ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) سووڕەتێکە ناردوومانەتە خوارەوە و [مەبەستەکانمان] کردۆتە ئەرکی پێویست؛ چەن نیشانەی ئاشکراشمان تێدا ناردۆتە خوارەوە، بەشکێکوو پەند [ی پێ] بگرن.
(٢) ئەگەر ئێوە باوەڕیتان بە خوا و ڕۆژی سەڵا ھەیە، داوێنپیسانی مێر و ژن - ھەریەکەیان - بە لێدانی سەد تازیانە تەمێ کەن. لە ئایینی سەر بە خودا، بەزەیی ھاتن بێ جێیە. با چەند کەسیش لەوانەی خاوەن باوەڕن، لەو لێدانە ئاگادار بن.
(٣) مێری داوێنپیس ھەر دەبێ ژنی داوێن تەڕ بخوازێ؛ یان ژنی بتپەرست بێ. ژنی داوێن تەڕیش ھەروا: یان مێرد بە داوێنپیس بکا، یان مێری بتپەرست بێ و لە بۆ خاوەن باوەڕانیش ئەم کارە بەربەست کراوە.
(٤) ئەو کەسانەش کە بوختانێ بۆ ژنی داوێن پاک دەکەن، چوار شایەتیش ناھێنن، ھەشتا شەلاقیان لێ بدەن. ھەرگیز نابێ بە شایەتییان قبووڵ بکەن؛ ئەوانەن کە لە ڕێی خودا لایان داوە.
(٥) مەگین ئەوی پاش ئەم کارە پەژیوانی دەردەبڕن و ئاکاری خۆیان چاک دەکەن. دیاریشە کە خوا لێ بوردەی دلۆڤانە.
(٦) ئەو کەسانەش کە بوختانی داوێنتەڕی بە ژنانی خۆ دەکەن و غەیری خۆیان چەن شایەتی [تریان] نییە، ھەر کامێکیان دەبێ چوار جار خودای لێ بە شایەت بگرێ کە لەم بارە درۆ ناکا.
(٧) با بۆ جاری پێنجەم بێژێ: ئەگەر ئەم قسەم درۆیە، بەر نەفرینی خودا کەوم.
(٨) ژنەکەش لە ئازار دانێ ڕزگار دەبێ، کە ئەویش ھەتا چوار کەڕەت خوا بە شایەت بێنێتەوە کە مێردەکەی درۆ دەکا.
(٩) با بۆ جاری پێنجەمین بێژێ: ئەگەر قسەی کابرا ڕاست بێ، بەر غەزەبی خودا کەوم.
(١٠) ئەگەر چاکە و دلۆڤانی و لەکارزانی و تۆبەپەزێری خوداتان نەبووبایە، [ئێوە چتان بەسەر دەھات؟].
(١١) ئەوانەی ئەو بوختانەیان ھەڵبەستبوو، دەستەیەک ھەر لە خۆتان بوون. پێتان وانەبێ بۆ ئێوە خراپ دەبێ، بەڵکوو قازانجە بۆ ئێوە و ھەرکێش لەوان چەند لەم تاوانە بەشدارە، تاوانی لە سەر نووسراوە. ئەو کەسەش کە بەشی زۆری ئەو گوناھەی وەئەستۆ گرت، جەزرەبەی دژواری ھەیە.
(١٢) ژن و پیاگی خاوەن باوەڕ، بۆچی ھەرگا ئەم دەنگۆیە و بە گوێ گەیشت، بە چاکیان لێک نەدایەوە بۆ خۆیان و نەیانگوت کە ئاشکرایە ئەمە درۆی ھەڵبەستەیە.
(١٣) ئەدی بۆچی چوارشایەتیان بۆ نەھێنا؟ کە ھەر شایەتیان نەھێنان؛ ئەوانە بەلای خوداوە درۆزنن.
(١٤) ئەگەر خودا بەزەیی پێتاندا نەھاتبا و چاکەی دەربارە نەکردبان، ئێوە لە دنیا و قیامەتێ لەسەر درۆیە سازتان کرد - سوور بزانن - ئازارێکی یەکجار گەورەتان تووش دەبوو.
(١٥) کاتێ لە یەکتان دەبیست و ھیچیشوو لێ نەدەزانی، ھەر بەدەموودا دەھات و بە زمانوو دەتانقۆزتەوە و لاتان وابوو زۆر ھاسانە؛ کە ئەم کارە لجەم خودا زۆر گەورە بوو.
(١٦) بۆچی وەختێ ئەوەتان بیست، نەتانگوت کە: ئێمە چیمان بەسەر ئەم قسانە داوە؛ پاکی وبێ عەیبی بۆ تۆیە؛ ئەمە تۆمەتی گەورەیە.
(١٧) خودا نسیحەتوو دەکا؛ ئەگەر بڕواتان پێی ھەیە، جارێکی تر بوختانی وا ھەڵنەبەستن.
(١٨) خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە؛ خودا زانای لەکارزانە.
(١٩) ئەو کەسانەی حەزێ دەکەن باسی کاری بێ نامووسی لە ناو باوەڕدارەکاندا ببێتە قاو، لە دنیا و لە قیامەتیشا جەزرەبەی بەژانیان دەبێ و خوا دەیزانێ و ئێوە ئاگاتان لێ نییە.
(٢٠) ئەگەر چاکە و بەزەیی خودا و میھرەوانی و دلۆڤانی ئەوتان نەبا، [دیارە تووشی ئازار دەبوون].
(٢١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەدەنە سەر شۆپی شەیتان. ھەر کەسێ گاڤ لەجێ گاڤی شەیتان دانێ، با بزانێ شەیتان ھەر فەرمان بە کاری ناشیرین و کرێت دەدا. ئەگەر چاکە و بەزەیی خوداو لەسەر نەبا، ھیچ کەسێکتان ھەرگیز پاک نەدەبوونەوە؛ بەڵام خودا - لە ھەر کەسێکی حەز بکا - گەماری لەسەر لادەبا و خودا بیسەر و زانایە.
(٢٢) با ئەوانەی لە ناوتاندا دەوڵەمەندن، سوێندێ نەخۆن کە خزمان و ھەژاران و ئاوارەکانی ڕای خودا بێ بەش دەکەن. بڵا چاویان لێ بپۆشن و لە ھەڵەکانیان ببوورن؛ مەگەر ئێوە حەز ناکەن خوا لە گوناھانوو ببوورێ؟ خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٢٣) ئەو کەسانەی بۆ ژنانی باوەڕداری داوێنپاکی دوورە ئاگا [سەربەخۆ] بوختان ڕێک دەخەن، لە دنیاش و لە سەڵاشا، بەر نەحلەتن؛ جەزرەبەشیان زۆر دژوارە.
(٢٤) ڕۆژێ دەبێ کە زمان و دەست و پایان، لەسەر ھەر کارێ دەیانکرد دەبنە شایەت.
(٢٥) ئەوێ ڕۆژێ چی لیان دەوەشێتەوە، خودا دەگەڵیانی دەکا. سا دەزانن خودا ھەقی ئاشکرایە.
(٢٦) کێ ناپاکن بۆ ناپاکان. یا پاکیشن بۆ پاکانن. ئەمانە دوورن لەوانەی قسەیان بۆ ھەڵببەستن؛ [خودا] ئەوانەی بەخشیوە و بژیوی باشیان دەداتێ.
(٢٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! جیا لەوە ماڵی خۆتان بێ، سەر بە ھیچ ماڵاندا مەکەن ھەتا ئیزنێ نەخوازن و سڵاو بۆ خەڵکەکەی دانەخەن. ئەمە بۆ ئێوە باشترە و شایەت پەندی لێ وەربگرن.
(٢٨) ئەگەر کەسوو تێدا نەدیت، مەچنە ژوورێ تا خاوەنی ئیزنوو دەدا. ئەگەر گوتیشیان: وەگەڕێن، پێویستە بگەڕێنەوە. ئەمە بۆ ئێوە باشترە. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.
(٢٩) ھیچ سەرکۆنەو لەسەر نییە بچنە ماڵێک کە ھیچ کەسی تێدا نییە و کەل پەلی ئێوەی تێدایە. ھەرچی ئێوە دەیشێرنەوە و خۆیای دەکەن خوا دەیزانێ.
(٣٠) تۆ بە باوەڕداران بێژە؛ چاو داخەن و شوورەیی خۆ بپارێزن. ئەمە بۆ ئەوان باشترە و خوداش ئاگای لە ھەموو ئاکاریان ھەیە.
(٣١) بە ژنانی باوەڕداریش بێژە با چاویان داخەن و شەرمی خۆیان بپارێزن و خشڵی خۆیان وەدەر نەخەن؛ مەگین ئەوانەی لە دەرێن. با سەرپۆشیان تا سەر پێسیر دابپۆشێ و خەمڵی خۆیان نیشان نەدەن، مەگین بە مێرد، یان بابۆیان، یا خەزوریان، یان فرزەندی نێری خۆیان، یان زڕکوڕیان، یان برا، یان برازایان، یان کوڕانی خوشکەکانیان، یان ژنانی ھاوباوەڕیان، یان ئەو نێری خوڵامیانن، یان ئەو پیاوی سەربەوانن و ھەر نیازیان بە ژن نییە، یان منداڵانی نەگەیونە ئەو تەمەنەی وازیان بچێتە مێوینە. پاشیان بە زەویدا نەدەن، کە بزانرێ چۆن خشڵێکیان وەشاردووە. ھەموو لاتان بگەڕێنەوە لای خودا، ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەشکوو گشتوو ڕزگار ببن.
(٣٢) مێوینەی بێ مێردی خۆتان بە شوو بدەن. عەبد و کەنیزی ھێژاشتان بزەوجێنن. ئەگەر لە ھەژارانیش بن، خودا بە دڵاوایی خۆی ھەموو لا بێ نیاز دەکا. بەخشینی خودا ھەراوە و ئاگادارە.
(٣٣) با ئەوانەی توانای زەماوەندیان نییە، خۆڕا بگرن ھەتا خودا - لە چاکەی خۆی - دەرووێکیان لێ دەکاتەوە [و کارەکەیان مەیسەر دەکا]. ئەوانەش ماڵی ئێوەن و دەیانەوێ پسوولەیان بۆ بنووسرێ، ئەگەر خێرێکتان تێدا دین، با پسوولەو لە ناودا بێ و شتێکیشیان لەو ماڵەی خودا پێی داون، پێ ببەخشن. نەچن کەنیزەکانیشتان - کە گەرەکیانە پاک بژین - ناچار بکەن خۆ بفرۆشن؛ ھەر ھەتا ماڵی دنیاتان وەدەس کەوێ. ھەر کەسیش ناچاریان کا، خودا پاش ناچار کردنیان، گونابەخش و دلۆڤانە.
(٣٤) ئەوا ئێمە چەند نیشانەی نیشاندەرمان بۆ ئێوە نارد، وێڕای چەندین سەرگوڕوشتەی ڕابردووەکانی پێش ئێوە و پەندێکیش بۆ پارێزگاران.
(٣٥) خوا ڕووناکی ئاسمانەکان و زەمینە. ڕووناکی ئەو وەک تاقێکە چرای تێدا ھەڵکرا بێ، چراکە لە جامێکدا بێ، جامەکە وەک ئەستێرەیەک ترووسکەی بێ و ماکی چرا لە زەیتوونێکی ممبارەک دەس کەوتبێ؛ کە دارەکەی نە ھەمیشە بەرەو ڕۆژە و نە ھەمیشە لە نزارە. تۆ ئێژی ڕۆنی چراکە - بە بێ ئاگر تخوون کەوتن - تیشک دەدا؛ ڕووناکی لە بان ڕووناکی. خودا ھەر کەسێ حەز بکا، ڕووناکی خۆی نیشان دەدا. خودا بۆ مەردم نەزیلان دێنێتەوە. خوا بە ھەموو شت دەزانێ.
(٣٦) لە ناو ماڵانێکدا خودا ئیزنی داوە، کە دەستی ڕێزیان لەسەر بێ و ناوی ئەویان تیا ببرێ، ھەموو بەیانی و ئێواران ھەر پەسنی پاکی ئەو دەدەن:
(٣٧) پیاوانێ کە نە بازرگانی نە سەودا، یادی خودا و نوێژ کردن و زەکات دانیان، لە بیر نابا؛ ترسی ئەو ڕۆژەیان ھەیە، کە لەوێدا دڵ و چاو گش وەردەچەرخێن.
(٣٨) بۆ ئەوەی خوا لە بارتەقای کردەوەیان باشتر پاداشیان بداتێ و بە چاکەی خۆی لێشیان زیاد کا. خودا ھەر کەسێ حەز بکا، بە بێ ھەژمار ڕۆزی دەدا.
(٣٩) ئەوانەی خودانەناس بوون، کردەوەیان وەک ئەو تراویلکە وایە کە لە بیاواندا ھەیە. تینوو وا دەزانێ ئاوە و کە دەیگاتێ، ئەوسا دەزانێ ھیچ نییە. بەڵام خودا لە نزیکی خۆی دەبینێ و حیسابی ئەنێتە مستی. خوا زوو بە حیساب ڕادەگا.
(٤٠) یان وەک لە تاریکستانێ، لە زەریایەکی بێ پەیدا، پێل لەسەر پێل دای پۆشن و لە لای ژوورووشی ھەور بێ؛ تاریکایی و ھەرگا دەستی خۆی دەربخا، لەوانەیە ھەر نەیبینێ. ھەر کەسێکی خوا ڕووناکی نیان نەدا، ھیچ ڕووناکایی شک نابا.
(٤١) تۆ نەت دیوە کە ھەر شتێ لە ئاسمانان و زەمیندان، ئەو مەلانەش کە لە حەوا لەنگەر دەگرن، پەسنی پاکی خودا دەدەن؟ گشتیان نزا و پەسنی خۆیان دەزانن و خوا لە کاریان ئاگادارە.
(٤٢) موڵکایەتی عاسمانان و زەمینیش ھەر ھی خودایە و گەڕانەوەش بۆ لای خوداس.
(٤٣) ئەتۆ نەت دیوە خودا ھەورێک لە سەرەخۆ دەئاژوێ؛ پاشان چەند پارچەی لێک دەدا و دەیانکا بە ھەورێکی پڕ؟ ئەوسا تۆ دەبینی دڵۆپەی بارانی لێ دێتە دەر؛ [ھەر خوداشە] لەو حەوایە و لەو کێوانە - کە لەوێدان - تەیرۆکان دادەبارێنێ؛ ھەر کەسێ ئەو مەیلی لێ بێ، بەری دەدا و کێش حەز کا بەری ناکەوێ؛ برووسکەکەی لەوانەیە سۆما لە چاوان بڕفێنێ.
(٤٤) ئاڵوگۆڕی شەو و ڕۆژان خودا دەیکا. کە لەمەشدا پەندێک ھەیە بۆ ھەر کێ خاوەن ئاوەزە.
(٤٥) خودا ھەموو جانەوەری ھەر لە ئاو بەرھەم ھێناوە. ھەیە زگەخشکێ دەکا و، ھەیە لەسەر دوو پێ دەڕوا و ھەیە لەسەر چوار پەلانە. خوا ھەر شتێ حەزێ بکا سازی ئەدا. خودا بەسەر ھەموو شتدا توانای ھەیە.
(٤٦) دیارە ئێمە چەن نیشانەی نیشاندەرمان ناردە خوارێ. خودا ھەر کەسێکی حەز کا، شارەزای ڕاستەڕێی دەکا.
(٤٧) ئەشڵێن: ئێمە باوەڕیمان بە خوا و پێغەمبەر ھێناوە و بەر فەرمانین. لە دوای ئەمەش بڕێکیان ڕۆ وەردەگێڕن؛ ئەوانە ھەر بڕوادار نین.
(٤٨) ھەرگایەکیش بەرەو خودا و ڕاسپاردەی بانگیان دەکەن، کە خۆی بە کاریان ڕابگا؛ کەچی دەستەیەکیان ھەر خۆی لێ دەبوێرن.
(٤٩) ئەگەر لە قازانجی وان بێ، دێنە لای و دەی سەلمێنن.
(٥٠) ئاخۆ ئەمانە دەغەزیان لە دڵدایە، یان دەترسن خودا و پێغەمبەری خودا ناھەقییەکیان لێ بکەن؟ نا، ئەوان خۆیان ناھەقن.
(٥١) بەڵام ئەوی باوەڕدارن، ھەر کاتێ بانگ دەکرێن کە بێن بەرەو خودا و ڕاسپاردەی، ھەتا بە کاریان ڕابگا؛ گورجێ دەڵێن: بیستمان و بەر فەرمانین. ئەوانە دیارە ڕزگارن.
(٥٢) ھەر کەسێکی بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بێ و ترس و شەرمی لە خوا ھەبێ، ئەوان بردوویانەتەوە.
(٥٣) بە سوێندان ڕەش بوونەتەوە، کە: بە خودا، ھەرگا فەرمانیان پێ بدەی بچنە خەزا، خۆ ناگرن. بێژە: ھیچ سوێندی پێ ناوێ؛ فەرمانبەردارێکی خاس بن. ھەر کارێکی ئێوە دەیکەن، خوا دەیزانێ.
(٥٤) بێژە: بەر فەرمانی خودا و بەر فەرمانی پێغەمبەر بن. جا کە ھەر خۆشیان وەپاش دا، ئەو ھەر ئەرکی خۆی لەسەرەو ئێوەش ئەرکی خۆتان ھەیە. خۆ ئەگەر بە قسەی ئەو بکەن، شارەزاییەکە بۆ خۆتان. پێغەمبەریش لە ڕاگەیاندن بەولاوە ھیچی تری لەسەر نییە.
(٥٥) خوا بەوانەی لە ئێوە بڕوایان ھەیە و ئاکارچاکن، بەڵێنی دا: لەم زەمینە دەیانکاتە جێگەنشین؛ ھەر وەکوو چۆن ئەوانەی بەر لەوانی کردە جێنشین. دینەکەشیان - کە خۆی پەسندی کردووە - ھەر بۆیان دادەمەزرێنێ و ترسەکەشیان بۆ دەکاتە دڵنیایی [تا] تەنیا من بپەرستن؛ ھیچ شتێکیش بە شەریکی من نەزانن. ھەر کەسێکیش لەمە بەولا سپڵەیی بکاتە پیشە، لە ڕێزەی سەر چەوتەکانە.
(٥٦) نوێژەکەتانیش بخوێنن و زەکات بەن و بەرفەرمانی پێغەمبەربن؛ بەشکوو بەر بەزەی خواکەون.
(٥٧) وامەزانن ئەوکەسانەی خوانەناسان، دەتوانن لەم زەمینە لەدەستن ڕاکەن؛ جێگەی ئەوانە ئاگرەو سەرئەنجامیان زۆرخراپە.
(٥٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! با ئەوانەی خوڵام و کەنیزی ئێوەن، ئەو کەسانەش لە ئێوە کە بلووق نەبوون، سێ جار ئیزنوو لێ بخوازن: لە پێش نوێژی بەیانی و نیمەڕۆیان، کاتێ شمەکان دادەنێن و لە پاش نوێژی خەوتنانیش؛ کە ئەم سێ کاتە وەختی تەنیایی ئێوەس. لە پاش ئەوە، نە بۆ ئێوە قەیدێ دەکا، نە بۆ ئەوان، کە بە دەوروبەرتاندا بێن؛ ئێوە پێکەوە تێکەڵن. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ئاشکرا دەکا. خودا زانای لەکارزانە.
(٥٩) ھەر کاتێ منداڵەکانوو بلووقیان بوو - ئەویش وەک ئەوانی بەرێ - گەرەکە ئیزن بخوازن. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ئاشکرا دەکا. خودا زانای لەکارزانە.
(٦٠) ئەو ژنانەی وەختی شوویان بەسەر چووە، ھیچ تاوانیان لەسەر نییە کە سەرپۆش لەسەر فڕێ دەن؛ بەڵام نابێ خشڵی خۆیان نیشان بدەن. بۆ ئەوان وەھا باشترە پاک و شەرمێون بمێنن. خودا ئەژنەوێ و زانایە.
(٦١) شەل و کوێران، لەش بەبار و بناوبوێران، خودی خۆشتان، ھیچ تاوانوو لەسەر نییە لە ماڵ خۆتان یان باوکانتان، یان دایکانتان، یان لە ماڵی برایانتان، یان ماڵی سەربە خوشکانوو، یا ماڵی ئاپ و پلکانوو، یان لە ماڵانی خاڵانوو، یان میمانوو، یان ئەو ماڵەی کلیلەکەی لای ئێوەیە، یان لە ماڵی دۆستی چاکوو، خواردن بخۆن. ھیچ گوناھیشتان ناگاتێ ھەمووتان پێکەوە بخۆن؛ یان ھەر کەس بە تەنیا بخوا. ھەرگاش دەچنە ماڵانەوە، سڵامی یەکتری بکەن؛ سڵامێکی پاک و پیرۆز لە لای خواوە. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە، شایەتا ئێوە تێبگەن.
(٦٢) باوەڕدار ھەر ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بە خوا و پێغەمبەری ھێنا و ھەر کاتێکی بۆ کارێکی بە کۆمەڵ ڕەگەڵی کەون، لا ناکەون، ھەتا ئیزنی لێ دەخوازن. ئەو کەسانە لێت دەخوازن ئیزنیان بدەی، ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بە خودا و پێغەمبەرەکەی ھاوردووە. ھەرگا بۆ کارێکی خۆیان ھاتن ئیزنت لێ بخوازن، ھەر کامێکیان ئیزن دەدەی، کەیفی خۆتە و بۆیان لە خوا داوای لێ بووردنێ بکە. کە خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٦٣) گازی لە پێغەمبەر کردن وەک گازی کردن لە خۆتان حەسێب مەکەن. ھەر کەسیش خۆی پەنا دەدا و پێ دزەی دەرباز بوونیەتی، خوا دەیزانێ. با ئەوانەی کە خۆیان لە فەرمانی ئەو دەدزنەوە، ترسیان ھەبێ کە بەڵایەکیان بەسەر بێ؛ یان وەبەر جەزرەبەیەکی بەژان کەون.
(٦٤) باش بزانن، ھەرچی لە ناو عاسمانان و زەویدایە، بۆ خودایە. خودا ھەم لە ئێستەی ئێوە و ھەم لەو ڕۆژەش کە دەبرێنەوە بۆ لای ئەو، ئاگادارە. ئەوساش ئاگاداریان دەکا لەو شتەی واکردوویانە و خودا ھەموو شت دەزانێ.

پەراوێز edit