ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
هێمن تەنیا نەسیحەت
١. خەونی دواڕۆژ
ڕۆژێک بەزری ئازایەتی
لە زەوی دەبوژێتەوە

ئەویندارانی خاک بزانن
عەشقیان بۆ جێژوان دێتەوە

شەختەی سەهۆڵی دیلیەتی
بە تیشکی خۆر دەتوێتەوە

نەیاران ڕوویان ڕەش دبێ
مێژوو ناویان دەسڕێتەوە

کۆرپەی لاساری گرینۆک
بێ لای لایە دەنوێتەوە

بارانی خۆشی لە وڵات
لە هەوری ڕەش دەڕژێتەوە

ئاوی زوڵاڵ و پاک و گەش
لە کانیاوان دەخورێتەوە

ئەستێرە دامرکاوی بەخت
لە ئاسمان دەتروسکێتەوە

باڵەندەکانی ناو قەفەس
دەرکایان لێ دەکرێتەوە

شێعری پتەوی شاعیران
بە پێنووس دەنوسرێتەوە

ئەوەی نوسەر و ئەدیبە
وشەی جوان دەهۆنێتەوە

چی تر برینی قوڵی ژین
بە ناحەق ناکولێندرێتەوە

جارێکی تر هیچ ئافرەتێک
بۆ نامووس ناکوژرێتەوە

کیژێک قژی ئاڵۆز نابێ
بە پەلکە دەی وەنێتەوە

ئەوینداری ڕاستەقینە
بێ گومان دڵی ناشکێتەوە

چیتر کورێکی شۆڕە لاو
لە سێ دارە نادرێتەوە

لە شاخ و کێوی وڵاتم
کۆڵبەری لێ ناکرێتەوە

چیتر کەسێک بۆ پاروێک نان
لە شاخان بەر نابێتەوە

پیاوێک بە شەرمەزاریەوە
بەرەو ماڵی ناچێتەوە

ئەو ڕۆژە لێڵانە دەڕۆن
ڕووناکی هەڵدەکرێتەوە

خولەک و چرکەی کاتژمێر
بێ بەها ناسوڕێتەوە

شەو کە قۆناغی دڵتنگیە
ئارامی لێ دەدرێتەوە

گوێچکەی مرۆڤانی وڵات
سترانان دەبیستێتەوە

نەوەی دوا ڕۆژ و داهاتوو
چیتر کۆیلە نابێتەوە

بۆ ناسینی خالقی دونیا
وەعدەی بەهەشت نادرێتەوە

هیچ کەس لە نێو جەهەنەم دا
بە هەڵە ناسوتێتەوە

ڕووت و برسی لێ نامێنێ
هەژارێک نابیندرێتەوە

دایک و بابی بە ساڵ داچوو
لە ماڵیان دەرناکرێتەوە

خێزان و بنەماڵەکان
خۆشیان تێ دەگەڕێتەوە

مرۆڤایەتی دەبێتە دین
زوڵم و زۆر ناگەڕێتەوە

ڕوەک دا دەچێندرێنەوە
هیچ دارێک نابڕدرێتەوە

مرۆڤ سروشت دەپارێزێ
لەگەڵی ئاشت دەبێتەوە

شەڕی دونیا ڕادەوەستن
کیمیایی لێ نادرێتەوە

چیتر لە هێرۆشیمایێک
ئەتۆم بە کار نایەتەوە

لولەی تفەنگ گرێ دەدرێن
گولێک ناتەقێندرێتەوە

ژیانەوە گەشە دەکات
خۆ کوشتن ڕوو ناداتەوە

باوشی دایکی نیشتیمان
بۆ ڕۆڵەی شاد دەبێتەوە

دەستی بابی شاخ و کێو
هەزار جار ماچ دەکرێتەوە

نینۆکی کێشراو بە شکەنجە
سەر لە قامک دەردێنێتەوە

سرودی وڵات و نیشتیمان
بە کۆمەڵ دەخوێندرێتەوە

هەواڵی ناخۆش و درۆ
لە شاشە بڵاو نابێتەوە

چیتر خەیانەت و ڕاپۆڕت
لە برا و هاو خوێن نادرێتەوە

بە جێگای شەڕ و خوێن ڕشتن
سوڵح دێت جێی دەگرێتەوە

لە جێگای قوڵکی تۆپی شەڕ
نەمام دەچەقێندرێتەوە

بە جیات جێ گولە لەسەر لەش
خاڵ ڕەش دەنەخشێتەوە

لە زاڵمان بەس نێو دەمێنێ
چیتر باسیان ناکرێتەوە

کەمتیار و ڕێوی دەڕۆن
شێر بۆ دارستان دێتەوە

نەورۆزی ڕاستەقینە دێت
چرۆی گوڵ دەپشکوێتەوە

هەڵاڵەی گوڵە بۆن خۆشەکان
لە وڵات بڵاو دەبێتەوە

مەنجەڵی ڕەش لەسەر ئاور
چێشتی خۆش لێ دەندرێتەوە

لە خاکێکی سەر بە خۆدا
گەژ و گیا دەڕوێتەوە

ژیلەمۆی ئاواتەکانمان
گڕ دەگرێ و دەگەشێتەوە

دیاری شوان ئاڵەکۆک نابێ
پەروەی زۆر شاز دێنێتەوە

ئەو جارەیان هیچ کۆچبەرێک
لە ئاو دا ناخنکێتەوە

یا لە ڕێگای دوری غوربەت
لە سەرمان ناچەمێتەوە

پەنابەر بە دڵێکی خۆش
بۆ خاکی دەگەڕێتەوە

مادەی هۆشبەر وشک دەبێ
لاوێک بۆ لای ناچێتەوە

بۆ دوکەڵێکی ژیان تێک دەر
سەری دانانوێنێتەوە

خەون و خەیاڵی چەند ساڵە
زۆر جوان داوێژ دەکرێتەوە

ئاواتی مرۆڤ دێنە دی
هەناسە سارد نابێتەوە

ئەوە نە خەونە نە خەیاڵ
بڕوات بێ ڕۆژمان دێتەوە

ئەو وڵاتەی چواربەش کراوە
لە یک بەش جێ دەبێتەوە

لە تەواوی نیشتمان دا
ئاڵای گەش دەشەکێتەوە

لاپەڕە و باوەڕێکی نوێ
لە پەڕتووک هەڵدەدرێتەوە

ئەو کەسەی بە خەو داچووە
لە خەوێ هەڵدەستێتەوە

بیرێک لە ژیانی خۆی دەکا
لە ڕیشەی هەڵدەداتەوە

زۆر خۆشە خەونی داهاتوو
بە هێمنی داوێژ بێتەوە

ئەو ڕۆژە گەر لە ناو گۆڕ بێ
تەنیا لە دایک دەبێتەوە
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit