ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) مەزنایەتی بۆ خودایێ ئەم فوڕقانەی بۆ عەبدی خۆی ناردە خوارێ، تا ببێتە ھۆی ترسانێ بۆ ھەموو خەڵکی جیھانێ.
(٢) ئەو خودایەی فەرمانڕەوای ئاسمانەکان و زەمینە و کەسی نەکردە ڕۆڵەی خۆی؛ لە فەرمانڕەواییشدا شەریکی نەبووە و ھەموو شتی لە ڕادەی خۆی دروست کرد و ئەندازەی گرت.
(٣) بە جێگەی چتگەلێکیان کردە خودا، کە ناتوانن شتێک چێ کەن؛ بۆ خۆشیان ھەر چێ کراون. تەنانەتی قازانج و زەرەری خۆشیان بە دەس نییە؛ نە مردنیشیان بە دەستە و نە ژیان و نە ژینەوەی لە پاش مردن.
(٤) خودانەناسەکان وتیان: ئەمە ھەمووی درۆی ھەڵبەستەی خۆیەسی و کەسانێ تر لەمەدا یارییان داوە. ئاشکرایە ھەرچی وتیان درۆیە و ناھەقی دەکەن.
(٥) گوتیان: ئەمانە چیرۆکی پێشینانن؛ ھەموو بەیانی و ئێواران بۆی دەڵێن و لە بەری دەنووسێتەوە.
(٦) بێژە: کەسێکە ناردوویە، لە نھێنی عاسمانەکان و زەمینێ ئاگادارە؛ ئەویش لە گوناح دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٧) گوتووشیانە: ئەمە چۆن پێغەمبەرێکە خۆراک دەخوا و بە بازاڕاندا دەگەڕێ؟ ئەدی چۆنە فرشتێکی دەگەڵ نەھات، کە وێڕای ئەو ترس وەبەر مەردم بێنێ؟
(٨) یان گەنجێکی بۆ ھاویژرابایە خوارێ، یان باغێکی ھەبووایە لێی بخواردایە. ناھەقیکارانیش گوتیان: ئێوە ھەر شوێن پیاوێ کەوتوون سیعر و جادووی لێکراوە.
(٩) دەبڕوانە چلۆن نەزیلەیان بۆ تۆ ھێناوە و لە ڕێی لایاندا و ھەرچی دەکەن ڕێ دەرناکەن.
(١٠) مەزنایەتی ھەر بۆ کەسێ ئەگەر حەز کا لەوە چاترت دەداتێ. باغاتێکت پێ دەبەخشێ جۆباریان بە بەردا دەڕوا و چەند کۆشکیشت بۆ دادەنێ.
(١١) دیارە ئەوان قیامەتیان بە درۆ ژمارد؛ ئێمەش کڵی جەھەندەممان ساز داوە بۆ ھەر کەسێ کە قیامەت بە درۆ دەزانێ؛
(١٢) کە لە شوێنێکی دوورەوە دەیانبینێ، لرفە و نێڵەی کڵی ئاگریان دێتە گوێ.
(١٣) ھەرگایەکیش شەتەک درا و داوێژرێنە ناو جێگەی تەنگەبەرایی دۆژەھەوە، منە بۆ مردنێ دەکەن.
(١٤) ئەمڕۆ ئیتر ھەر مردنێ داوا مەکەن؛ داوای گەلێ مردن بکەن.
(١٥) بێژە: ئاخۆ ئەمە باشە، یان بەھەشتی ھەمیشەیی؛ کە بەڵێنی بە خودێ ترسان دراوە، کە: پاداش و دواڕۆژیانە؟
(١٦) چی بخوازن لەوێ ھەیە و ھەروھەر تێدا دەمێنن. ئەم بەڵێنە لە پەروەرندەی تۆڕایە و ھەر دێتەجێ.
(١٧) لەو ڕۆژەدا کەئەمانە و ئەوانەی - لە غەیرەز خودا - دەیانپەرست، لە جێیەک کۆ دەکاتەوە، دەپرسێ: ئاخۆ ئێوە بوون ئەم عەبدانەموو لاڕێ کرد، یان خۆیان لە ڕێ کلا بوون؟
(١٨) ئێژن: پاکانەی تۆ دەکەین؛ ئێمە کەی ڕێمان دەکەوێ - بەدەرلە تۆ - کەسێ بکەینە دۆستی خۆ؛ بەڵام ھەر خۆت بۆ ئەوان و باب و کاڵانی ئەوانیش ئەوەندەت بەر بەرەڵدا کرد، کە یادی تۆیان لە بیر چوو، بوونە گەلێکی وا بێ خێر.
(١٩) ئەوانە بۆ ئەو قسانەتان، ئێوەیان وەدرۆ خستەوە. خۆ ئێستا ئیتر ناتانن [ئازار لە خۆتان] لابدەن؛ یان ھانادەرێ پەیاکەن؛ ھەر کامیشتان ناھەقی کا، ئێمە ئازاردانی گەورەی پێ دەچێژین.
(٢٠) لە پێش تۆشا ھەر کەسێکمان بۆ پێغەمبەری ناردووە، ھەموو خواردنیان خواردووە و لە ناو بازاڕان گەڕاون؛ ھێندێکیشتانمان کردۆتە مایەی ئەزموونی ھێندێ تر. ئاخۆ ئێوە خۆ ڕادەگرن؟ وا پەروەرندەت دەبینێ.
(٢١) ئەوانەی کە بە ھیوا نین بە دیداری ئێمە بگەن، گوتیان: بۆچی فرشتەمان نەھاتە لا؟ یان پەروەرندەی خۆن نەدی؟ ئەوانە لە پاڵ خۆیاندا خۆیان بە زل دەزانن و سەربزێوی و فیزێکیان لێ پەیدا بووە کە ئەو سەری دیاری نەبێ.
(٢٢) ئەو ڕۆژەی ئەوان فرشتان بە چاوی خۆیان دەبینن، کە فرشتە دەنگیان دەدەن: ھەیدێ گوم بن! ھیچ مژدەیەکمان لانییە کە بیدەین بە تاوانباران؛ پێشیان دەڵێن: مژدە لە ئێوە حەرامە.
(٢٣) ھەر کارێکی کردوویانە ڕای دەنێن و ھەروەکوو تۆزی بابردەڵەی پێدەکەین.
(٢٤) ئەوێ ڕۆژێ ئەنوا و جێگەی حەسانەوەی بەھەشتییەکان باشترینە.
(٢٥) ئەوێ ڕۆژێش ئەزمان بە ھەور دەقەڵشێ و فریشتەکان - بە ھەڕەمە - بەرەو زەمین بەڕێ دەکرێن.
(٢٦) ئەوێ ڕۆژێ فەرمانڕەوایی بەڕاستی بۆ خودایە و، بۆ گەلی خودانەناسان ڕۆژێکی پڕ تەنگانەیە.
(٢٧) لەو ڕۆژەشدا کە ناھەقکار بە دەستی خۆیدا دەنووسێ و ئێژێ: ئەی کاشکایە منیش وەل پێغەمبەر چووبامە ڕێ.
(٢٨) ئەی مخابن، خۆزی ھەرگیز نەبووبام بە دۆستی فڵان.
(٢٩) لە پاش ئەوەی کە ئەم قوڕعانەم پێ گەیشت، ھەر ئەو منی لێ کلا کرد؛ شەیتان ھەمیشە مرۆ بەرەڵا دەکا.
(٣٠) پێغەمبەریش ئێژێ: ئەی پەروەرندەکەم! ھۆزەکەم ئەم قوڕئانەیان وەپشت گوێ خست.
(٣١) ھەرواش بووە؛ ئێمە بۆ ھەر پێغەمبەرێک دژمنێکمان - لە تاوانباران - بۆ دانان. پەروەرندەت بۆ شارەزایی کردن و ھاریکاری بەسی تۆیە.
(٣٢) خوانەناسەکان دبێژن: بۆچی خودا بە تێکڕایی ئەم قوڕئانەی بۆ نەناردۆتە خوارەوە؟ ھەر بۆ ئەمە بوو کە ئێمە دڵتی پێ دامەزرێنین و بەتەکووزی و ھێدیکا بۆتی وەخوێنین.
(٣٣) ئەگەر ئەوان نەزیلانت بۆ دێننەوە، ئێمە ڕاستیت بۆ دێنین و [نەزیلەیەکی] پڕ ماناتر لە ئی ئەوان.
(٣٤) کەسگەلێ کە دەمەوڕوو ڕادەکێشرێن بۆ جەھەندەم و ھەر لەوێ کۆ دەکرێنەوە، خراپترین جێیان ھەیە و بە تەواوی لە ڕێ کلان.
(٣٥) کتێبیشمان دا بە مووسا و ھاڕوونی براشیمان کرد بە وەزیری.
(٣٦) ئەوسا گوتمان: بڕۆن بۆ لای ئەو ھۆزە کە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ ژمارد؛ ڤێگاڤێ تێکمان شکاندن.
(٣٧) ھۆزی نووحیش - کاتی بە پێغەمبەران باوەڕیان نەکرد - نوقمی بناومان کردن و کردمانن بە نیشانە بۆ مەردم و ئازارێکی بەژانیشمان ساز داوە بۆ ناھەقەکان.
(٣٨) عاد و سەموود و خاوەنی چاڵاوەکانیش و گەلی بەرەوچینی نێوانیان [ھەر بەو دەردە چوون].
(٣٩) بۆ ھەمووانیان چەند نەزیلەمان ھێناوە و لە ئاکامدا ونجڕبەونجڕمان کردن.
(٤٠) خۆ ئەوانە بەو شارەدا ڕابردوون کە بارانەی بەڵامان بۆ باراندن؛ مەگەر بە چاوی خۆیان ئەوەیان نەدی؟ بەڵام بە ھیوای زیندوو بوونەوە نەبوون.
(٤١) ھەر کەتۆیان چاو پێ کەوت، دەتکەنە گەپجاڕی خۆیان: ھەر ئەمەیە کە خودا ڕای سپاردووە؟ !
(٤٢) لەوانە بوو لە پەرستیوەکانی خۆن لامان بدا، ئەگەر خۆمان لەسەریان ڕانەگرتایە. دواجار - کە ئازار دەبینن - پێدەزانن کە کێ پتر لە ڕێگەی ڕاست ھەڵە بووە.
(٤٣) تۆ ئەو کەسەت دی کە ھەرچی خۆی حەز بکا دەیکاتە پەرستیوی خۆی؟ ئاخۆ ئەتۆ بۆ ئەمیش ھەر دەستەبەری؟
(٤٤) یان پێت وایە کە زۆربەیان گوێ شل دەکەن و تێدەگەن؟ ئەوانە وێنەی وڵساتن، بگرە لەویش گومڕاترن.
(٤٥) بۆ نەت دیوە پەروەرندەت درێژە بە سێبەر دەدا؟ ئەگەر خۆی حەزی کردبا، وای دەکرد لە جێ نەبزووێ. خۆریشمان کردۆتە بەڵگەی.
(٤٦) لە ئاکامدا - کەمەکەمە - بەرەو خوونی دەبەینەوە.
(٤٧) ھەر خۆیەتی کە بۆ ئێوە شەوی کردۆتە پۆشاک و خەوی بۆ سانەوە [تان] و ڕۆژیشی بۆ ھەڵسانەوە [تان] داناوە.
(٤٨) ھەر ئەویشە باکانی نارد، کە مزگێنی بەزەیی ئەوتان بۆ بێنن؛ جا ئەوسا لە حەوایەوە بارانێکی پاک و خاوێنمان ناردە خوار؛
(٤٩) تا زەمینی ھێز لێ بڕاو - بە ھۆی ئەم - زیندوو کەینەوە و وڵسات و زۆر لەو خەڵکانەی - کەخۆمان دروستن کردوون - تێراو بکەین.
(٥٠) ئەوەشمان ھەر جۆرەجۆرە لە نێوانیانا دابەش کرد، تا پەند بگرن؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە ھەر فێرن ناشکوری بکەن.
(٥١) ئەگەر بۆ خۆن کەیفن لێ با بۆ ھەر شارێ کەسێکی وامان ڕادەسپارد بیان ترسێنێ.
(٥٢) سا تۆ ھەرگیز بە قسەی خوانەناسان مەکە و بە ھەموو ھێز و تواناوە ھەر بە گژیاندا وەرەوە.
(٥٣) خوا کەسێکە کە دوو زەریای بەیەک گەیاند؛ یەکێ شیرن، یەکێ شۆری ئاماڵ تاڵە و لەمپەرێک و بەرگرێگی زۆر ئەستووری لە نێوانیان بەدی ھێنا [کە تخوونی یەکتر نەبن].
(٥٤) ھەر خۆیەتی لە [تنۆکێ] ئاو، مرۆیەکی وەدی ھێنا و کردیە ماکی تۆرەمە و خزم پەیدا بوون. پەروەرندەت ھەموو کارێکی پێدەکرێ.
(٥٥) غەیرەز خودا شتی وەھا دەپەرستن کە نە بەھرەیان پێدەدا، نە زیانیشیان لێدەدا. خوانەناسان خۆ دەکەنە پشتیوانی دژی پەروەرندەی خۆیان.
(٥٦) ئێمە تۆمان تەنیا بۆ ئەوە ناردووە، مژدەدەر و ترسێنەر بی.
(٥٧) بێژە: من بۆ ئەو کارە ھیچ پاداشێکم لەنگۆ ناوێ، غەیرەز ئەوە: کێ پێ خۆش بێ، بەرەو لای پەروەرندەی خۆی ڕێ دەربکا.
(٥٨) سا تۆ خۆت بدە دەس کەسێ کە ھەر زیندووە و نامرێ و بۆ شوکرانەی، پێی ھەڵبڵێ و ھەر ئەو بەسە کە لە گوناھی عەبدانی ئاگادارە.
(٥٩) ئەو خودایەی عاسمانانەکان و زەمین و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە، بە شەش ڕۆژی داھێناوە. پاشان لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی خۆی دامەزراوە؛ ھەر ئەویشە خودای ڕەحمان. سا تۆ لەوانەش بپرسە کە چازانن.
(٦٠) ھەرگا پێیان بوترێ کە: بەرەو ڕەحمان سوژدە بەرن، ئێژن: ڕەحمان چ کەسێکە؟ دەتەوێ ھەرکێ تۆ بێژی، ئێمە کڕنۆشی بۆ بەرین؟ سڵ بوونیشیان پتر دەکا.
(٦١) سەروەری بۆ ئەو کەسەیە چەند قۆناغی لە عاسمانا دامەزراند و لە ناو ئەمدا چرایەک و ھەیڤێکی تریفەداری جێ کردەوە.
(٦٢) ھەر ئەویشە نۆرە بە شەو و ڕۆژ دەکا، ھەتا کەسێ گەرەکی بێ بیر کاتەوە یان بیەوێ سوپاسکار بێ.
(٦٣) عەبدە ڕاستەکانی ڕەحمان ئەو کەسانەن کە بێ دەعیە دەچنە ڕێوە و ھەر کاتێکیش نەزانەکان بیاندوێنن، پەرسڤی نەرم و نیانیان دەدەنەوە.
(٦٤) ئەوانەشن کە شەو تا ڕۆژ، ڕووەو پەروەرندەی خۆیان سوژدە دەبەن و وێستاون.
(٦٥) ئەوانەشن کەوا ئێژن: ئەی پەروەرندەی ھەموومان! جەزرەبەدانی دۆزەخمان لێ دوورخەوە؛ چونکە جەزرەبەی جەھەندەم دوایی نایە.
(٦٦) کە بەڕاستی زۆر شوێنێکی نالەبار و زۆر ئەنوایەکی خراپە.
(٦٧) ئەوانەشن کە لە کاتی ماڵ بەخشینا، نە یەکجاری دەس بڵاون، نە تەواویش دەس قووچاون؛ ھەر لەو ناوەندەدا، ماون.
(٦٨) ئەوانەشن کە وێڕای خوا، ھیچ شتی تر ناپەرستن؛ کەسێکیش ناگوژن کە خوا ڕژتنی خوێنی بە ناڕەوا زانیوە؛ مەگین بە ھەق؛ تووشی داوێنپیسیش نابن. ھەرکێ ئەم کارانە بکا، تاوانی خۆی دێتەوە ڕێی.
(٦٩) ڕۆژی سەڵا دوو چەندانە ئازار دەدرێ و بە سووکایەتی ھەر لەوێدا دەمێنێ؛
(٧٠) مەگین ئەوی تۆبە دەکا و باوەڕ دێنێ و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکا؛ کە خودا خراپەکانیان بە چاکە بۆ وەدەگۆڕێ و خوا لێبووردەی دلۆڤانە.
(٧١) ھەر کەسێکی تۆبە بکا و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا، بەڕاستی دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا.
(٧٢) ئەوانەشن کە بە درۆ، شایەتی نادەن و ھەرگا بە لای کاری نالەباردا ڕادەبوورن، مەردانە خۆی لێ لا دەدەن.
(٧٣) ئەوانەشن کە ھەرکاتێ نیشانەکانی پەروەرندەیان وەبیر دەخرێتەوە، وەک کەڕ و کوێر ناوێستن [و گوێ پێدەدەن].
(٧٤) ئەوانەشن کە ئێژن: ئەی پەۆوەرێنمان! ژن و مناڵانی وامان پێ ببەخشە، ببنە مایەی چاوڕونیمان؛ بشمانکە پێشەوا بۆخۆپارێزەکان.
(٧٥) جا ئەوانە لە پاداشی خۆڕاگرتنیان، ئۆدە [کانی بەھەشت] یان پێ دەدرێت و لەوێدا ھەر بە دروود و سەلامەوە تەکیانا ڕووبەڕوو دەبن.
(٧٦) ھەر لەوێدا دەمێننەوە؛ کە زۆر بنکەیەکی باشە و زۆر نشیمەنێکی خۆشە.
(٧٧) ئەتۆ بێژە: پەروەرندەم ھیچ ھەواڵتان لێ ناپرسێ، ئەر لە بری نەپاڕێنەوە و نەیپەرستن. ئەوا ئێوەش باوەڕیتان بەو نەھێنا و بەم زووانە گرفتاری سزا دەبن و ھەر لێتان جوێ نابێتەوە.

پەراوێز edit