شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: سروود سەبارەت: ١٩٥٦/٠٧/١٠ - قبور البیض، «توربەسپیان» سووریا وەتەن سوێند بە کێوانی سەربەرزی تۆ وەتەن سوێند بە داهاتی سەد تەرزی تۆ وڵات سوێند بە بەفرت بە خۆشیی هەوات بە نەفتت بە ئاوت بە دەجلە و فورات هەتا قەترەخوێنێکی تەڕ شک دەبەین بە قوربانی ئازادیی تۆی دەکەین کوڕانت لەڕێی کوردەواریی مەزن لە کوژرانێ سازن بەڵام نابەزن سەر و ماڵ بە قوربان دەکەین گشتمان لەڕێی سەربەخۆبوونی تۆ نیشتمان عەرەب، تورک و فارس لەسەر خاکی تۆ سێ دڕکن لەسەر سینەکەی چاکی تۆ هەچی خوێنمژی کورد و داگیرکەرە کفن هەڵگرن با ڕووە و مەقبەرە ئەبێ خواردنی ئێمە دەرکەن لە دڵ چەقۆ گەییە ئێسقان و خوێن هاتە کوڵ دەمی خەنجەری تیژ و مووکارمان گەلێ تینووە بۆ خوێنی بەدکارمان سەروماڵ بە قوربان دەکەین گشتمان لەڕێی سەربەخۆبوونی تۆ نیشتمان لە ڕووی دۆست ڕووخۆش و گەش هەر منم لە ڕووی دوژمنی مەوتەنم مردنم گەزەنفۆن و شێردڵ دەدەن شاهیدیم کە شێری شەڕ و کۆتری ئاشتیم بە دۆلار ئەوی ویستی دنیا گرێ یەقین خۆی دەتۆپێت و کورد نامرێ هەزار سوێندی بەغدا وەکو پووشە لام لەسەر زۆرکەران مەرگە هێزی سەلام سەروماڵ بە قوربان دەکەین گشتمان لەڕێی سەربەخۆ بوونی تۆ نیشتمان ++++++++++++++++++++++