ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
هێمن تەنیا نەسیحەت
١٨. تامی ژیان
تاوانە گەر تامی ژیان
تێکەڵ بە ناوی ژن نەبێ
وێرانە ئەو نیشتیمانەی
زوڵمی لێ سەراوبن نەبێ

دیواری بێتۆنی زاڵم
کوانێ بە درووشم دەڕووخێ؟
کاول بێ ئەو چوار دیوارەی
بۆ مافەکانی من نەبێ

زەروو لە خوێن قەت تێر نابێ
تا ڕۆژێک بە خوێن شەق دەبێ
ئەو زەحاکەی خوێن دەڕێژێ
ناڕوا، خەڵک ڕزن نەبێ

نەفرەت بێ لەو حاکمانەی
دڵخۆش بە بەند و کوشتنن
حاکمێک بۆ وڵات دەبێ،
دڵی وەکوو ئاسن نەبێ

سەیری زاڵمانی پێشوو کەن
ئێستا کوان و کوێ جێیانە
بەو کەسەی دەڵێن مرۆڤە،
لە ژینی مەخابن نەبێ

بڕوا کەن ژیان زۆر خۆشە
بەو مەرجەی بە جوانی بژی
سەر بڵیند و ویژدان ئارام
مرۆڤ هەستی بێ بن نەبێ

ئەو کەسەی بە گەل خائینە
ژیانی گەندەڵی هەیە
ڕۆژێک پەژیوانە و پاشگەز
ئەو دەم کەسی لەکن نەبێ

زۆر خۆشە ڕۆژێک ببینم
کەو نەبێتە داو بۆ کەوێک
دارێکی ئازا و بە تەمەن
بە هۆرەی خۆی لەبن نەبێ

بمێنم و ئەوە ببینم،
ماف بۆتە شتێکی ئاسایی
مەزرای ئازادی وڵاتێک
خوراو بە دەستی سن نەبێ

شۆڕشێک بۆ نان و ئازادی
پیرۆزە و سەرکەوتوو دەبێ
بۆ تێر بوونی زگی برسی
نان گەنم بێ و هەرزن نەبێ

ئاواتمە ڕۆژێک بێتە دی
درووشمی، ژن ژیان ئازادی
چیتر قژی جوانی کیژێک
لە ژێر لێچکە قرژن نەبێ

چیتر لاوە کوڕەکانمان
لە ژێر تەنافی دار نەبن
بیریان لە پێشکەوتنیان بێ
چاویان لە ڕاکڕدن نەبێ

دەنووسم بە پێنووسەکەم
تا ئەو رۆژەی هەناسە دێن
با بیر و ڕای پاک و تەنیام
لە نێو ئاپۆرە ون نەبێ
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit