ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن › شیعرەکان ›
٢٩١. دیداری تۆ
ئاوێتەت بووم وەک «لاولاو» کە بە دیوار هەڵەگەڕێ
بە لەنجە و لار و جوانیت ڕیشەی دڵم هاتە دەرێ
تۆ پەریەکەی ئاسمانی یا بەگزادەی «عێلی جاف»؟
بەژن جوان و ڕێک و پێک، شان و مل و سینە ساف

خۆ لە جوانیتا شێت بووم، بوومە دێوانەی کێوان
نەمدی جوانێ بە وێنەت، تەنیا فریشتەی ئاسمان
کەس وەک من بۆت ناسوتێ بۆ جوانی بەژن و باڵات
تۆ لە تریفەی مانگ ئەچی یا لە گزنگی خۆرهەڵات؟

لە بەر چاوم ڕەونەقت، ئەوەندە سەرنجڕاکێشە
لە بەردەمت خۆ ناگرم، دە وەرە گیانم بکێشە!
ئەترسم نەگەم بە مراد بەو داخەوە سەربنێمەوە
دەتۆش کەمێ وەفات بێت، لایەکمان لێکەرەوە

کەی بەندیی ئەوین وایە، من سوتام و تۆ پێنەزان؟
لەو سەودایە سەردەرناکەم بۆچی سنوورت بەزان؟
کام ڕێگایەک بگرمە بەر، یا چ شتێ باشە بیكەم؟
تاوەکوو بگەم بە تۆ و دەست لە ملانت بکەم

چەند ساڵە من خوازیارم کە بگەم بە باڵای بەرزت
بە گەردن و لا ملت، بە دوو شەمامەی تەرزت
هەموو ڕێگایەک ئەگرم تا ئەو کاتەی ئەگەم بە تۆ
دڵم هیچ کەس وەرناگرێ، بێجگە لە دیداری تۆ؟
٢٠٢٦/١٠/٢٩
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit