ئاڵەکۆک

سەعدی عەباسی add_a_photo
دڵم گەرچی خەفەتبار و سەرم هەرچەند سڕ و گێژە
لە سووچی قوژبنی ژوورم، قەڵەم مەیلی لە خۆوێژە

بەیانیان کاتێ خۆر هەڵدێ بەدڵ دەڕوانمە ئاسۆ
بڵێی ڕۆژێ لە کورتی دا؟ کە چون تا موڵکی تیرێژە

بە شەو ئەمما لە ناو دوو ڕێ پیاسەی بێ قەراریمە
دەمم بۆنی شەڕابی نوێ و دەسم هەروا بە دەستنوێژە

کە ڕام وا بوو شەڕاب و دین گەلێک ساڵە لەیەک زیزن
خودای من هاتە گوفتار و وتی چی قینە بینێژە

بڕێ شاگەشکە بووم بەینی شەڕاب و دین کە چا بۆوە
کەچی دیتم خەمێکی تر لە نێو ناخم سەرەوڕێژە

وتم خوا گیان کە پاشا و عالمی هەر دوو جیهان خۆتی
نگای ڕوحمێ بە رەو خاک و گەلی کوردیش بهاوێژە

وتی یانی  لە تۆ وایە دەسم بەرداوە لەم کوردە؟
وتم ئەی چۆن کەدەیبینم هەموو لام زاڵم و خوێنڕێژە

کە فەرمووی سەیری چوار لا کە خەتای کورد خۆیەتی چبکەم
ئەوەندەی ئێوە خۆخۆرن سەری خۆشم لەڕاوێژە
۱۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۲ی کوردی
نووسین: سەعدی عەباسی

پەراوێز edit