ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
هێمن تەنیا چەند لاپەڕە خۆشەویستی
٧٦. ئەرکی خۆش ویستنت
بە ئەرکی خۆمی دەزانم
کە بە دائم فیدای تۆ بم
پەلە دەکەم بۆ دیتنت
تێکەڵاو بە نیگای تۆ بم

ئاکام و ئەنجامی تەمەن
دێتەوە سەر وەفاداری
پێش قافڵە بە بۆ ئەوینم
تا ئەبەد با لە دوای تۆ بم

وێنەی ئەویندار، شێوەی من
زۆر بە دەگمەن پەیدا دەبن
بە وڕدبینی سەیرت دەکەم
پێم خۆشە هەر لە لای تۆ بم

سەیری بەژن و باڵات دەکەم
ڕێک و لەبار و ڕەسەنی
بە دایم ئارەزووت دەکەم
هەناسە بی و هەوای تۆ بم

لە سەرەتا بۆ کۆتایی
ڕێگایەکی دوور و درێژە
تۆ سەرەتا بوونی من بە
منیش با کۆتایی تۆ بم

کەسایەتی دوو خۆشەویست
وەکوو لەیلی و مەجنوون جوانە
تۆ ببە بە خاتوونی کۆشکم و
ئاغای دیوەخانی تۆ بم

بۆ ئارامی نێو ئامێزت
نەتەویێک دێتە سەر شەر
لە بەرەکانی شەڕ و شۆر
پێشمەرگە و شەڕوانی تۆ بم

چاوەکانی تۆ ئەستێرەن
گۆنەت وەکوو گوڵی سوورن
دەرفەت بێت و هەل برەخسێت
مانگێک بۆ شەوانی تۆ بم

لە باس کردنی خۆش ویستنت
' تەنیا ' هەتا بنوسێ کەمە
تۆ ببە بە شابێتی شێعرم
منیش با دیوانی تۆ بم
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit