ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) بە ئەستێرە کاتێ بەرەو ئاسۆ دەخزێ،
(٢) یارەکەتان نە گوم بووە، نە ڕێشی ھەڵە کردووە.
(٣) بە ئارەزووی خۆی ناخێوێ.
(٤) ھەرچی ئێژێ، لە خواوە تێگەیەنراوە.
(٥) فرشتەیێ فرە توانا فێری کرد.
(٦) فرشتەیێ بەئاوەز و فرە زانا، کە بە شکڵی خۆی ڕاوێستا.
(٧) [ھەوەڵ جارێ] لە ئاسۆی ھەرە بەرز بوو؛
(٨) لە پاشا نزیک کەوتەوە و شۆڕەوە بوو؛
(٩) بەقەد ماڵی دووکەوانان یا نزیکتر؛
(١٠) ئەوسا خودا ھەر مەبەستێ کە وا ویستی بە عەبدی خۆی ڕای گەیەنێ، پێی ڕاگەیاند.
(١١) دڵی ئەو ھەر چی دیتوویە، درۆ نەبووە.
(١٢) ئاخۆ لەسەر ئەوی دیویە ئێوە کێشەی دەگەڵ دەکەن؟
(١٣) بێ گومانە جارێکی دیکەشی دیوە، کە ئەوساکەش داپەڕیوە؛
(١٤) لەلای دارەکنارەکەی ئەو پەڕەوە،
(١٥) کە لەپاڵ شوێنی بەھەشتە.
(١٦) لە کاتێکا کنارەکە دای پۆشیوە، ئەوی کە دەبێ دای پۆشێ.
(١٧) سۆمای لێ نەگوێزتۆتەوە و ھیچ ڕەشکە و پێشکەشی نەکرد.
(١٨) دیارە زۆریش لە نیشانە گەورەکانی پەروەرندەی خۆی دیتوە.
(١٩) ئاخۆ ئێوە ھەر لات و عوززاتان دیوە؟
(٢٠) سێھەمیشیان کە مەناتە و یەکێ تر لە بوتەکانە؟
(٢١) ئاخۆ زارۆی ئێوە نێرە و خواش کیژی ھەس؟
(٢٢) ئەگەر وا بێ، بەش کردنێ ناڕەوایە.
(٢٣) تەنیا ئەوانە چەند ناون کە ئێوە و باب و باپیرتان، ئەوانەتان پێ ناوناون و خوداش ھیچ بەڵگەی پتەوی لەمەڕ ئەوانەوە نەنارد. ھەر وەدووی گومان دەکەون و ئەوەی کە دڵیان دەخوازێ؛ کە چی لەلای پەروەرندەی خۆشیانەوە ڕێگەیان نیشان دراوە.
(٢٤) ئاخۆ مرۆ چی ئارەزوو کا، بۆی پێک دێ؟
(٢٥) ئاخرین و ھەوەڵینیش ھەر بۆ خودان.
(٢٦) لەو ھەموو عاسمانانەدا، چەند بە چەند فریشتە ھەیە؛ کەسیان تکای لێ ناگیرێ؛ مەگین کەسێ دوایی خودا ئیزنی بدا و تکا بۆ کەسێکی بکا کە خۆی حەز کا و پێ ڕازی بێ.
(٢٧) ئەو کەسانەی بڕوا بە پاشەڕۆژ ناکەن، فرشتەکان بە ناوی کچان ناو دەبەن.
(٢٨) کە ھیچیشیان لێ نازانن؛ ھەر وەشوێن گومان دەکەون و گومانیش جێی ڕاست ناگرێ.
(٢٩) تۆ لەو مرۆیە واز بێنە کە لە یادی ئێمە کردن، خۆ دەبوێرێ و بەدەر لە ژینی دنیایە، ھیچی تری نەویستووە.
(٣٠) ھەر ئەوندەی لێ دەزانن. پەروەرندەت زاناترە کە کێ ڕێگەی لێ تێکچووە و کێش لەسەر ڕێگەی ئەو چووە.
(٣١) ھەر چی لە ناو عاسمانەکان و زەمیندان، گش بۆ خودان؛ تا سزای ئەوانە بدا کە خراپەیان کردووە و چاکەی باشیش دەربارەی کارچاکان بکا.
(٣٢) ئەوانەی خۆیان دوور دەگرن لە گوناھانی مەزن و کاری کرێت؛ مەر گوناھی وردیلە بێ. پەروەرندەت بەخشینی زۆر بەرفرەھە و ئەویش ئێوە لە خۆتان باشتر دەناسێ؛ وەختێ ئێوەی لەم ھەردە پەیدا کردووە، کە دەپێشدا پیزەیەک بوون لە ناو زگی دایکەکانتان. ھیچ پاکانەی خۆتان مەکەن؛ بۆ خۆی باشترتان دەناسێ کە کێ لە خودا ترساوە.
(٣٣) ئاخۆ تۆ ئەو مرۆیەت دی کە پشتی ھەڵکرد و ڕۆیی؟
(٣٤) کەمی بەخشی و چرووکی کرد.
(٣٥) ئاخۆ بە نەدیار دەزانێ و خۆی دەبینێ؟
(٣٦) یان لەوە ئاگا نەکراوە، لە ڕووپەرەکانی مووسا چی نووسراون؟
(٣٧) یان ئیبڕاھیم، کە ئەرکی خۆی بە تەواوی بەجێ ھێنا؟
(٣٨) کە کەس ئۆباڵی کەسی تر وەستۆ ناگرێ؛
(٣٩) مرۆ بۆ خۆی خەبات نەکا، ھیچ پاداشێکی پێ ناگا.
(٤٠) بۆ ھەر کارێکیش ماندوو بێ، پاداشی خۆی ھەر پێدەگا.
(٤١) لەپاشانیش - بەباشترین شێوە - پاداشی پێدەدرێ.
(٤٢) گەڕانەوەش ھەر بۆ لای پەروەرندەتە.
(٤٣) ھەر ئەو دەخاتە خەنین و دەگرینێ.
(٤٤) ھەر ئەویشە ژیان دەدا و دەشمرێنێ.
(٤٥) ھەر ئەویشە وڵفی نێر و مێوینەی وەدی ھێناوە؛
(٤٦) لەو تنۆکەی کە ڕژاوە.
(٤٧) لەسەریەتی دیسان دروستی کاتەوە.
(٤٨) ھەر ئەویشە ھیچ ناگوزووری نەھێشت و دەسمایەشی بە ئێوەدا.
(٤٩) ھەر بۆ خۆشی پەروەرندەی گەلاوێژە.
(٥٠) ھەر ئەویشە ئاسەواری عادی یەکەمی بڕیەوە.
(٥١) لەسەموودیش جووقەواری نەھێشتووە.
(٥٢) ھۆزی نووحیش - لەبەرێدا - کە لەوانە ناھەقتر و لاسارتر بوون.
(٥٣) ئاوایی ھۆزی لووتیشی سەرەوژێر کرد.
(٥٤) ھەرچی دەبوو بەرخۆ بدرێ، وەبن خۆیدا.
(٥٥) پەروەرندەت کە ئەو ھەموو چاکەی ھەیە، تۆ لە کامیان بە گومانی؟
(٥٦) ئەمە یەکێ لە ترس وەبەرھێنەرانە؛ وەک ترسێنەرانی پێشوو.
(٥٧) ڕابوونی سەڵا نزیکە.
(٥٨) غەیرەز خودا کەس پەردەی لە سەر لانادا.
(٥٩) ئاخۆ ئێوە لەم وتارە سەیر ماون؟
(٦٠) پێکەنینتانە و ناگریەن؟
(٦١) ھەر بە گاڵتە ڕای دەبوێرن.
(٦٢) دەسا بۆ خودا سوژدە بەرن و بیپەرستن.

پەراوێز edit