«لە پاش ساڵێ، سڵاماڵێ»، من تازە کەم کەمە تامێکم لە خوێندن دەکرد. لەو سەردەمانەشدا وەک دەڵێن خەریکی خۆناسین و بۆڕبوون بووم، دڵم چووبووە سەر کیژێک کە عەرز و عاسمانی لە بیر بردبوومەوە. دەڵێن عیشقی ئەفلاتوونی درۆیە؛ بەڵام باوەڕ دەکەی یان ناکەی، بە هیچ جۆرێک ئارەزووی جنسیم دەگەڵ ئەو کیژە نەبوو. هەر پێم خۆش بوو بیبینم و هیچی تر. قەت لە بیرم نەدەچوو؛ گڕێ چرام دەدی، گوێم لە دەنگی خۆش دەبوو، چاوم دەبڕیە ئەستێرەی عاسمان، مانگ، دەسبەجێ دیداری ئەوم دەهاتەوە بەر چاو. ئاخم هەڵدەکێشا و فرمێسکم دادەباری. قەت ورەی ئەوەشم نەبوو پێی بێژم تۆم خۆ دەوێ؛ چونکە ئەو زۆر نازدار و کۆک و پۆشتە و بابی دەوڵەمەند و من فەقیر بووم. ئەگەرچی بە ڕواڵەتیش زۆر دۆست بووین و زۆرم لە ماڵی ئەوان ڕادەبوارد، بەڵام هیچم نەدرکاند. خولاسە عیشقی پاک و خاوێنم بەسەردا هات و ڕابرد و پاش چەند ساڵ ئەم ئاگرە دامرد و کوژایەوە.