ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٩٤. چەند شتی سەرنجڕاکێش لە ماوەی دووکانداریدا
یەرمیا کەس و کارم بوو؛ بەڵام دایکی بە خۆی بەڕوحمتر بوو. ئەوەندە تاسفی سابڵاغیگەریەتی هەبوو باس ناکری. هەر چێشتێکی سابڵاغیانەی لێنابا، ئەگەر من لێم نەخواردایە، دمی لێ نەدەدا. قەت پیرێژنی هێندە نوورانی و دڵسۆز بە کوردم نەدیوە. لە ماوەی دوکانداریمدا زۆر شتی سەرنج ڕاکێشم دەدیت و بە لامەوە سەیر بوون، بەڵام کەمم لە بیر ماون:

لە دوکانەکە ڕووبەندی ڕەشی ژنانە زۆر دەفرۆشرا؛ بەڵام هەر لە ئێوارانی نیزیک نوێژی شەواندا موشتەریم بۆ دەهات و ئەویش هەموو جار پیاوی تازە لاو بوون. بە لامەوە زۆر پێچەوانە بوو. بۆ پیاو دەکڕن و ژن ناکڕن؟ بۆ هەر لە تاریکی تەنگی نوێژی شەواندا دەیکڕن؟ تێگەیشتم کچ یان ژنی بۆ ڕووپۆش کە دەیانەویست بە دزی کەس و کاریان دەگەڵ عاشقیان دەرکەون و بچنە سینەما و جێگەی نادیاری، چارشێویان بە خۆدا دەدا، بۆ ئەوە دوکاندار نەیانبینێ.

کوڕەکەیان دەنارد پەچەشیان بۆ بکڕێ و لە ڕێگە نەناسڕێنەوە و کەیفی خۆیان بکەن. شیعرەکانی ئیرەج میرزام هاتەوە بی کە دەربارەی حیجابەوە گوتبووی...

جارێک شێخ عارەبێکی زۆر بە کەش و فش و سمێڵ بابڕ لە ماشێنی کاریلاک دابەزی و هات. گوتی: سوبغت هەیە؟ (سوبغ واتا ڕەنگ بۆ کەوش و دیوار و هەرچی).

- بەڵێ هەمە. و گورجی دوو قوتووی ڕەنگی کەوشم بۆ هێنا.
- بە مۆڕێکەوە تماشای کردم:
- تۆ کوردی؟
- بەڵێ.
- لە مێژە دوکانداری؟
- نەخێر تازەم.
- وا دیارە زۆر ناشارەزای. ئەگەر وا نەبا دارکاریەکی باشم دەکردی! ڕەنگی کەوشانم بۆ دێنی کە سمێڵی پێ ڕەش کەمەوە؟!
باوەڕ کە تازە زانیم کە سمێڵ و تووکە سەریش ڕەش دەکرێنەوە و دەرمانی تایبەتی خۆیان هەیە!

ڕۆژێک پێش جێژنی کریسمیس، ژنێکی زۆر بە سەر و سیما چەند پارچە جلێکی جێژنی لێ کڕیم. دیتم لێوی خۆی گەزت. چوا جووت گۆرەوی منداڵانەی دامەوە، گوتی پووڵەکەم دەری ناهێنێ. جێژن و منداڵ بێ گۆرەوی؟ زۆر ناخۆشە.

- خوشکم گۆرەویەکان هەر دەبێ بەری. وا دەزانم لەو سەودایەت قازانجم نەکردووە.
هەرچی گوتی نابێ، بە زۆر ڕازیم کرد بیبا. دوای دوو ڕۆژ پیاوێک هات:
- بۆچی گۆرەویت دا بە ژنێک و پووڵت نەستاند؟
- پێم خۆش نەبوو منداڵ لە جێژنەدا بێ گۆرەوی بن.
- برام تۆ دەبوو شاعیر بی؛ بۆ دوکاندار نابی. جارێکی تر کاری وا مەکە.
پووڵەکەشی دامێ.
ژنێکی زۆر بە دیمەن موحتەرەم، کاغەز و پاکەتێکی کڕی. گوتی: قەڵەمت پێیە؟
- بەڵێ.
- ئیجازە هەیە لە سەر جامخانەکەت نامەیەک بنووسم؟
- فەرموو.

نامەی بۆ مێردی نووسی کە ئەفسەرە و لە جەبهەی فەلەستینە. سوپاسی کرد و ڕۆیشت. خانمی موحتەرەم دە ڕۆیشتندا شووشەیەکی گەورەی پڕ لە شوکولاتی دابووە بن چارشێوەکەی و لێی دزیبووم!

مەلایەکی پیری پشت کۆڕی لەرزۆکی ڕیش دوفلیقانە و تەنک، لێی پرسیم: هەل عیندەکە جەوەرەبوون؟ (گۆرەویت هەیە؟). پێم فەقیر بوو؛ ویستم قازانجی لێ نەکەم. گوتم: نرخی سەت و بیست فلسە.

- وەڵڵاهی چونکە کوردی لە تۆ ناکڕم؛ دەستم دەبڕی! پاش نیو سەعاتێک هاتەوە، جنێوی دەدا:
- ئەو بەغداییە سەگبابە عەرەبی نازانن؛ کەچی گاڵتە بە من دەکەن!
- مامۆستا گیان! تۆی کە چاردە قەرن بەجێ ماوی. ئەو عەرەبیەی تۆ زۆر لە مێژە بە ڕەحمەت چووە!
- دەسا گۆڕەویەکەم دەیە!
ئەمجار سەت و سی فلسم لێ ساند!

دێتە بیرم کە تازە دەگەڵ قزڵجی لەخانەکەی بەغدا بووین، چووم برینج بکڕم، بەقاڵ گوتی: «شگەت؟». بە غار هاتمەوە لە قزڵجیم پرسی، نەیزانی. خۆم گەیاندە مام حوسێن، گوتی: یانی: چەند؟ بە قزڵجیم گوت: ئەوە عەرەبی نییە؛ گووخواردنە! گوتی: برام! ئێمە ئیحتیاجمان بەو گووخواردنە هەیە!

دەگەڵ زۆر لە دانشجوویانی شەریعەت ببوومە دۆست. شەوانە کە بچوونایەنە سینەما، فینەی سوور و جبەکانیان لە لای من دادەنا تا دەهاتمەوە. شەوێک فەقێیەکی مزگەوتێک کە ناوی عەزیز شێخانی بوو هەمان کاری کرد. نازانم چۆن بوو بەر لەوە بێتەوە، دوکان هەڵگرت و دەگەڵ برادەرێک چوومە گەڕان. سەعات دوازدەی شەو بیرم هاتەوە. گوتیان یەکێک چەند جار ەات لە تۆی دەپرسی. فەقێ عەزیز کە بێ جبە و کڵاوە، ناوێری لە درگای مزگەوت بدا و مجێور بیبینێ. وەک دز بە دیوار هەڵدەگەڕێ و لە ئاخرین خشتی دیوارەوە بەردەبێتەوە. بە خرمەکەی مجێور دەکە دەکاتەوە. جگە لە خەجاڵەتی، دە ڕۆژ لەسەر جێگە کەوت!

پەراوێز edit