ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
من بە زانیاری تەواو
هاتم بۆ خۆشویستنی تۆ
سیخوڕیم کرد تا تێ بگەم
شێوازی دەنگ بیستنی تۆ

نە بە دراو نە بە سامان
دڵی کەسێک نایەتە دەست
دڵێک بۆ پارە عاشق بێت
دڵە بەڵام دڵێکی پەست

لە بەرەکانی شەڕ دابوون
دەبێ خوا، گیان پارێزت بێ
بۆ وەی بەختەوەری بچێژی
دەبێ یار لە ئامێزت بێ

لە دڵداری دا مامۆستام
بەڵام بۆ درکاندنی گێژم
تەواو قسەکانی دڵی خۆم
لە ناو سینە دا دەنێژم

ساز بووم وەکوو قوتابێەکی
پۆلی یێکی سەرەتایی
لە ئەلف ڕا خۆشم بوی
تاکوو ' ی' و ' ه ' کۆتایی

شەو و رۆژ خوێندەواری خۆم
بەرەو زانکۆ پەرە دەدەم
دەبمە قوتابێکی زۆر ژیر
بە فۆرموڵ دڵت وێ دەدەم

بە شێوازی عیلمی کیمیا
جەستەمان تێکەڵاو دەکەین
پێم بڵێ بۆچی هەستی خۆمان
جار جار تاقیکاری نەکەین؟

لە بست بست باڵای رێکت
لێی شارەزام وەک ئەندازیار
پەیوەندی بە منەوە بگرە
کاتێک ویستت ببی بە یار

بە دڵێکی سادە و بێ فێڵ
بە هەست و خوستی کڕچ و کاڵ
پێم نایە رێگای ئەوینت
بۆ ڕێگایە بەخت دەکەم ماڵ

زۆربەی کێشەکانی دوونیا
چاریان کڕاوە بە وت و وێژ
چاری دڵم چۆن باس کەم
منێک کە بۆتۆ هێرم و گێژ

دەرفەتم بێت دەستەکانت
لە دەستم دا زنجیر دەکەم
من تامەزرۆی تامی لێوت
مژدی خواردنی هەنجیر دەکەم

وەک کوردێکی کە چوار پارچە
بە یک پارچە سەیر دەکا
سەیرت دەکەم بەڵام دووری
و دوریت هەستم دەکا بەش بەش

نەکا تۆزێکیش بترازێت
گۆشێکی چووکی دڵەکەت
من تەواوی دڵتم دەوێ
و تاپۆیی هەستە سڵەکەت

تۆ بۆ ژیانی شیاوی من
وێنەی ڕێبەری گەلێکی
بۆ بڕیاری مانەوەشم
وەکوو نوێنەری شارێکی

خۆشویستنت شاری ئارام
دەشێوێنێت سەرکووتم کە
بزووتنەوەی شۆرشێکە
خوڕپەی دڵم، پەلکووتم کە

رادەوستم وێنەم بگڕە
بە کامێرای چاوەکانت
دم و چاوم داپۆشینە
بە بڵاوی قژە خاوەکانت

بڕوا بکە خۆشم دەوی
ویستت هەزار بەڵگەم پێیە
بۆ وەی دونیا بروا بکات
سەدان ووشەم وا لە رێیە

ئەوانەی کە باسم کردن
هەموویان وەک خەونێکی خۆش
دایمە دێنە پێش چاوانم
منیش هەروا شێت و سەرخۆش

لە دادگای خوا سکاڵا دەکەم
بۆ زووتر نەناساندنی تۆ
خۆ شتێکی زۆر ئەستەم نەبوو
بۆ دڵی منی کرد رەنجە رۆ
٢٨ گەلاوێژی ١٣٩٩
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit