ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
هێمن تەنیا نەسیحەت
٣٩. گۆڕەپانی شێر
خاکم مەیدانی پەروەردەی شێرە
سەلماندومانە کە کورد بوێرە

دژ بە نەیاران کێوی ئەستەمین
دوژمن بە حەملە و تەجاوز فێرە

جیهان دەبینێ لە ژێر زوڵم دام
نابیستێ کەڕە، نابینێ کوێرە

ڕۆژێک کیمیایی، ڕۆژێک بۆمباران
تامی نێو گەرووم بە باڕووت سوێرە

لە بدایەتی را ژێر چاپەڵۆک بوین
مێژوو نوسراوە کوترا بە وێرە

دەستی یارمەتی وڵاتانی زل هێز
پووچەڵ و هیچە و دەنکە کوێرە

لە خاکی خۆت بی، بە ملوێن کەس بی
بەڵام بێ وڵاتی و مافت لە ژێرە

تۆ بە تانکی شەڕ، بە هێز و تەقە
منیش بە تراکتۆر و گاسنی جوتێرە

تۆ بە سپا و لەشکەر هەڵدەکوتیە سەر من
بە خوێنی منە مەشکەی تۆ تێرە

وڵاتم ڕزگار بێ لە دەستی دوژمن
پر بە دڵ گوێ بدەم بە دەنگی سێرە

ئەوجار سەر دانێم لەسەر خاکی خۆم
لێرە لە دایک بوم، بشمرم لێرە
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit