ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٣٦. داستانی دار دزین
زستانی وشتەپە زۆر سارد بوو؛ ئێمەش داری سووتانمان بۆ کوورە نەبوو. هاوارمان بۆ مامۆستا برد. گوتی: دار بە من پەیدا نابێ؛ خۆتان عیلاجی خۆتان بکەن. گوتمان مەگەر بدزین. گوتی: بدزن! چی تێدایە؟ فتوامان وەرگرت و ملمان لە داردزین نا. دوو سووختەمان هەبوون بە ناوی سەید حەسەن و قادر؛ هەر کە ئێواران دەچوونە نان چنینەوە، داری ماڵانیان هەڵدەنا و شەوانە دەچوون، یەکیان سەگس بە خۆیەوە خەریک دەکرد و ئەوی تریان داری دەدزی. داردزین گەیشتە ڕادەیەک نیر و ئامور و پنە و تیرۆکیش دەدزران و دەسووتێنران. ڕۆژانە لە مزگەوت باس هەر باسی داردزین بوو. هەموو خەڵکی دێ ئێمانیان وا بوو کە جندۆکە ئەو کارە دەکەن. دوعایان بە مەلا دەنووسی کە گێچەڵی جندۆکەیان لێ دوور خاتەوە.

ماڵە عەلیاغای دێلخانی و هەموو ماڵە ئێلخانی، مریدی زۆر دڵگەرمی شێخ حیسامەدینی تەوێڵە بوون. یەک لە خەلیفەکانی تەوێڵە بە ناوی خەلیفە محەممەد -بۆ بەرەکەت- لەو دێیە دەژیا. خوا هەڵناگرێ هەموو دنیا بگەڕێی دوانی وا خوێنتاڵ و مڕومۆچ و خۆبەزلزانت دەست ناکەوێ. بە ڕاستی لە شەیتانمان ناخۆشتر دەویست. ئێوارەیەک کە سەید حەسەن لە نان چنینەوە هاتەوە گوتی: کوڕینە! کاریتەیەک بە سەر دیواری ژوورێکی سەردانەپۆشراوی خەلیفە ڕایەڵ کراوە، بەشی ئەم زستانەمان دەکا؛ بەڵام هێنانی کاری کەسیک و دوان نییە. شەو ماڵ نوستنان هەر شەشمان چووین و کاریتەکەمان بە نقەنق کێشایە حوجرە و سەماوەری تەنەکەمان جۆش دا و ڕە بیور وەرگەڕاینە کاریتەبۆر و تا مەلابانگدان هەموومان کردە قەڵاشکەری سۆپە و لە حوجرەیەکی چۆڵی تەنیشتمانەوە لە سەر یەکمان کەڵەکە کرد. حوجرە لە سەر ڕێگەی مزگەوت بوو. تازە دەمانویست بخەوین، خەلیفە لە مزگەوت هاتە دەر و دوو سۆفی دەگەڵ؛ ڕاست ڕوو بە حوجرە هات. یەکێکمان کە مەلا محەممەدی کوڕی مەلا عەلی حەمامیان و برازای مامۆستا بوو گوتی: ئێوە خۆتان دە خەو کەن، خەلیفە بە کاریتە دزینەکەی زانیوە؛ لێمان تووڕەیە. تەنیا ن بە نەرمی و زمانی خۆش جوابی دەدەمەوە. بەڵکو دەست هەڵگرێ و شکاتمان لێ نەکا.

خەلیفە بەر لە هەر شت چووە حوجرە چۆڵەکە و دەستی کرد بە تەق و هۆڕی دار بە سەریەکداندا. ئەوسا هاتە ژوورەوە و گوتی:

- فەقێ! ئێوە خۆتان بە موسڵمان و خزمەتکاری قورعان دەزانن؛ عەیب ناکەن دزی دار دەکەن؟

مەلا محەممەد -کە نسحەتی ئێمەی کردبوو- سەری لە بن لێفە هەڵێناو بێ سێ و دوو گوڕاندی:

- هەی ڕیش کلکەسەگی سەگباب! وات لێ هاتووە قسەی سووک بە فەقێ بڵێی؟ هەستم هەزار شەقت تێهەڵدەم؟ !

خەلیفە دەمی بوو بە تەڵەی تەقیو. «ماڵ بریا و بە کۆی زوخاڵ بێ». هەر دەرپەڕی و سۆفی بە شوێنیدا پەل بوون و بە بۆڵەبۆڵ بەرەو ماڵی ئاغا ڕۆیشتن. بەختی ئێمە مامۆستا لە حەوشە دەسنوێژ دەشتوا و پرتەوبۆڵەی خەلیفە دەبیستێ.

- ها خەلیفە گیان! خێرە؟

- بەڵێ فەقێکانت کاریتەیێکیان بێ دزیوم کە بە کوڕێکم نەدەدا. سەرباریش ئەوی خراپە پێیان کردووم. دەچمە لای عەلیاغا، ئەگەر حورمەتی شێخی تەوێڵەی لە لا بێ، دەبێ ئەوانەم بۆ تەنبێ کا.

مامۆستا بە زمانی خۆش خەلیفە خاو دەکاتەوە کە خۆی تۆڵەی بۆ دستێنێ. مامۆستا بە خەلیفەوە هاتنە سەرمان. دەمی کردوە و چاوی قوچاند، هەزار جنێوی دا:

- ڕوو ڕەشینە! چۆن فەقێ دزی دەکا؟ ئەویش لە پیاوێکی وا ممبارەک!

سەری خۆمان داخست و ملمان حیز کرد؛ متەقمان لە بەر نەهاتە دەر. جوێن و هەڕەشەس مامۆستا -کە بەم زستانە دەرتان دەکەم- گەیشتە ڕادەیەک کە خەلیفە گوتی: قوربان! من گەردنیان ئازا دەکەم؛ تۆش بیانبەخشە. خەلیفە ڕۆیشت؛ بەڵام مامۆستا لە جنێودان و لۆمە کردن دەستی هەڵنەدەگرت. گوتم: قوربان! خۆت فەرمووت دار بدزن قەیدێ ناکا. لەپڕ لە قاقای پێکەنینی دا، گوتی: ئەگەر وا بێ جندۆکەکەی دارەدزیش هەر ئێوە بوون! خوا بتانگرێ، پنە و نیر ئاموریشتان دزیوە؟ ئەمما وەڵڵاهی کاری چاکتان هەر ئەوە بووە کە داغتان بە دڵی ئەو خەلیفە سەگبابەوە ناوە. دا سۆپەی لێ نێڵ دەن با خۆم گەرم کەمەوە!

ئیتر بۆ خەڵکی ئاواییش ساغ بۆوە کە جندۆکەی داردز لە حوجرەی فەقێیانەوە سەری هەڵداوە.

پەراوێز edit