شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: نووح وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئێمە نووحن بەڕێ کردە لای ھۆزەکەی، کە: ھۆزەکەت بترسێنە بەر لەوە تووشی ئازاری بەژان ببن. (٢) وتی: گەلۆ! من بۆ ئێوە ترسێنەرێکی ئاشکرام و [پێو ئێژم]: (٣) خواپەرستی بکەن و لێی بترسن و بە گوێم بکەن. (٤) لە گوناھانو دەبورێ و دەتانھێڵێ تا ماوەیێ دیاری کراو؛ چون ھەرگا خوا ئاکامی ھات، وە دوا ناخرێ، بریا ئەوەتان زانیبا. (٥) وتی: ئەی پەروەرندەی من! بە شەو و ڕۆژ بانگم کردن، (٦) بەڵام بە بانگ کردنی من، پتر لە پێشوو ڕەوەک بوون. (٧) ھەرچەندی من تێم گەیاندن، کە تۆ لە گوناھیان ببووری، گۆشی خۆیان بە تبلەکانیان ئاخنی و خۆیانیان دە جلکان پێچا و پێیان داگرت و خۆیانیان زۆر بە زل زانی. (٨) ھەمیسان بە دەنگی بەرز بانگم کردن. (٩) لە دواییشدا، بە ئاشکرا و پەنامەکی تێم گەیاندن. (١٠) ھەر پێم گوتن: داوای بوردن لە پەروەرندەتان بکەن؛ ئەو بێگومان زۆر لێبورە. (١١) تا لە حەواوە بارانێک پەڵەدەرتان بۆ بنێرێ. (١٢) بە دارایی و بە کوڕانیش یاریو بدا و باغاتوو بۆ پەیدا بکا و جۆبارتان بۆ وەدی بێنێ. (١٣) چۆن لە شکۆی خوا ناترسن؟ (١٤) کەچی ئێوەی پلەپلە وەدی ھێنا. (١٥) ئاخۆ بە چاو نەتاندیوە چتۆ خودا حەو بەرزاییی - توێ لەسەر توێ - ئافراندووە؟ (١٦) لەناویاندا ھەیڤی تریفەدار کرد و خۆریشی کردە چرایەک. (١٧) ھەر خودایە ئێوەی لەم زەمینە ڕواند، بە ڕواندن. (١٨) پاشان دەوباتەوە ناوی و دیسان دەروو دەکاتەوە، بە دەرکردن. (١٩) ھەر خودایە ھەردی بۆ کردوون بە ڕایەخ؛ (٢٠) کە ھوون لە ڕێگە پان و بەرینەکانا، بێن و بچن. (٢١) نووح وتی: ئەی پەروەرندەم! ئەمانە لە من یاخی بوون؛ ئەمانە شوێن کەسێ کەوتوون کە سامان و فرزەندانی - غەیرەز زەرەر - ھیچی لەوان زێدە نەکرد. (٢٢) فێڵیشیان کرد؛ بەڵام فێڵێکی جانانە. (٢٣) وتووشیانە: لەوانەی پەرستووتانن مەتەکنەوە و ھەرگیز لە «وەدد» و لە «سواع» دەس بەر مەدەن؛ لە «یەغوس» و «یەعوق» و «نەسر»یش ھەر وەتر. (٢٤) زۆریشیان گومڕا کردووە؛ دە تۆش - بەجگە لە گومڕایی - ھیچێ لەم ستەمکارانە زێدە مەکە. (٢٥) بەرانبەر بە گوناھەکانیان، بە ئاو خنکان؛ ئەوسا خرانە ناو ئاگر. ئیتر لەم خودایە بەدەر، یاریدەریان پەیدا نەکرد. (٢٦) نووحیش وتی: پەروەرندەم! لەم سەر ھەردە ئەوکەسانەی تۆ ناناسن، جووقەواریان لێ مەھێڵە. (٢٧) چونکە ئەگەر بیانھێڵی، عەبدانت گومڕا دەکەن و ھەر زارۆیەکیشیان ببێ، تاوانبار و سپڵە دەبێ. (٢٨) پەروەرێنم! من و داک و بابی من و ئەوانەی بە باوەڕەوە لە ماڵمدان و پیاوەکان و ژنەکانی خاون باوەڕ عەفوو بکە و ناھەقانیش بە جارێ تەرت و توونا کە. ++++++++++++++++++++++