ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەی کەسێکی جلکت بەسەر خۆ داداوە!
(٢) ڕابە، ترس وەبەر بێنە.
(٣) ڕاشگەیێنە کە پەروەرندەت مەزنە.
(٤) بەرگیشت خاوێن ڕاگرە.
(٥) لە ھەرچی ناپاکە دوور بە.
(٦) مەشبەخشە و پێت وا بێ بۆشە.
(٧) بۆ خاتری پەروەرندەت خۆڕاگر بە.
(٨) ھەر کاتێکیش دە کەڵەشاخ دەمێندرا،
(٩) ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی تووشە؛
(١٠) بۆ بێدینان نە ھاسانە.
(١١) تۆ لێم گەڕێ بۆ ئەو کەسەی من تەنیا وەدیم ھێناوە؛
(١٢) دارایی فرەشم دایە؛
(١٣) چەند کوڕێکیش کە ئاگاداریی لێ دەکەن؛
(١٤) ھەموو کارێکم بۆ ڕێک خست؛
(١٥) ھێشتا ھەر چاوی لەوەیە بۆی پتر کەم.
(١٦) ھەرگیز؛ چون بۆ نیشانانمان لاسار بووە.
(١٧) تووشی ئازارێ وای دەکەم، پێی ھەڵبچێ.
(١٨) ئەو ھەر ڕاما و ھەڵیسەنگاند.
(١٩) ئەی مەرگی بێ؛ خۆی چۆنی لێکداوەتەوە؟
(٢٠) دیسان نەژی؛ چۆنی بۆ چوو؟
(٢١) لەپاشانا تواشای کرد.
(٢٢) ئەوسا کە ڕووی گرژ کرد و ترش ھەڵگەڕا.
(٢٣) لەپاشان پشتی ھەڵکرد و فیزی نواند.
(٢٤) ئەوسا گوتی: ئەم قورعانە - ببێ و نەبێ - جادووێکە لەکۆنەوە دەیگێڕنەوە.
(٢٥) ببێ و نەبێ، ئەمە ھەر وتەی مرۆیە.
(٢٦) بەم زووانە دەیھاوێمە دۆزەقەوە.
(٢٧) کوا ئەزانی دۆزەق چییە؟
(٢٨) نە دەھێڵێ و نە واز دێنێ.
(٢٩) پێستی مرۆ ڕەشەو دەکا و دەبرژێنێ.
(٣٠) نۆزدە فرشتەی لەسەرن.
(٣١) ئێمە بێژگە لە فریشتان، کەسمان نەکردۆتە کاربەدەستی ئاگر. بۆیەش ژمارەکەمان وا داناوە تا خودانەناسان بئەزمووین. تا ئەوانەی کە کتێبیان پێ دراوە، ھیچ گومانێکیان نەمێنێ. تا ئەوانەش بەباوەڕن، باوەڕیان لە زێدەیی بێ؛ ئەو کەسانەش کە کتێبیان پێ دراوە و باوەڕداران، دوودڵ نەبن. تا ئەوانەی دەغەزێکیان لەدڵدایە و ئەوانەی خودێنەناسن، بێژن: خودا لەم نموونە نیشان دانە چەی ویستگە؟ ئاوا خودا ھەرکێی بوێ گومڕای دەکا و کێی بوێ شارەزای دەکا. پێشمەرگەی پەروەرندەی تۆش - لە خوا بەدەر - کەس ژمارەیان نازانێ. باسی دۆزەق ھەر بەتەنیا بۆ بیرەوەری مرۆیە.
(٣٢) نەچن باوەڕی پێ نەکەن؛ سوێند بەم ھەیڤە؛
(٣٣) بەو شەوگارەش کە ڕادەکا،
(٣٤) بەو سپێدەی ڕووبەندی خۆی وەلا دەدا،
(٣٥) ئەم ئاگرە یەک لە بەڵا گەورەکانە؛
(٣٦) ترس وەبەر مرۆ ھێنە.
(٣٧) کێ لە ئێوە مەیلی لێ بێ بێتە پێشێ، یان بگەڕێتەوە دواوە.
(٣٨) ھەموو کەسێک لە گرۆی کردەی خۆیدایە.
(٣٩) جا مەگین دەستە ڕاستیەکان،
(٤٠) لەناو باخان پرسێ لە یەکتری دەکەن،
(٤١) سەبارەت بە گوناھباران:
(٤٢) چی ئێوەی دە دۆزەق کێشا؟
(٤٣) ئێژن: ئێمە لەڕێزەی نوێژکەران نەبووین؛
(٤٤) خۆراکیشمان بە ھەژاران نەدەبەخشی؛
(٤٥) لە کۆڕی ھەرزەبێژاندا، ئێمەش لە ھەرزەوێژان بووین؛
(٤٦) باوەڕیشمان بە ڕۆژی سەڵایە نەبوو؛
(٤٧) تا مردنمان لێ میوان بوو.
(٤٨) ئیتر تکای تکاکاران، ھیچ بەھرەیەکیان بۆ نادا.
(٤٩) چییان بوو، لە وەبیرھێنەوە ڕەوینەوە؟
(٥٠) دەتوت ئەوان گۆڕەخەرگەلی ڕەڤۆکن،
(٥١) کە لە ترسی شێر ھەڵاتوون.
(٥٢) بەڵکوو ھەریەک لەوانە وایان گەرەک بوو نامەی وەکریی بۆ بێنن.
(٥٣) ھەرگیز، بەڵکوو لە ڕۆژی پەسڵان ناترسن.
(٥٤) ھەرگیز، دیارە ئەم قورعانە بیرھێنەرە.
(٥٥) کێ کەیفی لێ بێ وەیخوێنێ.
(٥٦) ھیچ کەسیش نایخوێنێتەوە مەگین خودا مەیلی لێ بێ. خودا شیاوی لێ ترسانە و بۆ خەتابەخشیش ھێژایە.

پەراوێز edit