وەتەن سوێند بە کێوانی سەربەرزی تۆ
وەتەن سوێند بە داهاتی سەد تەرزی تۆ
وڵات سوێند بە بەفرت بە خۆشیی هەوات
بە نەفتت بە ئاوت بە دەجلە و فورات
هەتا قەترەخوێنێکی تەڕ شک دەبەین
بە قوربانی ئازادیی تۆی دەکەین
کوڕانت لەڕێی کوردەواریی مەزن
لە کوژرانێ سازن بەڵام نابەزن
سەر و ماڵ بە قوربان دەکەین گشتمان
لەڕێی سەربەخۆبوونی تۆ نیشتمان
عەرەب، تورک و فارس لەسەر خاکی تۆ
سێ دڕکن لەسەر سینەکەی چاکی تۆ
هەچی خوێنمژی کورد و داگیرکەرە
کفن هەڵگرن با ڕووە و مەقبەرە
ئەبێ خواردنی ئێمە دەرکەن لە دڵ
چەقۆ گەییە ئێسقان و خوێن هاتە کوڵ
دەمی خەنجەری تیژ و مووکارمان
گەلێ تینووە بۆ خوێنی بەدکارمان
سەروماڵ بە قوربان دەکەین گشتمان
لەڕێی سەربەخۆبوونی تۆ نیشتمان
لە ڕووی دۆست ڕووخۆش و گەش هەر منم
لە ڕووی دوژمنی مەوتەنم مردنم
گەزەنفۆن و شێردڵ دەدەن شاهیدیم
کە شێری شەڕ و کۆتری ئاشتیم
بە دۆلار ئەوی ویستی دنیا گرێ
یەقین خۆی دەتۆپێت و کورد نامرێ
هەزار سوێندی بەغدا وەکو پووشە لام
لەسەر زۆرکەران مەرگە هێزی سەلام
سەروماڵ بە قوربان دەکەین گشتمان
لەڕێی سەربەخۆ بوونی تۆ نیشتمان