ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٢٠. شووڵی سەر کۆش و پەتی فەلاقە و...
مامۆستا لە لای سەرووی قوتابخانە، یان بڵێم دووکەڵدانەکەوە دادەنیشت. دوو شووڵی دێژی لە سەر کۆش بوو. چاوی دەگێڕا کێ لە ئێمە چاوی بە سەر سیپارەدا چڕ نەکردووە، بە بێ ئەوە هەستێ، شووڵێکی تێ دەسرەواند و جوێنێکی حەواڵە دەکرد. دارێکی کەوانی، پەتێکی تێ خرابوو لە پشت سەریەوە بە گرێی کۆڵەکەیەکەوە هەڵواسرابوو، ناوی «فەلاقە» بوو. هەر منداڵێک هاروهاجی بکردایە، پەتی فەلاقەی لە لاقی بادەدرا و یەکێک لە ئێمە دەیگرت و قاچی گوناهباری بەرز دەکردەوە؛ مامۆستا بە شووڵی بەڕ وەردەگەڕا بەری پای و هاوار و زیڕەی لێ هەڵدەستاند. منداڵێک میزی هاتبا، دەبوو قامک بەرز کاتەوە و بڵێ دەچمە سەراوێ. هەقی دەرچوونیش بۆ میز کردن دەبوایە بەری دەستی پان ڕاخا و مامۆستا شووڵێکی لە بەری دەستی بدا ئەوسا بچێتە دەر. زۆر زوو عادەتمان بە ئێشی شووڵ کرت و ڕۆژێ دوو سێ جار داوای چوونە سەراومان دەکرد کە هیچ نەبێ تاوێک لە خوێندن خۆ بدزینەوە.

هەر کە مامۆستا بە فەرمانی خاتوامان دەبوو بچێتە بازاڕ و کەلوپەل بکڕێ، سەرمان لە سەر سێپارە لا دەبرد و هەر کە خاتوامان چەمبووڵێکی بەرەوپشتی مامۆستا حەوالە دەکرد، دەمانزانی وچانی خوێندنە؛ دەمانکردە چەقە و هەرا. گاڵتەی هەرەخۆشمان مێش گرتن بوو. خوا نەیبڕێ چندی خوا حەز کا مێش هەبوو. نەخافڵ مێشێکمان دەقۆزتەوە، یان بەلەکمان هەڵدەماڵی و تفمان دەکرد و داوە بەنێکمان لە سەر گوێزینگ بە هەر دوو دەست ڕادەگرت. مێش لە جی تف دەنیشت، هێدی هێدی بەنەکەمان بەرەو ژوور دەخزاند و لاقی نێش بە تەڵەوە دەبوو؛ دەمانگرت. پووشکەیەکی باریکی حەسیرمان دەکنگی دەچەقاند و بەرەڵامان دەکرد و کێبەرکێمان بە مێشی کلک حەسیر دەکرد و دەتریقاینەوە. تا مامۆستا دەهاتەوە، بە سەدان لەو مووشەکە مێشانە لە ژوورەکە سووڕیان دەخوارد. زۆر جار دار و فەلاقە لەسەر ئەو مووشەک فڕاندنە وەکار دەکەوت.

پەراوێز edit