ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەلیف، لام، میم.
(٢) ئاخۆ مەردم لایان وایە ھەر کە بێژن: ئێمە باوەڕمان ھێناوە، ئیتر وازیان لێ دەھێنرێ و تووشی ھیچ ئەزموونێ نابن؟
(٣) ئێمە ئەوانەی بەرلەمانیشمان بە تاقی کردەوە. بێ گومانە خوا ئەوانەی کە ڕاسیان گوت، ئەوانەش کە درۆزنن، دیاری دەکا.
(٤) ئاخۆ ئەوانەی بەدکارن، وادەزانن ناکەونە بەر قەمچی ئێمەوە؟ خراپیان لێک داوەتەوە.
(٥) ھەر کەسێ ھومێدی وایە بگا بە دیداری خودا، وەختێ کە خودا دایناوە، ھەربینا ھات. بیسەر و زاناش ھەر ئەوە.
(٦) ھەر کەس دەچێتە خەزایە، خەباتێکە بۆ خۆی دەکا. دیارە خودا لە ھەموو کەس بێ نیازە.
(٧) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، خراپەکانیان دەسڕینەوە و باشتر لەوی کردوویانە، ئێمە پاداشیان پێ دەدەین.
(٨) ئێمە مرۆمان ڕاسپارد کە دەگەڵ داک وباوکی خۆی چاکە بکا. ھەرگا ئەوان ھەڵیان پێچای، ھەر لە ڕووی نەزانیتەوە شەریک بۆ من بڕیار بدەی، تۆ نابێ بە قسەیان بکەی. ھەموو لاتان ھەر دەگەڕێنەوە لای خۆم؛ ئەوسا خۆم حاڵیتان دەکەم، ئێوە چ کارێکتان دەکرد.
(٩) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، ڕەگەڵ پیاوچاکانیان دەخەین.
(١٠) لە مەردمدا ئی واش ھەیە، ئێژێ: ئێمە باوەڕیمان بە خوا ھەیە؛ ھەرگاش لەسەر خوداناسین ئازار درا، وا دەزانێ ئازاری خەڵک وەکوو سزای خودا وایە. ئەگەریش لە پەروەرندەت یاریێک بێ، ئێژن: ئێمەشتان دەگەڵ بووین. مەر خوا لەوەی کە لە سینەی خەڵکی دنیادایە، ئاگادارتر نییە؟
(١١) خوا بڕوادارەکان باش دەناسێت و دووڕازانیش باش دەناسێ.
(١٢) خوانەناسان بە خاوەن باوەڕان دەڵێن: کەونە شوێنی ڕێگای ئێمە، ئۆباڵی گوناھەکانتان وەمل دەگرین؛ کە ناشکرێ ھیچ ئۆباڵی گوناھانیان وەستۆ بگرن؛ بێ گومانە کە ئەوانە درۆزنن.
(١٣) باری گرانی خۆیان و باری گرانی خەڵکی دیش - وەل باری گرانی خۆیان - ھەڵدەگرن و ڕۆژی قیامەت لەسەر ئەو بوختان کردنە، دەکەونە بەر پرسیارەوە.
(١٤) ئێمە نووحمان ڕاسپاردە لای ھۆزەکەی؛ ھەزار ساڵی پەنجا ساڵ کەمیان لە ناوما؛ چونکە ھەر لەسەر ناھەق بوون، تۆفان ئەوانی ڕاماڵی.
(١٥) ئێمە خۆی و ھەرکێ لە گەمیەکەدا بوون، نەجاتن دان. ئەمەشمان کردە بەڵگەیەک بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە.
(١٦) ئیبڕاھیمیش وەبیر بێنە؛ کاتێ بە ھۆزەکەی خۆی گوت: ئێوە خوابپەرستن و لەو بترسن؛ ئەگەر بیزانن ئەم کارە ھەر بە قازانجی خۆتانە.
(١٧) لە بری ئەوەی ئێوە خودا بپەرستن، بت گەلێک دەپەرستن و درۆی گەورەش ھەڵدەبەستن. ئەوی دەیانپەرستن و غەیرەز خودان، خۆ ناتوانن ڕۆزیو بدەن. ڕۆزی لە خودا داوا کەن و بیپەرستن و شوکری بکەن. ھەموو لاتان بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوە.
(١٨) ئەگەر باوەڕ بە من نەکەن، کۆمەڵانی بەر لە ئێوەش ھەبوون کە باوەڕیان نەکرد. ڕاسپاردە جگە لە ڕاگەیاندنی پەیامەکەی - بە ئاشکرا - ھیچی تری لەسەر نییە.
(١٩) ئاخۆ ھێندە ڕانەماون کە بزانن خودا چۆن شت وەدی دێنێ و پاش نەمان دەیھێنێتەوە؟ ئەمە لای خودا ھاسانە.
(٢٠) بێژە: گەشتێ لەم سەرزەمینە بدەن و تماشا کەن، چێ کردنی چۆن دەس پێ کرد؟ پاشان [ھەر] خوا ئافراندنی؛ پاشینیش وەدی دەھێنێ. خودا توانای بەسەر ھەموو شتدا ھەیە.
(٢١) بە مەیلی خۆی، ھەرکێ ئازار بدا دەیدا و، ھەر کەسێکیش خۆی حەز بکا وەبەر بەزەیی خۆی دەخا و، ھەر دەوھێننەوە بۆ لای خۆی.
(٢٢) لە عەرز و لە عاسمانێ بن، ناتوانن خۆ ڕزگار بکەن؛ غەیرەز خوداش ھیچ ھانا و یاریکاروو نین.
(٢٣) ئەو کەسانەی باوەڕیان نەکرد بە نیشانانی خودا و بە دیداری، ناھومێد بوون لە بەزەم و جەزرەبەی بەژان بەشیانە.
(٢٤) تەنیا وەرامی ھۆزەکەی ھەر ئەمە بوو، کە: بە کوشتن بیکوژن یان بیسووتێنن. خودا لە ئاگری پاراست. ئەم ڕووداوە بۆ ئەوانەی خاوەن بڕوان، زۆر نیشانەی تێدا ھەیە.
(٢٥) گوتی: ئێوە لە بری خودا بۆیە بوتان دەپەرستن، کە لە ژینی دنیاییدا ئێوە یەکترتان خۆش دەوێ؛ پاشان لە ڕۆژی قیامەتا حاشا لە یەکتر دەکەن و نەفرین بۆ یەکتر دەنێرن؛ جێشتان لە ئاگردا دەبێ و کەسیش یاریدەتان نادا.
(٢٦) ئیتر لووت بڕوای پێ ھێنا. گوتی: ئەوا من کۆچ دەکەم بەرەو لای پەروەرندەی خۆم. ھەر ئەو خاوەن دەستەڵاتە و لەکارزانە.
(٢٧) ئێمە ئیسحاق و یەعقووبمان بە وی بەخشی و پێغەمبەری و کتێبیشمان کردە بەشی نەتەوەی ئەو؛ لە دنیادا پاداشی ئێمەی پێ گەیشت و لە قیامەتیش ئەو لە پیاوەچاکەکانە.
(٢٨) باسی «لووت» یشیان بۆ بکە، ئەوسا کە بە هۆزەکەی گوت: ئێوە کاری ئەوندە شوورەیی دەکەن، لە دنیادا کەس بەر لە ئێوە وای نەکرد.
(٢٩) ئێوە سواری پیاوان دەبن و ڕێگریو کردۆتە پیشە و لە دیوەخانی خۆتاندا ئاکاری ناشیرین دەکەن؟ تەنیا وەرامی ھۆزەکەی ھەر ئەمە بوو: ئەگەر قسەکانت ڕاستن، ئازاری خوامان بۆ بێنە.
(٣٠) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لەسەر ئەو ھۆزە بەدفەڕە، یاریدە لە تۆ دەخوازم.
(٣١) ئەوساش کە ڕاسپاردەکانمان مژدەیان برد بۆ ئیبراھیم، گوتیان: دەبێ خەڵکی ئەم شارە قڕ بکەین، چونکە خەڵکەکەی ناھەقن.
(٣٢) گوتی: «لووت» یش ھەر لەوێە. گوتیان: ئێمە باشتر دەزانین کێی لێیە، خۆی و خاوخێزانی - جگە لە ژنەکەی - ڕزگار دەکەین کە ئەو لە بە جێ ماوانە.
(٣٣) وەختێ کە ڕاسپاردەکانمان چوونە جەم لووت، بە دیتنیان شڵەژا و تەنگانەی ھاتێ. گوتیان: مەتر سە و خەم مەخۆ؛ ئێمە تۆش و خێزانەکەت - غەیری ژنت - ڕزگار دەکەین، کە ئەو لە بە جێ ماوانە.
(٣٤) ئێمە بۆ سەر خەڵکی ئەم شارە بەڵایەک - لە حەواوە - دەبارێنین، سزای لە ڕێ لادانیان بێ.
(٣٥) نیشانێکی ئاشکرامان لێ بە جێ ھێشت؛ بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن.
(٣٦) بۆ مەدیەنیش شوعەیبی برای ئەوانمان ناردە لایان. گوتی: گەلۆ! ئەشێ خودا بپەرستن؛ بەتەماش بن ڕۆژی سەڵا و لێ ڕادەبێ؛ لەم عەرزەشدا مل لە خراپکاری مەنێن.
(٣٧) ئەوان بڕوایان پێ نەکرد. ئەوسا لەرزە وای داگرتن، کە لە ماڵی خۆیاندا ھەستیان لێ بڕا.
(٣٨) ھۆزی عاد و سەموودیشمان ھەر بەقڕ دان؛ کە لە شوێنەوارەکانیان ئەمەتان بۆ دەرکەوتووە. شەیتان کارەکانیانی جوان نیشان دان و ڕێی لێ گرتن، دەشیان زانی [ھەق لە ناھەق ھەڵاوێرن].
(٣٩) قاڕوونیش و فیرعەونیش و ھامانیش [ھەر بەو دەردە چوون]. دیارە مووسا گەلێ نیشانەی ئاشکرای بۆیان ھێنا؛ بەڵام خۆیان - لەم زەمینە - لە خەڵکی بە زلتر زانی. نەشیان توانی بە دەس ئێمەوە دەربچن.
(٤٠) ئێمە ھەریەک لەوانەمان بە تاوانەکەی خۆیان گرت. جا ھێندیکیان بای زۆر توندی پڕ لە چەومان ناردە سەریان، ھێندێکیشان نارەتەی زل دای گرتن و ھێندێکیشمان بە ناخی زەویدا ڕۆ برد؛ ھێندێکیشیانمان لە ئاودا نوقم کردن. خوا ناھەقی لێ نەکردن؛ بەڵام خۆیان ناھەقییان لە خۆیان کرد.
(٤١) ئەو کەسانەی غەیرەز خودا دۆسگەلێکیان بۆ خۆیان پەیدا کردووە - گەر بزانن - وەکوو کاکڵەمووشانیان بەسەر ھاتووە، کە خانووی بۆ خۆی تەنیوە. دیارە خانووی کاکڵەمووشان لە ھەموو ماڵان سس ترە.
(٤٢) خوا دەزانێ چین ئەوانەی غەیرەز خۆی؛ کە ئەوان ھانایان پێ دەبەن. ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە.
(٤٣) ئەو نەزیلانە بۆ خەڵک دێنینەوە و زانایان نەبێ، تێی ناگەن.
(٤٤) خوا ئاسمانان و زەمینی بە ھەقانەت چێ کردوون. بێ گومانە ئەمە پەندە بۆ ئەوانەی بڕوادارن.
(٤٥) ئەوی بۆت بەڕێ کراوە - لەم کتێبە - بیخوێنەوە و نوێژی بکە؛ نمێژ خوێندن [مرۆ] لە کاری ناشیرین و ناڕەوا دەپارێزێ. یادی خودا ھێژاترە و خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.
(٤٦) ئەگەر دەگەڵ ئەھلی کتێب دەکەونە وتووێژەوە، بەو پەڕی نەرم و نیانی قسەیان لەتەکا بکەن؛ مەگین لەتەک ئەوانەیان کە ناھەقییان کردووە. ئێوە بێژن: بەو قورعانە کە بۆ ئێمە ھاتە خوار و بەو کتێبەی بۆ ئێوە ھاتۆتە خوارێ، بڕوا دەکەین؛ خودای ئێمە و خودای ئێوە ھەر یەکێکە، ئێمە خۆمان بەو دەسپێرین.
(٤٧) ھەروەھا ئەم کتێبەشمان ھەنارد بۆ تۆ؛ جا کەسانێ ئێمە کتێبمان پێداون، دەیسەلمێنن. لەوانیشدا [خەڵکی مەککە] ئی وا ھەن بڕوای پێ دێنن. غەیرەز خودانەناسانیش، ھیچ کەس نییە بە نیشانەکانی ئێمە بڕوای نەبێ.
(٤٨) تۆ بەر لەوە قورعانت بۆ بێتە خوارێ، نەت دەتوانی ھیچ کتێبێکی وەخوێنی یان بە دەستی خۆت بینووسی؛ ئەگەر وابا، دڵ چەپەڵان گومانیان لێ پەیدا دەبوو.
(٤٩) بەڵکوو قورعان نیشانەگەلی ئاشکراس لە سینەی ئەو کەسانەدا، کە زانستیان پێ دراوە. غەیر لە ناھەقییکارانیش، ھیچ کەس نییە بە نیشانەکانی ئێمە بڕوای نەبێ.
(٥٠) گوتیشیان: بۆ لە پەروەرندەی خۆیەوە نیشان گەلی [تایبەتی] بۆ نایەتە خوار؟ بێژە: نیشانەگەلی وا لای خودایە، من ھەر تەنیا ترسێنەری نیشاندەرم، نەھیچی تر.
(٥١) بۆیان ئەوەندە بەس نییە کە ئێمە ئەم کتێبەمان بۆ تۆ ناردۆتە خوارەوە و کە بۆیان دەخوێنرێتەوە؟ بێ گومانە کە لەمەدا - بۆ ئەوانەی بڕوا دێنن - بزی و ئامۆژگاری ھەیە.
(٥٢) بێژە: کە خوا ئاگادارە لە من و لە ئێوە، بەسە. ھەرچی ھەیە لە ناو ئاسمانان و زەمین، ئەو دەیزانێ؛ ئەوانەی بڕوایان بە پڕوپووچ ھێنا و، لە خودایە حاشایان کرد، ھەر زیانیان لە خۆ داوە.
(٥٣) داوات لێ دەکەن کە زۆر زوو وا بکەی بەڵایان بەسەر بێ. ئەگەر وەخت و سەحاتی دیاری نەکرابا، ئازاریان بۆ دادەباری. ھەربینا لە نەکاوێکدا تووشیان ھات و پێش ناحەسن.
(٥٤) وا بە پەلە ئازاردانت لێ دەخوازن، کەچی بێ سۆ دۆژەە دەورەی لەخودانەناسان داوە.
(٥٥) ئەوێ ڕۆژێ لە بان سەر و لە ژێر پاوە ئازار دایان دەپۆشێت و پێیان ئێژێ: دەسا سزای کردەوەی خۆتان بچێژن.
(٥٦) ئەی ئەوانەی خاوەن بڕوان و خۆ بە عەدەم دەزانن! زەمینی من بەرفڕەھە، ھەر تەنیا من بپەرستن.
(٥٧) ھەموو کەسێک [تاڵاوی] مەرگ دەچێژێ؛ لە پاشانا دەتان ھێننەوە لای خۆمان.
(٥٨) ئەوی خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوو بن، لە بەھەشتا دەیانبەینە ناو ژوورگەلێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا ھەتا ھەر لەوێ دەبن. ئای چەن چاکە پاداشی خەباتکارەکان!
(٥٩) ئەوانەی خۆڕاگر بوون و تەواو خۆیان داوەتە دەس پەروەرێنیان.
(٦٠) ئای کە زۆرن تیرەی ئەو جانەوەرانە، بژیو بۆ خۆ پەنا نادەن. خودا بەوان و بە ئێوەش ڕۆزی دەدا؛ بۆ خۆی بیسەر و زانایە.
(٦١) ئەگەر تۆ لەمانە پرسی: کێ عاسمانان و زەمینی وەدی ھێنا و خۆر و ھەیڤی دەستەمۆ کرد؟ بێ گومان دەبێژن: خودا. دەسا چلۆن [لە ڕێگەی ھەق] کلا دەکرێن؟
(٦٢) خودا ھەر چۆنی گەرەک بێ، ڕۆزی ھەر کام لە عەبدەکانی خۆی کەم و زیاد دەکا. خودا بۆ ھەموو شت زانایە.
(٦٣) ئەگەر لەمانە بپرسی: کێیە وا لەو حەوایەوە بارانە دادەبارێنێ و ھەر بەو ئاوە زەوی زیندوو دەکاتەوە پاش مردنی؟ بێ گومان دەبێژن: خودا. شوکرانە بۆ خودا. بەڵام زۆربەی ئەوانە دەوانە ناگەن.
(٦٤) ئەم ژیانەی سەر دنیایە ھەموو ھەر گەپ و گاڵتەیە و چی تر نییە؛ ژیانی ڕاستەقینە ھەر لەو دنیایە؛ ئەگەر ئەوانە بیزانن.
(٦٥) ھەرگا سواری گەمیە دەبن، بە دڵی پاک لەبەر خوا دەپاڕێنەوە. ئەگەر خوا نەجاتی دان و گەیاندنیە سەر وشکانی، دەڵێن: خودا شەریکی ھەن.
(٦٦) با لەو چاکەی ئێمە دەربارەمان کردوون، حاشا بکەن؛ با ڕای ببوێرن و خۆش بژین، لە پاشەڕۆژا تێدەگەن.
(٦٧) ئاخۆ نابینن مەککەمان بۆ کردوونە شوێنی ھێمن، کە خەڵکی دەوروبەریشیان دەڕفێندرێن؟ چۆن ئەوانە بە پووچ بڕوایان ھێناوە و چاکەی خودا لە بیر دەکەن؟
(٦٨) کێ لەو کەسە ناھەقترە درۆ بۆ خودا ھەڵدەبەستێ، یان ئەگەر ڕاستیشی بۆ دێ پێی درۆیە؟ ئاخۆ بۆ خودانەناسان جێ لە جەھەندەم نەماوە؟
(٦٩) ئەوانەی لە ڕای ئێمەدا چوونە خەزا، ئێمەش ئەوان بە ڕێگەی خۆماندا دەبەین. دیارە خودا لایانگری کارچاکانە.

پەراوێز edit