ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن › شیعرەکان ›
٢٨٩. ئەی کورد
ئەی کورد، یەکگرتوو نەبی، تاماوی نابیت بەهیچ؟
وەک برا لەگەڵ یەک نەبی، تاماوی نابیت بەهیچ؟
بۆ یەک سیخورو خۆفرۆش بی تاماوی نابیت بەهیچ؟
لایەنگری دوژمنانیش بی، تاماوی نابیت بەهیچ؟
لەگەڵ یەکدا خۆخۆر بی، تاماوی نابیت بەهیچ؟

ئەی کورد، گەلان گەیشتنە سەربەستی
تەنیا ئێمە و فەلەستین ماوین بێ هەستی
ئەوەی لەژیاندا بە ئێمە نەکرا بۆ پێویستی
نەڕۆشتین بەڕێگای ئاشتی، ئازادی و یەکسانی
تا ئەوانە پەیڕەو نەکەی تاماوی نابیت بەهیچ؟

فەلەستین بیست و یەک برای چاوڕەشی هەیە
نەشگاتە دەسەڵات وەک ئێمە ئەو خەمەی نییە
هەر ئێمە تەنیاین و ئومێدیشمان ئەو شاخانەیە
هەرکوردە، تا ئێستا بێسەرکردە وبێئاڵا ولانەیە
ئەم هەلە لە دەست دەی تاماوی نابیت بەهیچ؟

ئەی کورد، ڕۆڵەکانت ئەنفال و کیمیاباران کرا
لەگەڵ ئەوەشدا قەتڵ و عام و زیندانیش کرا
بینیتت کوڕان و کچانیشت لە سێدارە درا
بینیت چەندان ئازار و غەدر و فێڵمان لێکرا؟
وانە لەوانە وەرنەگری تاماوی نابیت بەهیچ؟

ئەی کورد، ئەوەندە سادە و ساویلکە مەبە
هەرگیز لەگەڵ ناحەزو دوژمنانت هاوڕا مەبە
بەقسەی لوس و باق و بریقەدار دڵخۆش مەبە
ئەوەندە خۆشباوەڕ و سەغیتەبیعەت مەبە!
لەو ڕێیانە بەردەوام بی تاماوی نابیت بەهیچ؟

ئەی کورد دوژمنت زۆرە دۆستیش پشتی تێکردی
ئەوەی لەگەڵت ڕاست نەبوو، لە خشتەی بردی
بۆ بەرژەوەندی بەکاریهێنای، درۆی لەگەڵ کردی
ئیتر هەرگیز متمانە بە کەس مەکە، بژی بەمەردی
ئەمجارە متمانە بدۆڕێنی، تاماوی نابیت بەهیچ؟

دەست لە ناو دەست کەن، خەم و کینە بخەنە لاوە
لەگەڵ یەک هیچ کات دووروو مەبن لێرە بەدواوە
لەگەڵ یەک ڕاست و دروست بن، دنیا بەند و داوە
ئەمڕۆ هەور و هەڵا و تۆفانە، سبەی خۆرەتاوە
گەر ئەوانە پەیڕە و نەکەی، تاماوی نابیت بەهیچ؟

ئەی کوردی ماندوو شەکەت، سەرکەوتنت نزیکە
کەسێ دەستی نەگرتی لەو ڕێگا سەخت و باریکە
هەر بە تەنیا هەوڵت دا لەم بەر و ئەوبەری زێکە
دە ئاوڕێک بەرەوە دواوە بۆ ڕابردووت سەیرێکە
چاو لە ڕابردوو ئایندە نەکەی تاماوی نابیت بەهیچ؟

دەڵێن کورد دەبێ بە دەوڵەت و ڕزگارمان ئەبێ
ئەوەش هەروا بەئاسانی و بە بێ قوربانی نابێ
بەبرایەتی و تەبایی بە یەکڕیزی و دڵسۆزی ئەبێ
بە یەکگرتنی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەبێ
گەر بەم ڕێیەدا نەڕۆیت، تاماوی نابیت بەهیچ؟

ئەی کورد، هەستە بڕوانە ئاسۆی ڕوون و ژیان
بۆ سەرخستنی گەل و بەرگری لە خاک و نیشتمان
کاتی بێدەنگی نەماوە هاتووە کاتی خەبات و فەرمان
گەر بڕیار نەدەیت ببیتە خاوەن ماڵ و شاری باوان
تا کۆتایی تەمەنیش بژیت، تاماوی نابیت بەهیچ؟
٢٠٢٦/١٠/١٦
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit