ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
٢٢٧. من هەم
مێژوویەک لە ڕەنگی خۆر
ئێستا... وا هەست ئەکەم 'هەم'
کە دەبینم لە هەر چوار لا، زەوی بە دەنگمان دەلەرزێ
کە دەبینم 'کورد' بووە بە هاوارێکی جیهانی و
لە شەقامەکانی غەربەوە تا ناخی نیشتمان
خوێنمان بۆ 'ڕۆژاوا' دەبێتە یەک ڕەنگ و یەک دەریای بێبن

من لەمەوپێش...
ناوێکی غەریب بووم لە پەراوێزی نەخشەکاندا
برینێکی کڕ و بێدەنگ لە مێژوویەکی فەرامۆشکراودا
وام دەزانی 'نیم' و جیهان ناوم ناناسێ!

بەڵام ئێستا
لە هەڵوێستی ئەم میللەتە، لەم هەموو کێو و تاتە
لەو قوربانییەی بۆ 'ڕۆژاوا' دەبێتە قەڵغان
هەست دەکەم هەم!

ئێستا نەک هەر من... نیشتمانیش هەناسە دەدات
ئێستا کورد وەک 'خۆر' لە ناوەندی دونیا ڕاوەستاوە!
مێژوویەک لە ڕەنگی ئاگر
خۆی کردە کراسی زەرد و
بوو بە ئاڵتوون و گەوهەر

ئێستا وا هەست ئەکەم 'هەم'...
کە دەبینم لە ڕۆژاوا، کچانی خۆر
پایەی ئەستووری 'نەبوون' دەڕووخێنن
کاتێک شەرڤان، بە تفەنگی دەستی
سەرلەنوێ پیتی 'کورد' لە فەرهەنگی شەڕەفدا دەنووسێتەوە

من پێشتر...
تەمێکی سەرگەردان بووم لە گەرووی مێژوودا
پەنابەری ناو لاپەڕە ساردەکانی جوگرافیا بووم
وام ئەزانی 'نیم' و دەنگم ناگاتە ئاسمان!

بەڵام ئێستا
کە تریفەی بەرگریی 'کۆبانی' و 'عەفرین' و 'سەری کانی'
شەوەزنگی پایتەختەکانی دنیا شەق دەکات
کە دەبینم هەموو جیهان، بە ڕێزەوە
سڵاو بۆ ئاڵایەکی هەڵکراو دەنێرن

هەست دەکەم هەم!
کورد وەک قەقنەس لە ناو خۆڵەمێشەوە سەر هەڵدەگرێ
ئێستا ئێمە 'هەین' و جیهان ناچارە بمانبینێ!

ئێستا کە پڕ بە سییم هاوار دەکەم کوردم
لێشاوی مێژووم و ڕەگ و ڕیشەی کوردستانم
هەر هەبووم و هەر دەبم، بە شکۆی گەلێکی نەبەز
سەروی حەفتا ملیۆن دەنگم و چاوەڕوانی ئاسۆیەکی بێ‌کۆتاییم.
٢٠٢٦/٢/١٨
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit