ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٢١. ڕاپەڕینی مەلا خەلیل
ڕۆژێکی زستان و بەفر بوو؛ وەخت چێشتەنگاو بوو؛ لە پڕ بۆ هەوەڵ جار لە ژیانی ئێمە منداڵاندا گوێمان لە دەنگی تۆپ و ئاگربار بوو، کە بە ئاگرباریان دەگوت «شێستیر». مامۆستا ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا، هەر تفی قووت دەدا. خاتوامان بەربووە سنگ کوتان و هاوار؛ ئەمەش وێکڕا وەک دەستەی سیمفۆنی بە یەک هەوا دەستمان کرد بە گریان. مامۆستا بە دەنگێکی گڕی گریاناوییەوە فەرمووی بڕۆنەوە ماڵ. هەر کەس بە گریان، بە بێ ئەوە بزانێ بۆ دەگری، بەرەو ماڵ هاتینەوە. کارەساتم بۆ بابم گێڕاوە. پێکەنی و گوتی:

لەشکەری مەلا خەلیل -کە دژ بە دوەڵەتە و مەلا نایەوێ کڵاوی پەهلەوی لە سەر موسوڵمانان بنێن و کافریان کەن! - گەیشتوونەتە بڵندایی دەوری شار و دەوڵەت بە تۆپ و شێستیر دایگرتوون. بەڵام خوا مەلا خەلیل سەرکەوتوو بکا، ئیشاڵڵا دەرەقەتی نایەن.

بابم و زۆر لە برادەرانی -کە میوانمان دەبوون- دوعای سەرکوتنی مەلا خەلیلیان دەکرد و دەیانگوت خوا ڕوحم بە موسڵمانان بکا و لەو کافرانە ڕزگارمان بێ. بەڵام بەو حاڵەش چونکە جارێک لە شەڕی شکاکاندا دەستی بە زاخاودا چووبوو، ماڵ و نەغدینەی خۆی شارئەوە؛ نەوەک مەنگوڕی لەشکری مەلا خەلیل تاڵانی کەم. من ئەو کاتە تەمەنم حەوساڵان بوو. لە قسەی بابم و میوانانەوە مەلا خەلیلی کوردم خۆش دەویست و ڕقم لە دەوڵەت هەڵدەستا. لە ژووری ماڵدا دەگەڵ خۆم گوێزێنم دەکرد؛ پێکم دادەدان. هەر گوێزێک بشکایە دەمگوت ئەوە عەجەمە شکا و دوعام دەکرد یاخوا هەر بشکێن و مەلا خەلیلی کورد سەرکەوێ. مەلا خەلیل و مەنگوڕی لەشکری، خۆیان زۆر بۆ نەگیرا و شکان. سپای دەوڵەت لە یاریدەی هۆزەکانی گەورک و مامەش، وڵاتەکەی داگیر کردنەوە و هەرچی وە بەر پەلی هات بە تاڵانی برد و چەند ئاغایەکی مەنگوڕیشی بە دیل گرت و لە زیندان توند کرد. کتێبخانەی مەلا خەلیل لە بازاڕی سابڵاغ هەڕاج کرا. بابم زۆر لەو کتێبانەی کڕیەوە و خزمەکانی مەلا خەلیلی ناردەوە.

لەو قوتابخانەدا «جزمی عەممەی تەبارەک»، «سمایل نامە و ناگەهان»، «یاقیدەی شێخ سەمیع» و «ئەحمەدی شێخ مارفی نۆدێیی»م خوێند.

پەراوێز edit