ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئێمەین کە وەسەرمان خستی، بەو سەرخستنە بەرچاوە.
(٢) ھەتا خودا لە ھەڵەکانی پێشوت و لەو ھەڵانەی لەوەبەولاوە تووشیان دێی، عافووت بکا و چاکەی دوور لە کەمایەسیت دەگەڵ بکا و ڕێگەی ڕاستت نیشان بدا.
(٣) تا خودا یارمەتیت بدا، بەتەرزێ وا کە ببیە خاوەن دەستەڵات.
(٤) ھەر ئەویشە ئۆقرە و ھەدای دا بە دڵی ئەوانەی خاوەن باوەڕ بوون؛ تا وێڕای بڕوای ھەیانە، بڕوایان بەقەوەتتر بێ. لەشکرگەلی ئاسمانەکان و زەمینیش، ھەموو بەرفەرمانی خوان و خودا زانای لەکارزانە.
(٥) ھەروەھا پیاو و ژنانی خاوەن باوەڕ بەڕێ کاتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و ھەتاسەر ھەر لەوێ دەبن و خەتا و نالەبارەکانیان عافوو بکا. لجەم خودا، ئەم ڕووداوە سەرکەوتنێکی مەزن بوو.
(٦) ھەتا وەکوو ڕووبینانی پیاو و ژن و شەریک بۆ خوداناسەکان، نێڕ و مێویان - کە سەبا بە خوا گومانی خراپیان دەبرد - ئازار بدا. زۆرخراپیان لێ قەوماوە و خوا غەزەبی لێ گرتوون و نەحلەت لە ھەموویان دەکا و جەھەندەمی بۆ داناون و دواڕۆژێکی ڕەشیان ھەیە.
(٧) لەشکرەکان - لە ئاسمانەکان و زەمین - ھەموو بەرفەرمانی خوان و خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.
(٨) ئێمە تۆمان کل کردووە، ئاگادار و موژدەدەر و ترسێنەر بی.
(٩) ئەشێ ئێوە بڕوا بێنن بە خوا و پێغەمبەری خودا و لە یاریدەی درێغ نەکەن و ڕێزی شایانی لێگرن و ھەموو بەیانی و ئێواران پەسنی بدەن.
(١٠) ئەو کەسانەی پەیمان لەگەڵ تۆ دەبەستن، با بزانن پەیمان دەگەڵ خوا دەبەستن. دەستی خودا دەسەر دەستی ئاوەنڕایە. سا ھەر کەسێ پەیمانی بەجێ نەھێنێ، ھەر خۆی لە پەیمان شکێنی زەرەر دەکا؛ ھەر کەسێکیش ئەو پەیمانەی - کە دەگەڵ خودا بەستوویە - بەجێ بێنێ، لە دواڕۆژا پاداشی گەوڕەی دەداتێ.
(١١) ئەو عەرەبە کۆچەرانەی دواکەوتبوون، وە تۆ ئێژن: دارایی و ماڵ و خێزانمان نەیانھێشت بگەینە ئێوە؛ داوای بەخشینمان بۆ بکە. سەرزارەکی شتێ ئێژن: کە لە دڵیانەوە نایە. بێژە: ئەگەر خوا زیانێک لە ئێوە با، یان بەھرەیەکتان پێ بدا، کێ دەتوانێ دەس دە کاری خودا بدا؟ بەڵکە خودا لە ھەر کردەوەیێ دەیکەن، ئاگادارە.
(١٢) نەخێر ئێوە پێتان وا بوو پێغەمبەر و باوەڕداران ھەرگیز تازە نایەنەوە ناو ماڵ و خێزانی خۆیان. ھەر بە دڵیش ئەم خەیاڵەو بە شتێکی باش دەزانی. گومانێکی بێجاو دەبرد؛ دیارە ئێوە کۆمەڵێکی زۆر بێ خێر بوون.
(١٣) ھەر کەسێکیش بڕوای نەبێ بە خوا و پێغەمبەری خودا، ئێمە بۆ ئەو بێ دینانە، کڵی ئاگرمان نێڵ داوە.
(١٤) دەستەڵاتی ئەم عاسمانان و زەمینە بە دەس خوایە؛ کێ حەز بکا عەفووی دەکا و کێش حەز کا جەزرەبەی دەدا و خوداش لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٥) ھەر ئەوانەی دوا کەوتبوون، ئێستا ئێژن: ھەرگا بەرەو تاڵانێک چوون، لێمان گەڕێن ئێمەش بەشوێن ئێوەدا بێین. گەرەکیانە قسەکەی خودا بگۆڕن. بێژە: ھەرگیز ئێوە لەشوێن ئێمە نایەن؛ خودا پێشەکی گوتوویە. ئەوسا ئێژن: نەخێر دیارە لەحاند ئێمە چاوچنۆکن. نەخێر ئەوان کەم تێدەگەن.
(١٦) بەو عەرەبە کۆچەرانەی - کە پێشوو خۆیان دزیەوە - بێژە: ھەر لەم بەینانەدا بانگتان دەکەن، بچنە سەر گەلێکی گەڕناس؛ یان ھەر شەڕتان دەگەڵ دەکەن، یان خۆ بەدەستەوە دەدەن. جا ئەر ئێوە بەرفەرمان بن، لە خوداوە پاداشێکی باش وەردەگرن؛ ئەگەر خۆشتان بدزنەوە - وەک پێشوو خۆتان دزیەوە - دەتانخاتە بەر جەزرەبەیەکی بەژان.
(١٧) گازندە لە کۆر ناکرێ؛ گلەییش لەسەر شەل نییە؛ لەش بەباریش قەیدێ ناکا. ھەر کەسێکیش بەفەرمانی خوا و پێغەمبەری ئەو بکا، دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا. ھەر کەسێکیش خۆ ببوێرێ، جەزرەبەی بەژانی دەدا.
(١٨) ئەو دەستە خاوەن باوەڕەی کە وا لەژێر دارەکەدا دەگەڵتا بوونە ھاوپەیمان، خودایان لێ ڕازی بووە؛ دەیزانی چییان لەدڵدایە. سا ئۆقرە و دڵنیایی ناردە سەریان و بە سەرکەوتنێکی نزیک پاداشی دان؛
(١٩) ماڵی تاڵانی زۆریشیان دەس دەکەوێ. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.
(٢٠) خوا بەڵێنی گەلێ تاڵووی پێتان داوە کە دەیگرن. بەڵام زووتر ئەمەی دا پێتان و نەیھێشت دەستی خەڵکیتان بگاتێ و ھەتا نیشانەیەکیش بێ بۆ خاوەن باوەڕەکان و بۆ ڕاستەڕێ زۆرتر شارەزاتان بکا.
(٢١) تاڵانێکی تریش ھەیە، ھێشتا دەستیان پێی نەگەیوە و خودا باشی ئاگا لێیە و خوا ھەموو کاری پێ دەکرێن.
(٢٢) ئەگەر ئەو دین دوژمنانە شەڕیشیان وەل بکردبان، سوور بزانن پشتیان دەکردە مەیدان و ڕایان دەکرد. لەپاشانیش نە دۆستێکیان دەس دەکەوت و نە کەس دە ھانایان دەھات.
(٢٣) یاسایەکە لە خوداوە و لەپێشووشدا ھەر وابووە و لەو یاسای خودا دایناوە، ھەرگیز گۆڕانێک نابینی.
(٢٤) ھەر ئەویش بوو لەدەست ئەوانی پارازتن و ئەوانیشی لەدەس ئێوە؛ وەختێ لە ئاقاری مەککە خودا کردی و ئێوە بەسەریاندا زاڵ بوون. ئێوە ھەر کارێکوو دەکرد، خودا دەیدیت.
(٢٥) ھەر ئەوان بوون کە لە ڕێگای دین لایان دا و بوونە لەمپەر و نەیانھێشت بچنە کابە؛ ڕێشیان نەدا قوربانیەکەتان - کە گلیان دابووە - بگاتە شوێنی خۆی. [ئەگەر ئیزنمان بدایە لە مەککە دەگژیان ڕاچن] لەوانەبوو زۆر مێر و ژنی باوەڕدار - کە ئێوە نەتانناسیبوون - دەبەر پێیانودا بچن و بێ ئەوەی خۆتان بزانن، ببنە موشکوڵۆزمەی ئەوان. خودا ھەرکێ خۆی حەز دەکا، دەیخاتە بەر بەزەیی خۆی. ئەگەر لەو شوێنە لاچووبان، بێ سۆ دین دوژمنەکانمان بە ئازارێکی بەژان دوچار دەکردن.
(٢٦) ئەوسا کە دین دوژمنەکان، بادی ھەوایی نەزانانەیان دەنواند، خودا ئۆقرە و ھێمنایەتی ناردە خوارێ بۆ ناو دڵی پێغەمبەری و باوەڕدارانی [یارانی] و وای کرد کە خۆپارێز بن و بۆ ئەم کارەش لە ھەموو کەس شیاوتر و ھێژاتر بوون. خوا بۆ ھەموو شت زانایە.
(٢٧) خوا ئەو خەونەی کە پێغەمبەرەکەی دیبووی، وەڕاست گێڕا: خوا حەز کا بەبێ ھیچ ترسێک دەچنە ناو ماڵی کابەوە و پۆڕی خۆ کورت دەکەنەوە، یان دەیتاشن. ئەو شتانەی نەوزانیبوو، ئەو دەیزانی. جگە لەمەش بەو زووانە تووشی سەرکەوتنێک دەبن.
(٢٨) ھەر خودایە کە پێغەمبەری خۆی نارد و ڕێنوێنی و دینی ڕاستیشی ڕەگەڵ خست؛ تا بەسەر ھەموو دینێکا زاڵی بکا. خواش بۆ ئاگا لێبوون بەسە.
(٢٩) موحەممەد پێغەمبەر خوداس؛ ئەوانەش کە دەگەڵ ئەون، لە بەرانبەر دین دوژمنان توند و تیژ و لە ناوخۆدا دلۆڤانن. لە کڕنۆش و سوژدە چاوت پێ دەکەون. ھەر بەھێڤی ڕەزامەندی و چاکەی خودان. درۆشمی سوژدە بردنیان بە ناوچاوانەوە ھەیە؛ وێنەشیان لە تەوراتدایە و نموونەشیان لە ئینجیلدا. شبێنراوە بە چناوێک تیشەی بەرەژوور ھەڵچووبێ و وەچی فرەی دەرکردبێ و ستوور بووبێ و لەسەرلاسک خۆی گرتبێ و وەرزێڕان سەیری بمێنن؛ تا چاوچنۆکانی سپڵەی پێ قەڵس کا. ئەوانەی خاوەن باوەڕ و ئاکار چاکن، خوا بەڵێنی لێ بووردن و پاداشێ گەورەی پێ داون.

پەراوێز edit