ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
١٣٩. جوانی شیعر
شیعر هەموو شتە جوانەکانە
هەموو شتە جوانەکانیش شیعرە
شیعر زمان حاڵی هەستی شاعیرە
بۆ هەستە جوانەکان و بۆ دەور و بەرە
شیعر گەڵای دارەکانە و بەرەکانیشیان جوانەکانیانە
شیعر ئاوی سازگاری کانیاوەکانە و جوانەکانی
ئەو ئاوانەن کە لە قەد پاڵەکانەوە دێتە خوارێ
شیعر ئەو مناڵە شیرە خۆرەیە کە گڕ و گاڵ ئەکا و
تازە فێرە ڕۆشتنە و ئەڕوا بە گاگۆڵکێ
شیعر تابوتێکی بێ مەرگە و
تابوتەکەش هەر خۆی شیعرو هەڵبەستە
یا خود خەرمانێکی پڕ بەرەکەتە
ئەو جوتیارەش کە شەنی خەرمان ئەکا
جەستەی پڕ هیلاکی و ماندوو شەکەتە
شیعر ئەو ئەشقە جوانەیە
کە دڵ و دەرونی پڕە لە میهرەبانی
شیعر ئەو پاڵەوانە ئازا و بوێرەیە
کە لە هەموو کایەکانی یاری کردندا
سەرکەوتوە و براوەیە
کە خۆڕاگر و جەربەزە و بێ وێنەیە
شیعر دایکێکی بەهێز و داهێنەرە
باوکێکی هۆڵنەدەر و رەنجدەرە
شیعر گوڵی باخچەکانە و هەنگەکان دای ئەدۆشن
ئەوانیش ئەو نیعمەت و بەرەکەتەی لێ پێک دێنن
کە شیرینە و بە زمانی پاراوی کوردی هەنگوینی
پێی ئەگوترێ
بەزمانەکانی تریش شتێکی تری
پێ ئەگوترێ
شیعر زمانە زمانی پاراوی جیهانە
لە سەر زەویشە هەم لە ئاسمانە
شعر ئاسمانێکی سافە
بێ هەور و بێ ئەستێرە
مانگە شەوە بێ ڕوناکی
وەک گوڵی لاولاوو دەمە شێرە
شیعر تەرزەیە بێ کڵۆ
بارانێکە بە بێ تنۆ
زریان و باو ڕەهێڵەیە بێ زیان
شیعر بەفرێکی سپی بێگەردە
کە کەوتوە لەو بنار و چیا و هەردە
تەپو تۆزێکە بێ پڕبونەوەی چاوو
وەک نێچیرێکە کە هەڵدێ لە دەستی
ڕاوکەر و لە دەستی ڕاو
شیعر دەرمانێکە بۆ زامی
زامدار و دەردەدارانی
کونەپەپۆیەکە لەو لاوە
دانیشتوە بەبێ چاوی
ئاسکێکە لە هەردێکا
یا لە قەدپاڵی شاخێکا
چاوەڕێی مەرگ ئەکا
ئاخۆ کەیدێ دوژمنەکەی
کە بیکاتە نێچیری ڕاوی
یا مەڕێکە و چاوەڕێی
قوربانی ئەکا
ئاخۆ کەی قەساب چەقۆ
دێنێ بەسەر ملی
تاوسێکە ئاوا خۆی
ڕازاندۆتەوە وەک پەلکە
زێڕینەی شینی ئاسمانی
مریشک و جوچکەکانێتی
مراوی و بەچکەکانێتی
شیعر کێڵگە و جوتیارێکە
بەروبومی خەرمانێکە
بێراوو دێراوێکە
بەروبومی تەماتە و
خەیار و کولەکەیەکە
یا بێستانێکە
شوتی و کاڵەک و کالیارێکە
یا باخ و باخاتێکە یا خود ڕەزێکە
ترێ و مێوژ و دۆشاوێکە
یا باسوق و سجوقێکە
یا باخی هەرمێ و هەنجیرێکە
قەیسی و قۆخ و هەنارێکە
لەگەڵ داری گوێز کە کاکڵەکەی
بۆ مرۆڤ یەک بە هەزارێکە
کە ئەڵێم شیعر جوانە ڕاستە
هەموو شتێ لە شیعر ئەچێ
بەڵام شیعر لە هیچشتێ ناچێ؟ !
شیعر لە هەموو شتێ جوانترە و
تەنها و تەنها هەر لە خۆی ئەچێ
بەریتانیا
٢٠٢٥/٧/٢
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit