمێنێ بۆ ڕۆژێک کە بەیەک بگەینەوە
دانیشین و بەدەم قسەی خۆش و چاخواردنەوە
دوو بارە باسی بەسەرهات و ڕوداوەکان بکەینەوە
لە نوکەوە بە تازە و کۆنەوە بۆ یەکتری بگێڕینەوە
ئەو کاتە دڵمان ئاسودە ئەبێت و تێرئاو دەخواتەوە
سوکنایی و خۆشی بەدڵ و دەروونمانا دێتەوە
ئیتر خوا حافیز برا و هاوڕێی شیرینم
تەمەن درێژ بی بەچاو مەرگت نەبینم
بۆ بینینی تۆ ڕۆژێ خوازیارم من چاوەڕوانم
ئاخۆ ئەو ڕۆژە کەی دێت هاوڕێی جارانم.
تێبینی // کاک غەفوری برام تەکلیفی لێکردم کە بۆ هاوڕێ دێرینەکەی شیعرێکی بۆ بنوسم کە ٣٠ ساڵ هاوڕێی گیانی بەگیانی بون و یەکتریان زۆر خۆشویستوە ئێستاش دابڕاون لەیەک و لە یەک دوور کەوتونەتەوە منیش ئەم هۆنراوەیەم بۆ نوسین هیوادارم بەدڵیان بوبێت.
بەریتانیا
٢٠٢٤/١٢/٢٤
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit