ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەوانەی دژی خوا بوون و لەمپەرێک بوون لە ڕێی خودا، ھەموو کردەوەکانیانی لێ پوچەڵ کرد.
(٢) ئەوانیش کە خواناس و ئاکارچاک بوون و بەم قورئانەش - کە ڕاستە و لە پەروەرندەیانەوە بۆ موحەممەد بە خەڵات ھاتۆتەخوارێ - باوەڕیان کرد، خودا ھەموو گوناھەکانیانی پۆشی و کاروباری ژیانیانی بۆ سامان دان.
(٣) چونکە ھەرچی دژایەتی خودایان کرد، شوێن کاری ناڕەوا کەوتن. ئەوی خاوەن باوەڕیشن لەدوی ئەو فەرمانە دەچن؛ کە بە ڕاستی لە پەروەرندەیانڕایە. ئاوا خودا چەند نموونە بۆ ئەم خەڵکە دێنێتەوە.
(٤) ئیتر ھەرگا تووشی ئەو بێ دینانە بوون، لە ملیان دەن؛ پاش ونجڕ ونجڕ کردنیان شەتەکیان دەن. ئەوسا یان ھەر بە چاکە ئازادیان بکەن؛ یا بەرخوێنیان لێ بستێنن؛ ھەتا شەڕ کۆتایی پێ دێ. ئەگەر خودا بیویستبا، بۆ خۆی تۆڵەی لێ دەستاندن؛ بەڵام ویستی بە یەکتریتان بئەزموێ. ئەو کەسانەش کە لە ڕای خودا کوژراون، کردەیان بە فیڕۆ نادا.
(٥) بەم زووانە ڕێگەیان پێ نیشان دەدا و کاروباری ژیانیان بۆ تەکووز دەکا.
(٦) دەشیانباتە ئەو بەھەشتەی کە پێشەکی بۆی باس کردوون.
(٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر یاری خودا بکەن، خوداش یاریدەتان دەدا و لە بەر نەیاران نابەزن.
(٨) ئەوانەش کە دین دوژمنن، بەشیان ھەر نەگبەتی دەبێ و کارەکانی لێ پوچ کردوون.
(٩) چونکە ئەوان لەمەی کە خودا ناردوویە، خۆشیان نایە؛ ئەوسا ئەویش کارەکانی لێ تێک داون.
(١٠) ئاخۆ ئەوان بە زەمیندا نەگەڕاون، تا بڕوانن پێشینەکانی ئەوانە چییان بەسەرھات؟ خودا تەرت و تونای کردن؛ بۆ لە دین لادەرەکانیش ھەر شتێکی ئاوا ھەیە.
(١١) چونکە خودا سەروەری ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان پێ ھێناوە و ئەوانەی خودانەناسن، بێ سەروەرن.
(١٢) خودا خاوەن باوەڕانی ئاکارپەسند، دەنێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا. ئەوانەی نەشیان ناسیوە، لە دنیادا ڕای دەبوێرن و دەلەوەڕێن؛ وەک لەوەڕانی ئاژەڵ و جێگەیان لە ئاگردایە.
(١٣) فرە باژێڕی وا ھەبووە لە خەڵکی باژێڕەکەی تۆ - ئەوەی تۆیان لێ وەدەرنا - گەڵێک بەھێز و گوڕتر بوون، قڕمان کردوون؛ کەسیش دە ھانایان نەھات.
(١٤) ئاخۆ کەسێ لە پەروەرندەی خۆیەوە بەڵگەی ڕوونی بۆ ھاتبێ، وەک کەسێکە کردەوە خراپەکەی خۆی بۆ خەمڵاوە و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتوون؟
(١٥) ئەو بەھەشتەی خوا بە پارێزگارانی بەڵێن داوە، چۆن چۆنییە؟ چەندین ڕوباری وای تێدا، ئاوەکەیان شلوێ نابێ. چەند ڕوباری شیری تێدا، ھەرگیز تامی نەگۆڕاوە. چەندین ڕوباری شەرابی پێدا دەڕوا، تا وەیخۆن کەیفی پێدەکەن. چەند ڕوباریش لە ھەنگڤی پاڵافتە ھەن. ھەر میوەیەکیش بخوازن، تێدا ھەیە؛ خۆش بوونی پەروەرندەشیان. چۆن ئەمانە دەبنە لنگەی ئەو کەسانە کە تا ھەتا ھەر دەبێ لە ئاگردا بن و لەسەریانە ئاڤاکەلاندی وەخۆن و ڕیخۆڵەیان لەت و پەت کا.
(١٦) ھێندێکیان دێن گوێت لێدەگرن؛ وەختێ لە لای تۆ دەردەچن لە زانیارەکان دەپرسن: ئێستە چی وت؟ خودا مۆری بەسەر دڵیانەوە ناوە و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتوون.
(١٧) ئەو کەسانەش کە ھاتوونە سەر ڕاستە ڕێ، پتر شارەزایان دەکا و ترسی خوایان پتر دەخاتە دڵەوە.
(١٨) ئاخۆ ئەوان چاوەنۆڕن گوزوگوممەت ئێستە سەڵایان لێڕا بێ؟ ئەوا ئێستا نیشانەکانی پەیدا بوون؛ وەختێ سەڵاشیان لێڕابوو، پەندی ئەوان سوودی چییە؟
(١٩) سا بزانە غەیرەز خودا ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. بۆ ھەڵەی خۆت و پیاوان و ژنەکانی خاوەن باوەڕ، داوای لێ خۆش بوونێ بکە. خوا لە ھەڵگێڕ وەرگێڕتان و لە شوێنی ھەمیشەییتان ئاگادارە.
(٢٠) ئەوانەی خاوەن باوەڕن ئێژن: بۆ چە سوورەتێک نایەتە خوارەوە؟ ئەمجارە کە سوورەتێکی پتەو ھات و لەمەڕ خەزاوە باسی کرد، تۆ ئەوانەی دەغەزێکیان لە دڵدایە دەبینی وات لێ دەڕوانن، وەک کەسێ لە ترسی مردن تووشی فێداری ھاتبێ. بۆ ئەوانە وا باشترە.
(٢١) [بۆ ئەوانە] بەر فەرمانی و پەیڤینی بەجێ و ڕێیە [ھێژاترە]. ھەرگاش خەزا بڕیار درا، ئەگەر ئەوسا بەرانبەر بە خودا ڕاست بن، ھەر بە قازانجی خۆیانە.
(٢٢) ئاخۆ ئەگەر دەستەڵاتوو وەدەس کەوت، لەم زەمینە خراپە ڕێوە دەبەن و پەیوەندی خزمایەتیتان دەچڕێنن؟
(٢٣) سا ئەوانە خودا بەر نەحلەتی خستوون؛ گوێیان کەڕ و چاوەکانی لێ کۆر کردوون.
(٢٤) ئاخۆ ئەوان لەو قورئانە ڕانامێنن، یان دڵیان گاڵە دراوە؟
(٢٥) ئەو کەسانەی لە پاش لە دین شارەزا بوون وەرگەڕاون، دیارە شەیتان دنەی داون و کارەکانی بۆ خەمڵاندوون.
(٢٦) چون ئەوانە بەو کەسانەی کە حەزیان لەو شتە نییە کە خوا ناردوویەتە خوارێ، وتوویانە: ئێمە لە بازە کارێکدا بە قسەو دەکەین. خوداش لەوەی دەیشارنەوە ئاگادارە.
(٢٧) دەبێ چۆن بن ئەو سەردەمەی فرشتە گیانیان دەکێشێ و دە ڕوخسار و پشتەوەیان دەسرەوێنێ؟
(٢٨) چونکە ئەوان وەشوێن شتێکی وا کەوتوون کە خودای تووڕە کردووە و بە ڕەزای ئەو ڕازی نەبوون؛ ئەوسا ئەویش کاریانی لێ پوچ کردوون.
(٢٩) ئاخۆ ئەوانەی غەرەزیان لە دڵدایە، لایان وایە خودا ڕک و کینەیان ئاشکرا ناکا؟
(٣٠) ئەگەر حەزمان بکردایە، دەمانھێنانە بەرچاوت و ئیتر ھەر بە ورد بوونەوە لە بیچمیان، باش دەوناسین. بێ گومانە بە ڕاوێژی ئاخافتنیش دەیانناسێ. خواش ھەموو کارەکانتانی ئاگا لێیە.
(٣١) بە تاقیتان دەکەینەوە تا بزانین، کێ لە ئێوە تێکۆشاوە و کێتان خۆڕاگرتر بووە. بەراوردی دەنگوباسی ئێوەش دەکەین.
(٣٢) ئەوانەی خوانەناس بوون و بوونە لەمپەر لە ڕای خودا لە دوای ئەوە زانیبووشیان ڕێگەی ڕزگار بوون کامەیە، ھەر دژی پێغەمبەر وەستان، ھەرگیز ئەوانە ناتانن زیان بە خوا بگەیەنن و بەم زووانە کارەکانیان پوچەڵ دەکا.
(٣٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە فەرمانی خودا و پێغەمبەر دەر مەچن و کارتان پوچەڵ مەکەنەوە.
(٣٤) ئەوانەی لە دین لایاندا و بوونە لەمپەر لەڕای خودا و دوایی بەبێ دینی مردن، ھەرگیز خوا لێیان خۆش نابێ.
(٣٥) سس مەبنەوە و داوای شەڕویستانێ مەکەن؛ ھەر ئێوە بەسەر ئەواندان؛ ئێوە خوداتان دەگەڵە و ھەرگیز پاداشی خەباتەکەتان لێ کەم ناکاتەوە.
(٣٦) ھەرچی ژیانی دنیایە، ھەموو ھەر گاڵتە و گەپێکە. ئەگەر ئێوە بڕواو ھەبێ و خۆپارێز بن، پاداشی خۆتان دەداتێ و ھیچ ماڵیشتان لێ ناخوازێ.
(٣٧) ھەرچەند زۆر بە قیرسیچمەییش داوای ماڵێکتان لێ بکا، ڕژدی دەکەن و ڕکوونیتان دەردەخا.
(٣٨) با ھەمووتان ئاگادار بن؛ بانگتان دەکەن کە ماڵ لە ڕای خوا بەخت کەن. ئی واشتان دەناودا ھەیە ڕژدی دەکا؛ ھەر کەسێکیش ڕژدی دەکا، ڕژدی دەربارەی خۆی دەکا. خوا لە گش کەس بێ نیازە؛ ئێوە ژار و بەلەنگازن؛ ئەگەر پشتیشی تێ بکەن، چینێکی تر بە ئێوە دەگۆڕێتەوە، کە ھەرگیز وەک ئێوە نەچن.

پەراوێز edit