ئاڵەکۆک

دڵدار add_a_photo
دڵدار دیوانی دڵدار
٧. ئەی نازەنین
ئەی نازەنین
ڕەوای تەونجی نازەنین،
خۆ تازە نین
بیستم ئەڵێی کە بێوەفام
بێ شەرم و ڕەنگ و ڕوو وەلام
لەبانێکا هەزار هەوام
بەڵام ئەگەر بەم چەشنە بام
لەم سەنگەساریە چۆن ئەمام
بەڵێ لە لای ناحەز وەهام
بەڵام... بەڵام
ئەمن گیرۆدەی داوی تۆم
گیرۆدەی زوڵفی خاوی تۆم
دەبەنگ و مەستی چاوی تۆم
مەلێکی باڵ شکاوی تۆم
بە شێتی ناوزڕاوی توم
خوداپەرستی ناوی تۆم
ئەی یاری خۆم
کە تیشکی تۆم لە ڕوو پژا
گوڵی ئومێدی پێ بوژا
زووخاوی پەستی لێ ڕژا
عالەم لە تاوا پێی هەژا
شێت بوو بە جارێ تێک قژا
هەمانەی پەندی هەڵرژا
چ هەڵڕژا؟
جا جاڕیدا کە سەرسەریم
لە ڕەوشتی چاک بێبەریم
ناوی زڕاندووە بەدفەڕیم
بێ عەقڵ و لاملی، کڕیم
دووڕوو و دووپشت و زۆر وەریم
نیشانەی چاکە و بێ بەریم
دەربەدەریم
ئەی نازەنین،
ڕەوای ئەم تازە نازەنین،
خۆتازەنین
بەغدا

پەراوێز edit