ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) تا، سین، میم.
(٢) ئەمانە نیشانەکانی کتێبی ڕۆشنکەرەوەن.
(٣) ئێمە بۆ تۆ، بۆ [ئاگاداری] ئەوانەی بڕوا دێنن، باسی مووسا و فیڕعەون دەخوێنینەوە.
(٤) بێ سۆ فیرعەون لەو زەمینا باڵادەس بوو؛ خەڵکی ئەوێ کردبوونە چەند دەستەیەک؛ ھێندێکی ھەر زەبوون دەکرد، کوڕەکانی سەر دەبڕین و ژنەکانی ڕادەگرتن. لە بەدفەڕ و بەزەڕان بوو.
(٥) بڕیارن دا ئەوانەی لەو زەمینەدا زەبوون کران، بە چاکە وەیان خوێنین و بیانکەینە پێشەوا [ی خەڵک]؛ لە دواییشدا بۆ خۆیان بمێنێتەوە.
(٦) لەو عەرزەدا جێگایان بۆ خۆش بکەین و بە فیرعەون و ھامان و لەشکرەکانیان ئەو شتانە نیشان بدەین، کە ئەوان لێیان دەترسان.
(٧) بە دایە مووسان ڕاگەیاند: شیری دەیە و، ھەر وەختێ لێی نیگەران بووی، بیھاوێژە ناو دەریاوە و ھیچ مەترسە و خەمیش مەخۆ؛ ئێمە بۆتی دێنینەوە و دەشیکەینە یەکێ لە پێغەمبەرەکان.
(٨) دەستەوبەستەی فیرعەون ئەویان ھەڵگرتەوە، تا ببێتە دوژمنیان و ھۆی مەینەتیان. دیارە فیرعەون و ھامان و دەس و پێوەندەکانیشیان بە خەڵەت چوون.
(٩) پیرەکا فیرعەون گوتی: بۆ من و تۆ دەبێتە مایەی چاوڕوونی؛ واز لە کوشتنی بھێنن، بەشکوو سوودی بۆمان ھەبێ، یان بیکەینە کوڕی خۆمان. کەچی ھیچ ئاگاشیان نەبوو.
(١٠) ئیتر ئەوسا دایکی مووسا ھیچ ھۆشی لە دڵدا نەما و لەوانە بوو کە ئەو ڕازە بدرکێنێ؛ کە ھەر ئێمەش دڵی ئەومان وا پتەو کرد تا لە خاوەن باوەڕان بێ.
(١١) بە خۆشکی گوت: شوێنی کەوە! بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن، کارێکی کرد دووراودوور چاوی پێ بکەوێ.
(١٢) ھەر لە پێشدا وان بۆ دانا مەمکی ھیچ تایەنێک نەمژێ. وێ گۆ: ئاخۆ دەتانەوێ ماڵێکتان بۆ بدۆزمەوە کە بۆتانی بەخێو بکا و زۆر باشیشی پێ ڕابگا؟
(١٣) ناردمانەوە لای دایکی، تا چاوی پێ ڕوون بێتەوە و خەمێ نەخوا؛ تا بشزانێ کە بەڵێنی خودا ڕاستە؛ بەڵام زۆربەیان نازانن.
(١٤) وەختێ گەییە تافی جوانی و پیاوێ تەواوی لێ دەرچوو، زانست و کارزانین دایە و ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین.
(١٥) [جارێ] ڕووی کردە شارەوە، بێ ئەوەی خەڵکەکەی ئاگایان لێ ببێ. لەوێ تووشی دوو پیاوان ھات، پێکەوە مشت و مڕیان بوو؛ یەکیان لە ڕەگەزی خۆی و ئەوی تریان سەر بە دوژمنەکانی بوو. ئەوی ھاوڕەگەزی خۆی بوو، دژی کاورا نەیارەکە ھانای پێ برد؛ مووسا مستێکی تێ سرەواند، مرخەی بڕی. گوتی: ئەو کارە دیارە شەیتان پێمی کرد؛ کە ئاشکرا دوژمنە و ڕێگا دەگۆڕێ.
(١٦) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەمن ناھەقیم لە خۆم کرد، عافووم بکە. ئیتر خودا خەتای بەخشی؛ کە ئەو لە خەتا دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٧) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لە بەرانبەر ئەو چاکەی دەگەڵ منت کرد، بڕیار ئەدەم ھەرگیز نەبمە پشتیوانی تاوانباران.
(١٨) لەو شارەدا بە ترسەوە شەوی بووری و چاوەنۆڕ بوو. ھەر ئەو کەسەی دوێنێ ھانای پێ بردبوو، دیسان ھاواری بۆ ھێنا. مووسا گوتی: دیارە تۆ لە ڕێگە دەرچووی.
(١٩) کاتێ بەرەو ئەو کەسە چوو کە دوژمنی ھەر دووکیان بوو، گوتی: مووسا! ھەر وەک دوێنێ یەکێکت کوشت، دەتەوێ منیش بکوژی؟ تۆ گەرەکتە لەم ھەردە ببیە ملھوڕ و ناتەوێ لەوانە بی وا کاروباران سامان دەدەن.
(٢٠) پیاوێک لەوپەڕی شارەوە بە ھەڵەداوان گەیشتێ، وات: ئەی مووسا! سەرگەورەکان دەربارەی تۆ ڕاوێژ دەکەن؛ گەرەکیانە تۆ بکوژن. زوو دەرکەوە، ئەمەت بە چاکە پێ دەڵێم.
(٢١) بە ترسەوە لەوێ ڕۆیی و بە نیگەرانی دەیڕوانی. گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لەم کۆمەڵە ستەمکارە ڕزگارم کە.
(٢٢) کاتێ بەرەو مەدیەن دەچوو، گوتی: بەشکوو پەروەرندەم شارەزای ڕاستەڕێم بکا.
(٢٣) کە ھاتە سەر ئاوی مەدیەن، کۆمەڵێ لە خەڵکەکەی دیت ئاو ھەڵدێنجن. لەو لای ئەوان دوو ژنی دین [پەزێ خۆ] دوور دەخەنەوە. گوتی: ئێوە خەریکی چن؟ گوتیان: ھەتا شڤانەکان پەزەکانیان لە ئاودانێ نەھێننەوە، ئێمە پەزێ خۆ ئاو نادەین؛ باوکی ئێمەش ئیختیارێکی زورھانە.
(٢٤) ئەوسا ئاوی بۆ ھەڵێنجان؛ پاشان خۆی گەیاندە سێبەر. گوتی: ئەی پەروەرندەی من! من ئاتاجی ئەو خێرەم کە بۆم دەنێری.
(٢٥) یەک لەو دووانە - کە بە شەرمەوە ڕێ دەچوو - ھاتە لای و گوتی: باوکم بانگت دەکا تا بۆ ئاوێ کە بۆ ئێمەت ھەڵێنجاوە، کرێت داتێ. وەختێ ھاتوو ڕووداوەکەی بۆ گێڕاوە، گوتی: ئیتر ترست نەبێ، لە کۆمەڵی ستەمکاران ڕزگارت بوو.
(٢٦) یەکێ لەوان گوتی: باوە! بە کرێی بگرە؛ چاترین ڕەنجبەر ئەوەیە بە تاقەت و جێ باوەڕ بێ.
(٢٧) گوتی: من خەیاڵم وایە یەکێ لەو دوو کیژانەی خۆم بدەم بە تۆ؛ بەو مەرجە ھەتا ھەشت ساڵان ڕەنجبەرم بی. ئەگەر دە ساڵت بردە سەر، کەیفی خۆتە و نامەوێ زۆریت بۆ بێنم. گەر خوا حەز کا زوو دەزانی کە لە پیاوە باشەکانم.
(٢٨) گوتی: ئەمە بڕیارێک بێ لە نێوانی من و تۆدا؛ ھەر کام لەو دوو ماوەم پەڕاند، نابێ ناھەقیم لێ بکرێ؛ خوداش لەسەر ھەرچی ئێژین، بریکارە.
(٢٩) مووسا کە ماوەکەی پەڕاند و خێزانی برد و ڕۆیی، ئاگرێکی لە ئالی توورێ بەدی کرد. بە ماڵ و منداڵی خۆی گوت: ڕابووەستن، من ئاگرێکم بەدی کرد؛ بەشکوو لەوێ خەبەرێکوو بۆ بھێنم؛ یان چۆڵێکوو لەو ئاگرە بۆ بێنمەوە؛ بەڵکوو خۆ گەرم کەنەوە.
(٣٠) وەختێ گەیشتە لای ئاگر، لای دەستی ڕاستی دۆڵەوە - لە شوێنە پیرۆزەکەدا - لە دارەکەوە بان کرا: ئەی مووسا! من ھەر خودی خۆم، ئەو خودایەم کە ڕاھێنەری جیھانم.
(٣١) عاساکەشت فڕێ بدە! وەختێ دیتی لە چەشنی مارێ دەبزوێ، ھەڵات و ھیچ ئاوڕێکی نەدایەوە. ئەی مووسا لێی وەرە پێش و ترست نەبێ، ھیچ زیانێکت پێ ناگا.
(٣٢) دەستیشت بخە باخەڵت، چەرمووی بێ زەرەر دێتە دەر؛ بۆ ئەوەش ترست نەمێنێ، دەستت بنە ژێری باڵت. ئەم دووانە دوو بەڵگەی ڕوونن، لە پەروەرندەتڕا بۆ لای فیرعەون و دارودەستەکەی؛ ئەوان گەلێ نافەرمانن.
(٣٣) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! من یەکم لەوان کوشتووە؛ لەوە دەترسم بمکوژن.
(٣٤) برام ھاڕوون، لە من زمان ڕەوانترە؛ سا ئەویشم دەگەڵ کل کە، یاوەرم بێ و قسەکانم بسەلمێنێ. من ترسم ھەس پێم بێژن: تۆ درۆزنی.
(٣٥) گوتی: وا دەکەین براکەت پشتت بگرێ؛ بە نیشانەکانی خۆشمان دەستەڵاتێکوو دەدەینێ، دەستیان بە ئێوە ڕانەگا؛ ئێوە دووان و ئەوانی لە دووی ئێوە بن سەردەکەون.
(٣٦) کاتێ مووسا وەل بەڵگە ئاشکراکانمان ھاتە لایان، گوتیان: ئەمە بل ژ جادوو شتێ نییە و لە خۆوە ڕێکی خستووە؛ کە لە باوانی پێشووشمان ئەم شتەمان نەبیستووە.
(٣٧) مووسا گوتی: پەروەرندەم لە ھەر کەس چاتر دەزانێ کێ لجەم ئەو ڕێنوێنی ھاوردووە و کێ پاشەڕۆژ تووشی بەختەوەری دەبێ. بێ سۆ ناھەقیکارەکان ڕزگار نابن.
(٣٨) فیرعەون گوتی: ئەی دیوەخان نشینەکان! وا نازانم غەیر لە من خوایەکتان ھەبێ؛ سا ھامان! تۆ خشتی کاڵم لە کڵدا بۆ بخارێنە، قەڵایەکم بۆ دروس کە، تا لەوێڕا بڕوانمە خواکەی مووسا؛ کەمن تەواو لە ڤڕ بێژانی دەزانم.
(٣٩) فیرعەون و لەشکرەکەکانی لەو زەمینە، ھەر بە ناھەق خۆیان بە زلتر دەزانی و لایان وابوو ناگەڕێنەوە لای ئێمە.
(٤٠) سا فیرعەون و لەشکریمان وەگیر ھێنا و ھەڵمانداشتنە دەریاوە. دەسا بڕوانە ئاکامی ناھەقیکاران چلۆن بوو.
(٤١) کردیشمانن بە پێشەوایانێک کە وا بانگ بۆ ئاگر ڕادەھێڵن و ڕۆژی سەڵاش ھیچ کەس دەھانایان نایە.
(٤٢) ھەر لەم دنیایە نەحلەتمان وەشوێن خستن و ڕۆژی سەڵاش [ڕووڕەش و] بیچم کرێتن.
(٤٣) لە پاش ئەوەی چین و بەرەکانی پێشوون قڕ تێ خستن، ئەو کتێبەن دا بە مووسا کە بۆ مەردم ببێتە ھۆی ڕۆشن بینی و بەزەیی و شارەزای ڕێ بوون؛ بەشکوو بیر لە خۆ کەنەوە.
(٤٤) ئەو سەردەمەی کە ئێمە ئەم کارەی خۆمان بە ئەرکێک دانا بۆ مووسا، نە تۆ لە لای خۆراواکەی [توور] ەوە بووی، نە ھیچ ئاگاشت لێ بووە.
(٤٥) بەڵام ئێمە زۆر بەرەمان ھێنایە ڕوو؛ تەمەنیشیان زۆر درێژ بوو. تۆ ئەو کاتە لە ناو خەڵکی مەدیەن نەبووی، کە نیشانەکانی مەیان بۆ وەخوێنی؛ بەڵام ئێمە ھەر پێغەمبەرن دەناردن.
(٤٦) لەو دەمەشدا کە ئێمە گازی مووسان کرد، تۆ لە نزیک توورێ نەبووی؛ بەڵام ئەمە بەزەییەکە لەلایەن پەروەرندەتڕا، کە ئەوانەی بەر لە تۆ کەسی وا نەبووە ترسێکیان وەبەر بھێنێ؛ ئەتۆ ترسیان وەبەر بێنی، بیر لە خۆ کەنەوە.
(٤٧) ئەگەر لەبەر ئەوە نەبا کە کاتێکی - لە سۆنگەی ئاکارەکانیان - تووشی بەڵایە بن، بێژن: پەروەرێنمان! تۆ بۆچی پێغەمبەرێکت بۆ نەناردین، تا پەیڕەوی لە نیشانانی تۆبکەین و لە ڕێزی بەباوەڕان بین، [سزادانمان پێش دەخستن].
(٤٨) بەڵام وەختێ ئەم ڕاستەیان لەلایەن ئێمەوە بۆ ھات، گوتیان: بۆچی ئەوی بۆ مووسا ھاتووە بۆ ئەم نەھات؟ ئەدی ئەوی لەوە پێش بە مووسا درا، ئەمان حاشایان لێ نەکرد؟ گوتیان: ئەمە دوو جادوون کە پشتی یەکتریان گرتووە و گوتیشیان: ئێمە لە ھەر کان حاشامانە.
(٤٩) بێژە: ئەگەر ئێوە ڕاستن، نووسراوێک لە خواوە بێنن کە لە ھەر دووکانیان پتر ڕاستەڕێگە نیشان بدا؛ ھەتا من شوێنی بکەوم.
(٥٠) گەر پەرسڤیان نەدایەوە، سا بزانە کە ئەوانە پەیڕەوی ئارەزوویانن؛ کێش خوا شارەزای نەکا و پەیڕەوی ئەلھای دڵی بێ، کەسی لێ گومڕاتر نییە. خواش ناھەقان لە ڕێگە شارەزا ناکا.
(٥١) لە پەستا ئەو وتارەمان بۆ ھەناردن، بەشکوو پەند [ی لێ] وەربگرن.
(٥٢) ئەو کەسانەی کە بەر لە ھاتنی قورعان، ئێمە کتێبمان پێداون، باوەڕیان بە قورعان ھەیە.
(٥٣) ھەتا بۆیان وەدەخوێنن، ئێژن: بڕوامان پێ ھێنا و بێ سۆ ڕاستە و لە پەروەرندەمان ڕایە. بەر لەوەش بێتە خوارەوە ئێمە قبووڵن کردبوو.
(٥٤) ئەوانە چوون خۆڕاگر بوون، دوو جار پاداشیان پێ دەدرێ. کاری خراپیش بە چاکە دەسڕنەوە و لەو بژیوەی پێمان داون، خێران دەکەن.
(٥٥) ھەر کە وتاری ھەرزەشیان بە گوێ دەگا، لە گوێی خۆیانی دەرداوێن و ئێژن کە: ئێمە کاری خۆ دەکەین و ئێوەش ئاکاری خۆو ھەیە، لە ئێمەوە بێ وەزەنن؛ کەیفن بەنەزانان نایە.
(٥٦) تۆ ناتانی کەسێ بۆ خۆت خۆشت بوێ شارەزای کەی؛ بەڵام خودا کێ بخوازێ ڕێگەی ڕاستی نیشان دەدا. ھەر خۆشی چاتر دەزانێ کێ ھێژای ئەم ڕێبازەیە.
(٥٧) ئێژن: ئەر دەگەڵ تۆ بین و پەیڕەوی دینەکەی تۆ بین، لە زێدی خۆن تەرەن دەکەن. ئەدی ئێمە لە شوێنێکی ھێمنمان دانەمەزراندوون، کە ھەموو جۆرە بەروبووی بۆ دەنێرن و ئەم بژیوە لەمەڕایە؟ بەڵام زۆربەیان نەزانن.
(٥٨) چەندە شاریشمان قڕ کردن [کە خەڵکەکەی] بە خۆشگوزەرانی خۆیان سەرخۆش ببوون. ئەمەش ماڵەکانیانە کە لە دوای ئەوان - کەمێک نەبێ - کەسیان لێ نیشتەجێ نەبووە و ھەر بۆ خۆمان ماونەتەوە.
(٥٩) پەروەرندەت ئەو شارانەی قڕ نەکردن، تا لە ناوەندی ئەوانا پێغەمبەری بۆ ھەناردن، نیشانەکانی ئێمەیان بەسەردا بخوێنێتەوە. ھەرگیز ئێمە ھیچ شارێکمان بە قڕ نەدا، مەر خەڵکەکەی ناھەق بوو بن.
(٦٠) ئەوی بە ئێوە دراوە ھەر مایەی گوزەرانتانە لە دنیادا و زەمبەریەتی. ئەوەش کە لجەم خودایە، چاترە و زۆرتر دەمێنێ؛ ئاخۆ لەوەندەش تێ ناگەن؟
(٦١) ئاخۆ کەسێ بەڵێنی باشمان پێداوە و بۆشی پێک دێ، دەگەڵ کەسێ ھەر لە دنیادا ژیاندوومانە، وەکوو یەکن؟ کە ئەمەشیان ڕۆژی سەڵا دەھێنین بۆ جابدانەوە؟
(٦٢) ئەوێ ڕۆژێ بانگیان دەکا و، ئێژێ: کوا شەریکەکانم، وەک ئێوە خەیاڵتان دەکرد؟
(٦٣) ئەوانەی وەبەر بڕیاری ئێمە کەوتوون، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەمانە ھەرئەوانەن کە ئێمە لە ڕێگەمان لادان؛ بۆیەش لە ڕێگەمان لادان کە بۆ خۆن ڕێن لێ تێکچوو بوو. وا لە لای خۆت ئێمە حاشایان لێ دەکەین. ئەوانە ھەرگیز ئێمەیان نەدەپەرست.
(٦٤) پێشیان ئێژن: شەریکەکانتان بانگ بکەن. بانگیان دەکەن؛ ھیچ وەرامیان نادەنەوە. ھەست بە جەزرەبەدان دەکەن، ئێژن: خۆزیا لە شارەزایان بووینایە.
(٦٥) ھەر ئەو ڕۆژە بانگیان ئەکا و پێیان ئێژێ: چلۆن وەدەنگ پێغەمبەرەکانەوە چوون؟
(٦٦) ئەوێ ڕۆژێ لە ھەواڵان زەین کوێر دەبن. لەو ڕۆژەدا نایانکرێ پرسێ بە یەکتریش بکەن.
(٦٧) بەڵام ئەوی کە پەژیوان بۆتەوە و بڕوای بە خودا ھێناوە و ڕووی دەکاری چاک کردووە، لەوانەیە لە دەستەی ڕزگارەکان بن.
(٦٨) پەروەرندەت ھەر شتێکی مەیلی لێ بێ وەدی دێنێ و ھەڵدەبژێرێ [بەڵام] ئەوان ھەقی بژاردنیان نییە. لەو شەریک بۆ دۆزینەوەشیان، خودا پاکە و بەرزترە.
(٦٩) ھەر پەروەرندەت دەزانێ چییان لە دڵدا پەنا داوە و چیش ئاشکرا ئەدرکێنن.
(٧٠) خوا ھەر ئەوە و لەغەیرەز ئەو ھێژای پەرستنێک نییە. لە دنیاش و لە قیامەتیش سوپاس ھەر تایبەتی ئەوە؛ فەرمان ھەر فەرمانی ئەوە و بۆ لای ئەویش دەبرێنەوە.
(٧١) بێژە: چۆن بیر دەکەنەوە ئەر خوا شەوتان ھێندە لێ درێژ کاتەوە، کە تا قیامەت نەبڕێتەوە؟ غەیرەز خودا کام شیاوی پەرستنێ ھەس ڕووناکیتان بۆ بێنێ؟ مەر نابیسن؟!
(٧٢) بێژە: چۆن بیر دەبەن ئەر خوا ڕۆژتان ھێندە لێ درێژ کاتەوە ھەتا قیامەت بخایەنێ؟ غەیرەز خودا چ پەرستیوێ دەتوانێ شەوێکتان بۆ دابێنێ کە ئێوە تێیدا ھەدا بدەن؟ مەر نابینن؟!
(٧٣) لە بەزەیی خوداوەیە، کە شەوی بۆ ھەدادان و ڕۆژی بۆ پەیدا کردنی ئەو ڕۆزییەی ئەو دەتانداتێ، بۆ دانان؛ بەشکەم ئێوە شوکرێ بکەن.
(٧٤) ئەو ڕۆژە کە بانگیان دەکا و ئێژێ: کوا شەریکەکانم کە بە خەیاڵوودا دەھات؟
(٧٥) وەختێ لە ناو ھەر کۆمەڵێک یەکیان لێ دەکەینە شایەت، ئەوسا ئێژین: کوانێ؟ بەڵگەی خۆتان بێنن؛ جا تێ دەگەن ڕاست ھەر ئەوەیە لای خوایە و ھەرچی کە ھەڵیان دەبەست لە دەسیان دەچێ.
(٧٦) قاڕوون لە ھۆزی مووسا بوو، کە دەستی کرد بە ناھەقی کردن لێیان. ھێندن گەنجینە دابوویە، ھەرتەنیا کلیلەکانیان گرۆیەکی زۆر بەھێزی شەکەت دەکرد. کاتێ ھۆزەکەی پێیان گوت: غللوور مەبە! خودا پیاوی لە خۆ دەرچووگی خۆش ناوێن؛
(٧٧) بەوەی خودا بە تۆی داوە، بە شوێن ماڵی سەڵاوە بە! بەشی خۆشت لەم دنیایە لە بیر مەکە! وەک خوا چاکەی دەگەڵ کردووی، چاکەی بکە و لەم عەرزەشدا مەکەوە شوێنی بەدفەڕی! خودا بەدفەڕی خۆش ناوێن.
(٧٨) گوتی: ئەوەی کە من ھەمە، گشت لە زانستی خۆم ڕایە. بۆچ ئەوەندەی نەزانیبوو کە پێش ئەویش خودا چەن چینی بە قڕدا؛ کە لەویش زۆر بەھێزتر و بەدەست و پێوەندتریش بوون؟ لەو تاوانبارانە - لەمەڕ تاوانگەلیان - ناپرسنەوە.
(٧٩) بە تەنتەنە و سەنسەنەوە [ڕۆژێ] ھاتە ناو ھۆزەکەی. ئەوانەی ھەر بە ئارەزووی ژینی دنیان، گوتیان: خۆزی مەش وەک قاڕوون دەوڵەمەن باین؛ ئای لەو بەختەی ئەو ھەیەتی!
(٨٠) ھۆزانەکانیش دەیانگوت: ھەی ماڵ وێران! ھەر کەسێ باوەڕی بە خودا ھەبێت و ئاکارچاک بێ، ئەو خەڵاتی خوا دەیداتێ، زۆر چاکترە و ئەو خەڵاتەش ھەر بەشی خۆڕاگرانە.
(٨١) سا قاڕوونمان بە ماڵیەوە ڕۆبرد بە ناخی زەمیندا. ھیچ دەستەیەکیشی نەبوو کە لە خودای بپارێزێ و خۆشی یاریدەی خۆی نەدا.
(٨٢) ئەو کەسانەی دوێنێ خۆزگەیان پێ دەخواست، ڕۆژی دوایی دەیانگوت: پەکوو لەو سەیرە! وا دیارە کە ڕۆزی عەبدان - زۆر بێ یان کەم - بەستە بە مەیلی خودایە و ئەر خوا چاکەی بۆ نەکردباین، ئێمەشی ھەر لە ناخی زەمین ڕۆ دەبرد. وا دیارە خودانەناسان ڕزگار نابن.
(٨٣) ئێمە ماڵەکەی دواڕۆژن ھەر بۆ ئەوانە دادەنێین، کە لەم عەرزە نایانەوێ خۆ بە زلتر بزانن و بەدفەڕی کەن. پاشەڕۆژیش ھەر بۆ خۆپارێزەکانە.
(٨٤) ھەرکێ کارێکی چاک بکا، چاکتر لەوی دێتەوە ڕێ؛ ھەرکێش ئاکاری خرا بن، ھەر بەرانبەر بە کردەخراپەکانیان جزیا دەدرێن.
(٨٥) ئەو کەسەی کە ئەم قورعانەی کردە ئەرکی سەرشانی تۆ، خاتر جەم بە دەتباتەوە ئەو شوێنەی بەڵێنی پێدای. بێژە: ھەر پەروەرندەی من زاناترە کە کێ لە ڕاستەڕێ دەڕوا و کێ بە ئاشکرا لە ناو گومڕایی دایە.
(٨٦) خۆ ئەر بەزەیی پەروەرێنت نەبووایە، تۆ ھەر بە ھیوا نەبووی کە ئەم کتێبەت بۆ کل کرێ؛ سا تۆش ھەرگیز پشتیوانی لە خودانەناسان مەکە!
(٨٧) لە دوای ئەوەش کە نیشانەکانی خودات بۆ کل کرا، ھەرگیز نابێ تۆ لەوانە ھەڵە بکەی. ھەر بەرەو پەروەرندەی خۆ گازی بکە و ھیچ گا دەگەڵ ئەو بتپەرستانە مەبە.
(٨٨) دەگەڵ خودا ھانا بۆ ھیچ پەرستیوێکی تر مەبە. بەغەیرەز ئەو پەرستیوێکی تر نییە. بەغەیرەز ئەو ھەموو شتێ لە بەین دەچێ. فەرمان ھەر فەرمانی ئەوەو ھەر بۆ لای ئەو دەبرێنەوە.

پەراوێز edit