ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) بە کێوی توور،
(٢) بە کتێبێ کە نووسراوە،
(٣) لە کەوەڵ، بڵاو بۆتەوە؛
(٤) بە ماڵە ئاوەدانەکە،
(٥) بەو بانەی بڵند کراوە،
(٦) بەو دەریایەی بڵق ئەدا،
(٧) ئازاری پەروەرندەی تۆ ھەر ڕوو دەدا؛
(٨) کەسیش پێشی پێ ناگیرێ.
(٩) لەو ڕۆژەدا کە عاسمان تێکەوەداوێ،
(١٠) ھەموو چیا لە ڕۆییندا پەلە دەکەن؛
(١١) ئیتر ئەو ڕۆژە ھاوارە لەو کەسانەی بێ باوەڕ بوون.
(١٢) ئەوانەی کە چووبوونە ناو پڕ و پووچ و گەپیان دەدا؛
(١٣) لەو ڕۆژەدا بەدەڵەکدان بەرەو ئاگری دۆزەقیان ڕادەکێشن.
(١٤) ئەوەتانێ ئەو ئاگرەی بڕواتان نەدەکرد ھەبێ.
(١٥) ئاخۆ ئەمە جادووە، یان ئێوە کۆر بوونە و نابینن؟
(١٦) بچنە ناوی؛ ھەڵ بکەن یاخۆ ھەڵ نەکەن، وەکوو یەکە و ھەر بە ھۆی ئەو کارانەی کە کردووتانە، سزا دەدرێن.
(١٧) ئەوانەی وا خودێ ترس بوون، وان لە بەھەشت و خۆشیدا.
(١٨) بەختەوەرن لەو شتانەی پەروەرێنیان پێی بەخشیون؛ لە ئازاری جەھەندەمیشی پارازتن.
(١٩) لە ھەمبەر کردەوەکانتان بخۆن و وەخۆن، نۆشتان بێ.
(٢٠) لە سەر تەختی لەپەنای یەک، پاڵ کەفتوون و کیژی سپی چاوبەڵەکمان پێ بەخشیون.
(٢١) ئەوانەی باوەڕیان ھێنا و تۆرەمەشیان چوونە سەر باوەڕی ئەوان، مە تۆرەمەی ئەوانیش وەک خۆیان دەبەینە بەھەشت و لەپاداشی کردەوەیان ھیچ شتێ کەم ناکەینەوە. ھەموو کەسێ بارمتەی کاری خۆیەتی.
(٢٢) ھەر میوەیەک و ھەر گۆشتێ بۆ خۆیان ئارەزووی دەکەن، پێمان داون.
(٢٣) پیاڵە پێکتر دەگۆڕنەوە و نە ھەرزەوێژی تێدایە و نە ھۆی تووشی گوناھ بوونی.
(٢٤) تازە لاوانی خوڵامیان بەدەوردا دێن و دەچن؛ ھەر ئێژی دانەی مروارین لە قاپۆڕدا.
(٢٥) ڕوو لە یەکتری دەکەن و پێکەوە وتووێژیانە.
(٢٦) ئێژن: ئێمە لە پێشوودا لەناو کەس و کاری خۆمان نیگەران بووین.
(٢٧) ئیتر خودا خۆی چاکەی دەگەڵ کردین و لە ئازاری گڕە و ھاڵاوی پارازتین.
(٢٨) ئێمە بەرێ ھاوارمان ھەر لەوەکردووە؛ ھەرئەویشە خاوەن چاکەی دلۆڤانە.
(٢٩) سا وەبیریان بخەرەوە - لە سایەی پەروەرندەتڕا - تۆ نە فاڵ بینی نە دینی.
(٣٠) یان پێت ئێژن: بوێژێکە و چاوەنۆڕین ھاکا شتێکی بەسەرھات.
(٣١) بێژە: ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا ئێمەش وەل ئێوەدا چاوەنۆڕین.
(٣٢) ئاخۆ لە ڕووی خەونەکانیانەوە ئێژن، یان ھەر خۆیان کۆمەڵێکی بلەوەزن؟
(٣٣) یان ئێژن ھەڵی بەستووە. نەخێر، ئەوان بێ باوەڕن.
(٣٤) ئەگەر ئەوانە ڕاست دەکەن، با وتارێ وەکوو ئەم قوڕئانە بێنن.
(٣٥) ئاخۆ ئەوان ھەر لە نەبوو ھاتوونە دی؟ یان خۆیان خۆیان دروس کرد؟
(٣٦) یان ئەوانن ئاسمانەکان و زەمینیان وەدی ھێنا؟ نەخێر، دیارە ناسەلمێنن.
(٣٧) یان گەنجینەی پەروەرندەت وا لای ئەوان؟ یان ھەر خۆیان ھەمە کارەن؟
(٣٨) یان پەیژەیێ وایان ھەیە بینێن و گوێ ڕابدێرن؟ کێ لەوان کۆڵەی کردووە، با بەڵگەیەکی ڕوون بێنێ.
(٣٩) ئاخۆ کیژەکان بۆ خوان و کوڕەکانیش بەشی ئێوەن؟
(٤٠) یان بۆ مزە داوای شتێکیان لێ دەکەی، ئەوان لەژێری دەر نەچن و بۆیان زۆر گران بوەستێ؟
(٤١) یان نھێنی وا لای خۆیان و دەنووسن؟
(٤٢) یان ئەوانە گەرەکیانە فێڵێک بکەن؟ خوانەناسان خۆیان فێڵیان لێکراوە.
(٤٣) یان بێژگە لە خوا، پەرستوویەکی تریان ھەس؟ خوا پاکترە لەو شتانەی کە بە شەریکی دادەنێن؟
(٤٤) گەر بشبینن پارچەیەک لەم عاسمانە دادەکەوێ، ئێژن: ھەورێکی پڕپشتە.
(٤٥) سا تۆ لەوانە وازبێنە، تا ئەوانە تووشی ڕۆژی خۆیان دەبن؛ کە ئەو ڕۆژە ھەستیان دەبەردا نامێنێ.
(٤٦) ئەوێ ڕۆژێ حیلەکەیان ھیچ بەھرەیەکیان ناداتێ و کەسیش دە ھانایان نایە.
(٤٧) بۆ ئەوانەی پیشەیان ناھەقی بووە، جگە لەمەش جەزرەبەیێ تریان ھەیە؛ بەڵام زۆربەیان نازانن.
(٤٨) بۆ فەرمانی پەروەرندەت خۆڕاگر بە، تۆ بە بەرچاوی ئێمەوەی؛ ھەرکاتێ لەجێ ڕادەبی، پەسنی پەروەرندەت بدە.
(٤٩) لەشەویشدا شوکری بکە و پەسنی بدە؛ لەو دەمەشدا کە ھەسارە ئاوا دەبن.

پەراوێز edit