ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەی ئەو کەسەی خۆت بە جلکان داپۆشیوە!
(٢) شەو ھەستەوە؛ مەگین کەمێ،
(٣) لە نیمەکەی؛ یان کەمێکی لێ دابڕە؛
(٤) یان کەمێکی دەسەر بخە. ئەم قورعانەش بە لەسەرخۆیی بخوێنە و بە ڕەوانی.
(٥) بەم زووانە ئێمە وتارێ گرانت دەخەینە سەر.
(٦) شەونخوونی بۆ ڕامانێ جێدارترە و بۆ وتاریش لەبارترە.
(٧) لە ڕۆژیشدا مەودای ھاتوچۆت درێژە.
(٨) ھەر ناوی پەروەرندەی خۆت بە یاد بکەو لە غەیرەز ئەو، لە ھەموو شت بتەکەوە.
(٩) پەروەرێنی خۆرھەڵات وخۆراوایە؛ بە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. ھەر ئەو بریکار بگرە.
(١٠) بۆ ئەو قسانەش کە ئەیکەن، خۆڕاگر بە. لێشیان لادە؛ بە لالێدانێکی پەسند.
(١١) لە منیش گەڕێ دەگەڵ ئەو بێباوەڕانەی نازپەروەردە. تۆش مەودایەکیان بدەیە.
(١٢) بێ سۆ زەنجیری سەنگین و جەھەندەم لە لای ئێمەیە.
(١٣) خۆراکێکی گەرووگریش، ئازارێکی زۆر بەژانیش.
(١٤) لەو ڕۆژەدا بۆم ئەلەرزێ و کەژ دەھەژێن، کێوەکان دەبنە گردولکەی ڕەمڵی خزۆک.
(١٥) ئێمە پێغەمبەرێکمان بۆ ئێوە کل کرد، شایەت بێ بەسەرتانەوە؛ ھەروەک بۆ ئالی فیرعەون پێغەمبەرێکمان بەڕێ کرد.
(١٦) فیرعەون بەیا پێغەمبەرەکەی نەدەکرد؛ ئەوسا ئێمەش ئازارێکی بەژانمان دا.
(١٧) سا ئەر ئێوە ھەر بە بێدینی مانەوە، چلۆن خۆتان دەپارێزن لەو ڕۆژە وا منداڵەکانیش پیر دەکا.
(١٨) عەزمانی پێ شەقار دەبێ. بەڵێنی خواش ھەر دێتە جێ.
(١٩) ئەم قوڕعانە بیرەوەرییەکە [بۆمەردم]؛ کێ حەز بکا، بەرەو پەروەرندەی خۆی ڕێگە دەر دەکا.
(٢٠) پەروەرندەت ئاگادارە کە تۆ و ھێندێک لەو کەسانەی دەگەڵ تۆدان، نزیک دوو بەش لە سێ بەشی ئەو شەوگارە و نیوەیی و سێ یەکیشی، بۆ شەونوێژان ھەڵدەستنەوە. ھەر خوداشە کە ئەندازە بۆ شەو و ڕۆژان دادەنێ. ئەو دەزانێ ھەرگیز بۆتان ناژمێردرێ. ئەوا چاوپۆشیی لێ کردن. دەسا ھەر لە قورئانەکە - چەندی بۆو دەلوێ - بخوێنن. خوا دەیزانێ ھێندێکوو نەخۆش دەکەون؛ ھێندێکیشتان بۆ بژیوێ خودا بیدا، بەوڵاتا بڵاو دەبن؛ کۆمەڵێکیش لە ڕای خودا دەچنە خەزا؛ سا چەندی بۆتان بووز دەخوا، لێی بخوێنن. نوێژبکەن و زەکات بدەن و ماڵی خۆتان بە دەستەواو - بە دەستەواوێکی پەسند - بدەن بە خوا. ھەر پێش بارێ بەڕێی بکەن، باشترەکەی لای خودا پێو دەگاتەوە؛ وێڕای پاداشی گەورەتر. ھەر بووردن لە خوا بخوازن؛ خوا لە گوناھان خۆش دەبێ و دلۆڤانە.

پەراوێز edit