ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
قەڵەم گەر بۆتۆ نەنوسێت
لە سێ جێگا ڕا دەیشکێنم
هەستم گەر بۆتۆ گڕ نەگرێ
بە نینۆکان دەیڕووشێنم

هەزاران باڵاخانەم بێت
لە پێناو ئەوینت دا
بە ئیما و ئیشارێکی تۆ
بە بێدەنگی دەیڕووخێنم

داری خۆشویستن و عەشق
ئەگەر بۆتۆ میوە نەدا
پێش ئەوەی پاییز بیگاتێ
گەڵاکانی دەوەرێنم

دڵم گەر جێگای تۆ نەبێت
گەر هەر چرکە یادت نەکا
لە نێو سینە دەریدێنم و
ترپەکانی دەوەستێنم

گەر گوڵەکانی باغی ژینم
تام و بۆنی تۆی لێ نەیەت
دارەکانی دەبڕمەوە و
هەموو گوڵەکان دەبوژێنم

ئەوینت شۆرشی دڵ بو
لە مێژوو دا دەبێ بنووسرێ
ئەگەر ڕۆژێک تۆ دابڕان کەی
کۆرپەی مەرگ دەلاوێنم

پرسیارێکی سادەم هەیە
تکایە زو جوابم دەوە
که تۆ ڕۆیشتی پێم بڵێ
من خۆم بۆ کێ وەڕازێنم

هەزاران نێو، هاو نێوت بو
کە دەمبیستن ڕادەچڵەکیم
هیچ نێوێک نابێتە نێوت
دوا تۆ، من ناوی کێ بێنم

نەفرەت لە ئاوێنەی درۆزن
بۆ جارێک ڕاستی پێ نەکوتم
پێم خۆشە وای لێ ڕاکێشم
ورد وردی کەم و بی شکێنم

سەیری خۆم دەکەم لە وێدا
پیر و نەماو و وێرانم
بە ئاوری قین و نەفرەت
ڕیشەی ژیان دەسوتێنم

چاوم بۆ هەر لا دەسورێ
جگە لە تو کەس نابینم
هەڵە بکەن جگە لە تۆ ببینن
سوێندێ دەخۆم دەریان دێنم

تاڵترین ووشە دابڕانە
ڕۆیشتن مەکە بە ئامانجت
بۆ یکجاریش باسی مەکە
پێم خۆش نیە ناویشی بێنم

ناوی خۆشی تۆ دەکەم
بە سەر دێڕی شێعرەکانم
بە باس و تاریفی جوانیت
سەدان شێعر دەخوڵقێنم

عاشقانی ناو کتێبەکان
دەرسی عەشق لە من فێر بن
خوا نەکا ڕۆژێکی بێت
بە تەنیایی بناڵێنم
٢٩ سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit