ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
پێم بڵێ باران خو قەرار بوو
لە هەور بێی نەک چاوانم
قەرار بو تۆ زەوی تەڕ کەی
نە وەک گۆنەی بێ تاوانم

باران هەر کەس پێی گووتی
خۆشم دەوێی بڵی درۆیە
بڵێ ڕاست نیە قسەکانت
چەتری دەستت بە کام هۆیە

پێم بڵی باران کەی دێیە خوار
تاکوو دڵم ئارام وەبێت
سەدان ڕۆژ بە یادت بووم
بەڵام ئاسمان هەر ساو دەبێت

باران تۆ دوایین هاورێی بۆ
ژیانی بێ بارانی من
باران بەس تۆ ئارامشی
بۆ نێو جەستەو بۆ گیانی من

باران ژیان مەرگەساتە
تۆزێک خۆشی بۆتە ئاوات
ڕێژنە کە بەسەر وڵاتم
پڕ بە دڵ هاتووم بۆ داوات

باران دونیا کۆیلەتیە
تۆ نەبارێی دڵتەنگ دەبین
بە وشەکەرۆیی و بێزاری
بەرەو ناخۆشی و جەنگ دەچین

باران توخدا دور مەبەوە
دوری تۆ کۆتایی منە
زەوی گەنمی وڵاتەکەم
بێ تۆ چاوە ڕوانی سنە

باران لە سەر شاخ مەبارێ
بێ گوناحی لێن بە نێو کۆڵبەر
لەسەر دەریاکان مەبارێ
چونکا پێ دا دەڕۆن کۆچبەر

ویستت ببارێی لێرە ببارێ
بشوە پیسایی ناحەزان
بشوە ڕق و قین و نەفرەت
پاک کەوە مرۆڤی پێ نەزان

هێند ببارە لافاوێک بێت
بە ئاو داچێ هەر چی سووکە
بەسەر مێشکیان دا ڕێژنە کە
خاوێن بێ ئەو مێشکە پووکە

ببارێ بەسەر ئاوری زوڵم
با وەکوژێت و دامرکێ
کۆلکەزێڕینە وەدەر خە
بۆ دیتنی دێنە بەر دەرکێ

باران بۆخۆت چاک دەزانی
وڵاتم قڕی قومە ئاوێکە
تونیایەتیمان چاک دەبێ
بەڵام ئەویش بۆ تاوێکە

بن خاکمان پڕی زێڕ و نەوتە
لەسەر خاک سواڵکەری دەکەین
ببارێ بۆو نەهامەتیە
بۆ ژیان کۆڵبەری دەکەین

باران ببارە ئەم جارەش
جەستەی وێرانم گەش کەوە
جارێکی تر وەک منداڵی
قژە سپیەکانم ڕەش کەوە

جارێکی دی بۆ ئاخر جار
بڕژی بەسەر ژیان و دنیام
چاڵ و قوڵکە کان پڕ کەوە
هێور کەوە مێشکی تەنیام
١٥ خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit