ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئێمە نووحن بەڕێ کردە لای ھۆزەکەی، کە: ھۆزەکەت بترسێنە بەر لەوە تووشی ئازاری بەژان ببن.
(٢) وتی: گەلۆ! من بۆ ئێوە ترسێنەرێکی ئاشکرام و [پێو ئێژم]:
(٣) خواپەرستی بکەن و لێی بترسن و بە گوێم بکەن.
(٤) لە گوناھانو دەبورێ و دەتانھێڵێ تا ماوەیێ دیاری کراو؛ چون ھەرگا خوا ئاکامی ھات، وە دوا ناخرێ، بریا ئەوەتان زانیبا.
(٥) وتی: ئەی پەروەرندەی من! بە شەو و ڕۆژ بانگم کردن،
(٦) بەڵام بە بانگ کردنی من، پتر لە پێشوو ڕەوەک بوون.
(٧) ھەرچەندی من تێم گەیاندن، کە تۆ لە گوناھیان ببووری، گۆشی خۆیان بە تبلەکانیان ئاخنی و خۆیانیان دە جلکان پێچا و پێیان داگرت و خۆیانیان زۆر بە زل زانی.
(٨) ھەمیسان بە دەنگی بەرز بانگم کردن.
(٩) لە دواییشدا، بە ئاشکرا و پەنامەکی تێم گەیاندن.
(١٠) ھەر پێم گوتن: داوای بوردن لە پەروەرندەتان بکەن؛ ئەو بێگومان زۆر لێبورە.
(١١) تا لە حەواوە بارانێک پەڵەدەرتان بۆ بنێرێ.
(١٢) بە دارایی و بە کوڕانیش یاریو بدا و باغاتوو بۆ پەیدا بکا و جۆبارتان بۆ وەدی بێنێ.
(١٣) چۆن لە شکۆی خوا ناترسن؟
(١٤) کەچی ئێوەی پلەپلە وەدی ھێنا.
(١٥) ئاخۆ بە چاو نەتاندیوە چتۆ خودا حەو بەرزاییی - توێ لەسەر توێ - ئافراندووە؟
(١٦) لەناویاندا ھەیڤی تریفەدار کرد و خۆریشی کردە چرایەک.
(١٧) ھەر خودایە ئێوەی لەم زەمینە ڕواند، بە ڕواندن.
(١٨) پاشان دەوباتەوە ناوی و دیسان دەروو دەکاتەوە، بە دەرکردن.
(١٩) ھەر خودایە ھەردی بۆ کردوون بە ڕایەخ؛
(٢٠) کە ھوون لە ڕێگە پان و بەرینەکانا، بێن و بچن.
(٢١) نووح وتی: ئەی پەروەرندەم! ئەمانە لە من یاخی بوون؛ ئەمانە شوێن کەسێ کەوتوون کە سامان و فرزەندانی - غەیرەز زەرەر - ھیچی لەوان زێدە نەکرد.
(٢٢) فێڵیشیان کرد؛ بەڵام فێڵێکی جانانە.
(٢٣) وتووشیانە: لەوانەی پەرستووتانن مەتەکنەوە و ھەرگیز لە «وەدد» و لە «سواع» دەس بەر مەدەن؛ لە «یەغوس» و «یەعوق» و «نەسر»یش ھەر وەتر.
(٢٤) زۆریشیان گومڕا کردووە؛ دە تۆش - بەجگە لە گومڕایی - ھیچێ لەم ستەمکارانە زێدە مەکە.
(٢٥) بەرانبەر بە گوناھەکانیان، بە ئاو خنکان؛ ئەوسا خرانە ناو ئاگر. ئیتر لەم خودایە بەدەر، یاریدەریان پەیدا نەکرد.
(٢٦) نووحیش وتی: پەروەرندەم! لەم سەر ھەردە ئەوکەسانەی تۆ ناناسن، جووقەواریان لێ مەھێڵە.
(٢٧) چونکە ئەگەر بیانھێڵی، عەبدانت گومڕا دەکەن و ھەر زارۆیەکیشیان ببێ، تاوانبار و سپڵە دەبێ.
(٢٨) پەروەرێنم! من و داک و بابی من و ئەوانەی بە باوەڕەوە لە ماڵمدان و پیاوەکان و ژنەکانی خاون باوەڕ عەفوو بکە و ناھەقانیش بە جارێ تەرت و توونا کە.

پەراوێز edit