ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٨. نرخی تەجرەبە لە ژیاندا
لە تەجرەبەی ئەو ژیانە تێکەڵ پێکەڵەمدا ئەوەندەم بۆ ڕوون بۆتەوە کە لە هەزار دۆستی بە دەم دۆست، یەکێکیان لە ڕۆژی تەنگانەدا دەهاوارت نایەن. نابێ چاوت لەوە بێ کە ئەگەر لێت قەوما، فریات کەون. ناشبێ دۆستایەتی ئەو تەرزە کەسانە نەکەی؛ دەنا بە تەنیا دەمێنیتەوە و پیاو لە دنیادا بە تەنیا ناژی. لەوانەشە لە ناو زۆراندا، بەختت بیهێنێ و ئەگەر لە هەموو تەمەنتدا دوو یان سێ دۆستی زور باشت دەس کەوێ -کە لە خۆشی و ناخۆشیدا هەر یاریکارت بێ- خۆت بە بەختەوەر بزانە! ڕۆژانێ کە لە بەغدا بووم و لەوپەڕی هەژاریدا ڕامدەبوارد، کەسانێک جار و بارە دەیانەویست، یان بە دەم دەیانگوت دەمانەوێ پووڵت بدەینێ، دەمگوت سواڵ نەکەم؛ کارم بۆ بدۆزنەوە. لەو «نامەوێ»یەی من ئیستفادەیان دەکرد، لای ناسیاوێکی من دەیانگوت: پیاوێکی کەللەشەقە، پووڵی دەدەینێ نایەوێ!

کاتێ کە دەگەڵ بارزانی گەینەوە یەک و نان و ئیحترامم پەیدا کردبوو، ئەو کەسانەی خۆیان هەڵکێشابوو کە دەیانەوێ چاکەم دەگەڵ بکەن و من قبووڵ ناکەم، کەوتمە تەجرەبە کردنیان. دەمگوت فڵان کەس! دەتوانی بە چەند دینارێک دەستم بگری؟ یان فڵانە شتم بۆ بکڕی؟ ملیان لە سوێندان دەنا کە دەستیان تەنگە!

جارێک لە «تۆپزاوا»ی کۆیە، بارزانی گوتی: عومەر دەبابە دەڵێ هەژار هیچی نەدەویست، ئیستا داوای قەڵەم و کراسم لێ دەکا؛ ئەوە چییە؟ گوتم: کاکە! لای هەموو کەس دەیگوت ئەگەر هەژار قبووڵ بکا دەیکەم بە شەریکە ماڵی خۆم؛ چونکە دەیزانی هیچم ناوێ. ئیستا کە زۆر سازم، ئەوانە تەجرەبە دەکەمەوە. نە کراسم لازمە نە قەڵەم؛ پێم خۆشە وە درۆ کەوێتەوە.

زۆر کەس خۆی کردۆتە ڕەفیقم هەر بۆ ئەوە لە چیشتخانە، من پووڵی بۆ بدەم؛ یان لە سەفەر و تاکسیدا من زووتر دەس بۆ گیرفانم بەرم. جاری وا هەبووە بۆ تاقی کردونەوە گوتوومە: دەی با مخارجی ئەمڕۆ لە سەر تۆ بێ! خۆی دزیوەتەوە و تازە نەمدیوەتەوە. خولاسە زۆر کەس بە کریان زانیوم؛ ویستوویانە بەهرە لە من بەرن و بۆ خۆیان خۆش بژین و گاڵتە بە سادەیی و خۆش باوەڕی من بکەن. لە ڕاستیشدا من لە درێژایی عومرمدا زۆر دڵساف بووم؛ باوەڕم بە هەموو کەس کردووە. زۆرم زەرەر لەو خۆشباوەڕییەدە دیوە؛ لەڵام لە ئەنجامدا هەر ڕاستی و خۆشباوڕییەکەم فریام کەوتووە و توانیومە وا بم، لە ناو زۆربەی کورد و عەرەبی ناسیاومدا ڕێزم لێ بگیرێ.

قسێکی جوان هەیە نازانم کێ گوتوویە، دەڵێ: «پیاو دوو عومری لازم بوو؛ لە یەکیاندا تەجرەبە خڕ کاتەوە، لە عومرەکەی تردا تەجرەبەکانی بە کار بێنێ»؛ کە ئەو عومرە دووبارەیەش نییە. زۆر تەجرەبەی تاڵم لە ژیاندا لە چنگ ئەوانەی بە ڕواڵەت خۆیان کردۆتە دۆستم دیوە. زۆر گورگم بە مەڕی پێغەمبەر زانیوە و دەستیان بڕیوم و بە عەقڵم پێکەنیون؛ کە نەمتوانیوە و نەمزانیوە خۆیان لە چنگ ڕزگار کەم. هەرگیز نەمویستووە منیش وەک ئەو نالەبارانە فێڵبازی بکەم و دەستی خزم و دۆست ببڕم. چونکە ڕاست بووم، خوا هەر ڕاستی هێناوەتە ڕێم. حەزم دەکرد و حەز دەکەم زۆر لەوە زیرەکتر بام و نەمهێشتبا پیاوی خوار و خێچ بە زمانی خۆش فریوم دەن و بە قازانجی خۆیان چەرخم دەن؛ بەڵام لە پاش هەزار تەجرەبەی تاڵ، چۆن بە ژیاندا بگەرێمەوە؟ !

پەراوێز edit