ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٣٨. غەیب کردنی قالە
شەوێکی تر لەو شەوانە کە هەر خۆمانە بووین و لە هەیوانی مزگەوت ڕۆ نیشتبووین، باسی ویفق و توشتە دامەزرایەوە. مامۆستا گوتی: دەڵێن لە هیندوستان دوعایەک دەزانن، کابرا هەموو کەس دەبینێ؛ کەس ئەو نابینێ؛ دیارە درۆیە.

گوتم: نەخێر ئەمە ڕاستە و دەیزانم! پێیان سەیر بوو.

- چۆنە؟ شانمان دە.

ئێشارەتێکم لە مامۆستا کرد. قادری سوختەی ناردەوە ماڵ کە قەند و چایی بێنێ و بەڵکو ئەو سیحرە ببینن. تا قادر هاتەوە تێمگەیاندن کە مرازم چییە. مامۆستا هەڵیپێچام کە دەی سیحرەکەت بکە! دەمگوت جندۆکەی کەربەدەستی ئەو سیحرە شەو لە خودا دەمخنکێنن. هەموو تێکڕا داوای پێکهێنانیان دەکرد و قالە لە هەموان شێلگیرتر بوو؛ لە بەر مامۆستا دەپاڕاوە کە زۆریم لێ پکا و ئەو سیحرە ببینێ. ئاخری دوای خۆگرتنێکی زۆر گوتم: دەبێ منداڵێکی ناباڵغ بێ ئەو سیحرەی لێ بکەم. قالە بە سوێندانەوە ڕەش دەبۆوە کە من ناباڵغم؛ درۆشی دەکرد!

قاقەزێکم هێنا چەند چوار گۆشەیەکم بێ کێشا و پڕم کرد لە ژمارە و حرووفی عارەبی، وەک: «ط» و «ظ» و «ص» و ئەمانە. قالەم بردە ژووری مزگەوت، پارچێکم لە قاقەزەکی دڕی و خستمە باخەڵی و پێم گوت: من و کەسی تریش تۆ نابینین. بەڵام ئەگەر دەنگت بێ دەزانین لە کوێی. ئەگەر ئەم پارچەیە لای خۆم بسووتێنم، تۆ وەک خۆت لێدێتەوە و دێیەوە بەرچاو.

قالە هاتەوە ناو کۆڕ؛ کەس ئاوڕی لێ نەداوە و لە منیان دەپرسی: چی لێهات؟ بۆ کوێت نارد؟ فێڵمان لێ مەکە! قالە بۆ ئەزموونی تەواو کڵاوی بە دەمەوە گرت و چووە بەردەمی مامۆستا، هەڵتروشکا و گاڵتەی پێ دەکرد!

گوتم: ناتوانین بە چاو بیبینین؛ با بە پەلەکوتێ و لاق هاویشتن حەول بدەین؛ بەڵکو دەنگی لێ دەرچێ. هەموو ڕاست بووینەوە. قالە لە ناوماندە چەقیوە. شەق دە سەرینێک هەڵدەدەین، پەل بەرەو دیوار دەکوتین و بە هەموو هێزی خۆمان شەقێک دە قالە هەێدەدەین؛ هەر قنگیش ناسووڕێنێ! ڕەنگە پتر لە سەعاتێک بەر شەقمان دا. ئەو هەر دەمی لێ خوار دەکردینەوە و لای وا بوو نایبینین. هەستمان کرد کابرایەکی گوندی بەوێدا دێت. پارچە دڕاوەکەی سیحرەکەم خستە ناو ئاگردانی سەماوەر؛ دووکەڵی هات و گوتم: ئەوەتا قالە وەک خۆی لێ هاتەوە!

ئیتر ئەو هاوینە گەمەی هەرە خۆشمان غەیب کردن و تێهەڵدانی قالە بوو کە هەموو جار خۆی دەپاڕاوە غەیبی بکەین و حەڵوای بە شەقانی بۆ بگێڕین! تەنانەت ڕۆژێک هەموومان لە بەدی وشتەپە مەلەمان دەکرد، قالەم غەیب کرد. چونکە شڵپەی لە ئاودا دەهات، لە سەر یەک تێمان هەڵدەدا تا وای لێهات دەگریا و دەیگوت:

- مامۆستا بۆ خاتری خودا بە مەلا ڕەحمان بڵێ وەک خۆم لێ بکاتەوە؛ قوونگم دێشێ!

- هەیهوو کوڕە خۆ ئەوە دەنگی خۆیەتی! دەیسا تێیهڵدەن!

ئەو دەنگ و باسی غەیب بوونە هەر لە زمانی قالەوە کەوتە ناو ئاوایی. پیاوان ترسیان ڕێ نیشتبوو نەوەکا من ئاوا خۆم غەیب کەم و خوانەخواستە بچمە جەستەی کچ و ژنیان. ناچار سیحری غەیب کردنمان بەربەست کرد.

سەیری خۆش لەوەدایە پاش چەند ساڵێک، ڕۆژێک لە شاری سابڵاغ بە مزگەوتێکا ڕادەبردم؛ دیار بوو خەڵکی زۆری لێیە. پرسیم گوتیان مەلایەک ئیجازە وەردەگرێ و شیرنی خواردنی ئەوە. چوومە ژوور دیتم هەمان قالەی سووختەکەی خۆمە جبەیەکی تازەیان دەبەر کردوە؛ ئیجازەنامەی دەخوێننەوە کە: شوکر بۆ خوا بۆتە مەلا. چووم لە پەنای دانیشتم و پیرۆزباییم لێ کرد.

گوتی: مامۆستا بیکە لە ڕاهی خودا ئەو دوعایەم فێر کە کە منت پێ غەیب دەکرد!

گوتم: جندۆکە ڕازی نابن! با پیر بی ئەو دەم تێتدەگەیەنم کە چۆنە!

پەراوێز edit