ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
ساتێک لە خەیاڵم نەبی
هەنگیش لە زارم بێ چێژە
ڕۆژی بە تین و ڕوناکیش
شەوێکی تاریک و درێژە

زۆر گەڕام تا تۆم دیتەوە
لە گەڵ تۆ بون تێرم ناکا
تەواو برینی نێو جەستەم
بە پێکەنینت ساڕێژە

فیدای هەناسێکت دەکەم
تەواوی ژیان و گیانی خۆم
بۆ حاوانەوەی هەستی تۆ
دڵ بۆ وی کۆگا و کاڕێژە

کەش و هەوای خەیاڵاتت
ئارامی ڕۆژی هاوینە
بەڵام چرکێک نەدیتنت
وێران دەکا وەک باگێژە

لە سەردەمی ئەوینداریت
زۆرترین خەونم دیتوە
گەیشتن بە تۆ و ویساڵت
جوانترین شێوەی داوێژە

دیتنەوەت لوتفی خوا بو
ناسینت ئیقباڵی من بو
بەڵام پێ نەگەیشتن بە تۆ
پێویست بە باس و ڕاوێژە

لەوانەیە گەنج نەمابم
یا گیرۆدەی نێوان ساڵیم
بەڵام کە تۆ دێیە یادم
جەستە و هەستی من لاوێژە

لە دایک بوونم تقدیر بو
گەورە بونم بە دەست تەمەن
بەڵام مەرگم بە دەست تۆیە
تکایە بۆخۆشت بم نێژە
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit