ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
٢٥٥. چوار بەهەشتی نیشتمان
سڵاو لەو خاک و مەڵبەند و وڵاتە
کە لانەی شێر و جێگەی خەباتە
کوردستانی گەورە، کێو و دەشتی
خودا کێشاویەتی نەخشی بەهەشتی
چوار پارچەی یەک جەستە یەک ڕۆح و باوەڕ
لە مێژوودا هەموو سەربەرز و سەروەر

بەشی یەکەم
✌️باکووری سەرکێش و دێرین

ئامەدی دڵ، پایتەختی عەهد و پەیمان
بە شوورا دێرینەکەی، بە فەخری جیهان
خاکی ئاگری بەرز و لوتکەی سەرکێش
وانی مێژوویی و گۆلی پڕ ئەندێش
جۆلەمێرگ و حەکاری سەختی چیا
شرنەخی نووح و لانەی پاکی حەیا
مێردینی پڕ لە نەخش و زێڕی مێژوو
مامەکی و دێرسمی مەڵبەندی وەرخوو
سەمسوور و سێرت و دێرینی بدلیس
لانەی شەرەفخان، مێژووی پڕ تەقویس
مووش و ئەرزنگان و خاکی چەولیگ
دەشت و چیا و کانی ڕوون و خەلیگ
ڕووهای پێغەمبەران، ئەسڵی کەرەم
ئەنتاکیا و مەرعەشی مێژووی حەرەم
ڕەشقەلاس و قەرس و ئەرزڕۆمی سارد
سەدان سەرکردەیان بۆ گەل بەخێو کرد
سێواس و مەلەتی و خاکی ئەردێخان
ئێلح و دیلۆک و خارپێتی فەخرەکان
ئەم جێگای فەقێی تەیران و خانییە
مەڵبەندی مەلای جزیریی فانییە

بەشی دووەم
✌️ڕۆژهەڵاتی ئەدەب و زانست

سڵاو لە سنەی خاکی هونەر و ناز
مەڵبەندی مەستوورە، شاری سەرفراز
سەقزی دێرین، نیشتمانی خانی
مەریوان و زریبار، شاکاری جوانی
بیجاڕ و بانەی سەرکێش و دڵگیر
کامیاران و قوروەی پڕ لە بیر
بڕۆ بەرەو ورمێ و شۆخی دەریاچەی
ببینە مەهاباد، مەڵبەندی پێشەوای
بۆکانی فێربوون و زانست و جود
خۆی و میاندواو، خاکی بێ حەسوود
سەردەشتی مەزڵوم، پیرانشاری شێر
نەغەدە و تیکاب، مەڵبەندی دڵێر
ساینقەڵا و شنۆی مێژووی دێرین
هەموو پڕ لە باخی جوان و ڕەنگین
ئیلام و کرماشانی لانەی فەرهاد
بێستوون شاهیدە لە مێژووی بێداد
جوانڕۆی قارەمان، جێگای پیاوانی پاڵ
شەرەفی نیشتمان، پارێزەری ماڵ
قۆناغی قۆچان و بوژنۆردی باکوور
کوردانی خۆراسان، هەم نزیک و دوور
هەمەدان و ورووگڕ، خاکی پڕ هەیبەت
خورەماوە و پاپێڵ، لانەی حەمییەت
دژپێڵ و یاسووج و شاری کوردی جوان
لووڕ و بەختیاری، پارێزەری گیان
لەم خاکە سەرپۆش، نالی و هێمن هاتوون
هاژە و حەقیقی، شیعر و ڕووناکی بوون
بیجاڕ و دیواندەرە، دوو مەڵبەندی جوان
مێژوویەکی گەش و سەربەرزە بۆ کورستان

بەشی سێیەم
✌️باشووری ڕاپەڕین و سەرکەوتوو

سڵاو لە هەولێر، قەڵای سەر بڵند
مێژووی دێرین و شوێنی مەردی ڕند
بنەسڵاوە و قوشتەپە دەشتی فراوان
سۆران و خەبات و هێزی لافاوان
شەقڵاوەی بەهەشت لە بناری سەفین
کۆیەی حاجی قادر، شاری عیلم و دین
مێرگەسۆر و چۆمان، لوتکەی پەرێشان
ڕەواندزی پاشای گەورە و خەرووشان
بڕۆ بەرەو سلێمانی، شاری بابان
پایتەختی ڕۆشنبیری مەڵبەندی شێخان
قەڵادزێ و ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین
دووکان و گۆمەکەی دڵگیر و شیرین
سەید سادق و ماوەت کێوی بەرز و ڕووت
دەربەندیخان و پێنجوێن، سنوری یاقووت
چەمچەماڵی پۆڵا، قەرەداغی سەرکێش
کەلاری گەرمیان، جێگای خەم و ئێش
سڵاو لە هەڵەبجە، مەڵبەندی شەهید
شاری ئەحمەد موختار، هێمای عەهدو جەدید
بیارە و خورماڵ و سیروانی بێگەرد
مەڵبەندی تەسەوف خاکی پیاوی مەرد
بڕۆ بۆ دهۆکی جوان، شاری دەلال
زاخۆ و پردەکەی، نەخشی بێ زەوال
ئامێدیی هەڵکەوتوو لەسەر چیای بەرز
مێژووی میرنشینی جێگای فەخر و لەرز
سێمێل و بەردەڕەش، دڵسۆز و هێژا
ئاکرێی نەورۆزان، ئاگری لێ ڕێژا
مەڵبەندی کەرکووک، دڵی کوردستان
باباگور گوڕ لێی دەسوتێ بۆ هەموان
پردێ و داقووق و حەویجەی پڕ مێژوو
داستانی قارەمانییان تێدا نووسرا بوو
خانەقین و کفری، ئەڵوەنی ڕەوان
دووزخورماتووی کورد قەڵای قارەمان
بەدرە و مووسڵ و خاکی شنگالی پاک
میراتی ئێزیدی و لاپەڕەی بێباک
مەخموور و شێخان و لانەی شەرەف و ڕێز
تەلەعفەر و تلکێف و قەرەقووشی ئازیز

بەشی چوارەم
✌️ڕۆژاوای خۆڕاگری و زەیتوون ڕزگار بوو

ئێستاش سڵاو بۆ خاک و عەتری مژدە
بۆ قامیشلۆی دڵ، شاری فیداکاری و سوجدە
حەسیچەی دێرین و دەشتی بەپیت و چاک
عەفرینی زەیتوون، شاری پاکی خاک
کۆبانیی ئەفسانەی خۆڕاگریی جیهان
ناوی تۆ هیوای بەخشی بە گشت گەلان
سەری کانی و مەنبج خاکی پڕ خەبات
دێرک و عاموودێ، مەڵبەندی ئاوات
جەرابلوس و گرێ سپی و تیربێسپی جوان
باب و گیرکێ لیگێ، پارێزەری گیان
ریمێلانی پڕ پیت، دیربێسیی دڵسۆز
مێژووی نوێی ئێوە گشت بوو بە نەورۆز

بەشی پێنجەم
یادێک لە کوردستانی سوور

گەرچی دوورە لە نەخشە و دەستی ڕۆژگار
یادی کوردستانی سوور دەکەین بە دیار
لاچین و زینگێڵان، خاکی غەریبان
کێلباژاری جوان، دوور لە حەبیبان
قەرێکیشلێق و قوتیرلێی پڕ لە خەم
کوردھاکێ و مورادخانێی بێ عەلەم
یادی ئێوەش هەر لە دڵدا دەمێنێ
مێژووی کورد ناوتان بە زیندوویی دەهێنێ

کۆتایی شاکارەکە

ئەمەیە مێژووی چوار پارچەی گەورە
کوردستان هەمیشە زیندووە لەم دەورە
شاعیر و سەرکردە و پیاوانی زانا
لەم خاکەدا بوون بە خاوەن مانا
هەتا کێو و چیا و بەفر مابێ سارد
بژی کوردستانی مەزن فەخری کورد.

تێبینی // ئەم بەرهەمە، شاکارێکی مێژووییە لە قالبی مەسنەویدا، کە بۆ کوردستانە مەزنەکەمان و چوار پارچە دڵڕفێنەکەی هۆنراوەتەوە لێرەدا سەرجەم شار و شارۆچکەکان، تەنانەت ئەو بەشە فەرامۆشکراو و نادیارانەشمان گەڕێنراونەتەوە باوەشی نیشتمان.
ئەم کارە ڕەنگدانەوەی عەشقێکی قووڵ و خولیایەکی بەکوڵی منە بۆ ئازادیی ئەم گەلە و گەیشتن بە ئاواتی مێژوویی کە خۆی لە دامەزراندنی دەوڵەتدا دەبینێتەوە.
بەو ئومێدەی ڕۆژێک لەژێر سایەی یەک ئاڵای شەکاوەدا، چاومان بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕوون ببێتەوە هیوادارم جێی پەسندی و ڕەزامەندیی ئێوەی بەڕێز بێت.
٢٠٢٦/٦/١١
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit