ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٩٢. عەزیزی نانەوا و ئیمامی شووخوشکی
ڕۆژێک «عەزیزی نانەوا» (منداڵەکەی باسم کرد) هاتە بەر دوکان، زۆر کز بوو. گوتم: وابزانم بێ پووڵی. من چەندێکت بە قەرز دەدەمێ، دوایە بمدەوە. لەپڕ گریا؛ دەردی دڵی کرد کە لە ماڵە ئیمامی و خوشکی ناڕازییە و نایەوێ دەگەڵیان بژی. کوردە؛ سابڵاغییە؛ منداڵە؛ بەغدا لە پڕە لە سەگ و گورگ؛ چۆن بێڵم هەڵوەدا بێ؟ ڕازیم کرد کە پێکەوە بژین. وازم لە ماڵە مام حوسێن هێنا. ژوورێکم لە ماڵێکی نیزیک دوکان لە ژنێکی کۆنە ئەرمەنی تازە موسڵمان بە کرێ گرت. ناوماڵێکی قشپیلەم کڕی و دەگەڵ عەزیز تیا ژیاین. حەولی کارم بۆ دا. حەمە عەلیەکەی هاوکاری حوزنی، کاری لە چاپخانەیەک بۆ پەیدا کرد؛ ڕۆژی بە چارەگە دینارێک تا فێرەکار دەبێ. قەرار درا حقووقەکەی کۆ کاتەوە بۆ ڕۆژی خۆی و داهاتی من بەشی هەردووکمانی دەکرد. ڕۆژێک کە هاتمەوە ماڵ، بۆی گێڕامەوە کە ئیمامی گوتوویە: لای هەژار بی و نەیەوە لام، وا دەکەم، وابچێ! وا بزانم پووڵی لێم دەوێ. ڕاستی کرد؛ بە شەش دینار سەرانە، هەرا داکوژا و پارەکەم دا. ڕۆژانە من لە دوکان و عەزیز دوای کاری چاپخانە پێویستی ماڵی دەکڕی.

ئیمامی لە هەواڵانی «ژێ-کاف» بوو؛ هەڵاتبوو. ماوەیەک لە سولەیمانی دەگەڵ قزڵجی و سەمەدی - کە ئەویش هەر هەواڵێکی سابڵاغی و ئاوارە بوو- لە ماڵی شێخ لەتیف ژیابوو. ناردبووی ژنی بۆ هاتبوو. لای موهەندسێک لە بەغدا بە سەرعەمەلە دامەزرابوو. تەنیا عەیبێک کە لەو ئاوارەییەدا لێی پەیدا ببوو، خۆهەڵکێشانێکی بێتام و درۆی زل بوو. لای من دەیگوت: سەرعەمەلە نیم، هاوکاری موهەندیسم! سەعات هەشتی بەیانی، شوفێرێک بە ماشێنی ئاخر مۆدیلەوە دێ لە دوام و دەمباتە سەر کار و ئێوارەش دەمهێنێتەوە! بە هەڵکەوت دوو دینارم کەوتبووە سەر کرێکارێک، گوتیان لە مەدینەی مەنسوورە. بەیانیەکی زۆر سارد، سەعات چوار، سواری خەت بووم کە بچمە قەرز ساندنەوە. کابرایەک لە سووچێکەوە لە سەرمان هەڵدەلەرزی، کە دنیا ڕووناک بوو دەبینم ئیمامییە! ناچار بەو بەرەبەیانە ساردە، بە ئوتووبووسی شەق و شڕی تایبەتی دەرەوەی بەغدا بچێتە سەر کار!

ڕۆژێک بە بۆڵەبۆڵ هاتە لام: «بڕوانە ئەو قزڵجی و سەمەدیە سەگبابانە چییان بۆ نووسیوم؛ شەرت بێ بیانبینم بەر شەقیان دەم!». لە نامەکەدا نووسرابوو: کاکە نامەکەتمان خوێندەوە. زۆر شادین کە سازی. نووسیبووت من لە بەغدا ڕۆژێ دوو پاکەت دەخۆم. نەتنووسیبوو دوو پاکەت چ دەخۆی، تەواو نیگەرانین!

لەسەر شات و شووتی - کە لە سابڵاغ وابووە و واچووە - پۆلیس گرتی و ڕەوانەی ئێران کرایەوە.

ڕۆژێک لەپڕ زەبیحم دیتەوە کە لە ناسرییەوە ڕایکردبوو. پێک شاد و شوکور بووینەوە. ڕۆژی دوایی بەرەو سولەیمانی ڕۆیشت. دوایە بۆی گێڕامەوە کە لە سولەیمانی خۆی کردووە بە دوکانی عەلی مەدهۆشی خەیاتی شاعیردا، دوور و درێژ چیرۆکی هەڵاتنی بۆ گێڕاونەتەوە و بێری باسی کەساسی خۆی بۆ کردووە. گوتی لە جوابما هەر هێندەی گوت: «گوایە ئێستا داماوی!».

پەراوێز edit