ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار بۆ کوردستان
٣٠. ژارگەی ماران
تەخمیسی بارگەی یاران
مامۆستا هەژار شێعری مام هێمنی 'تخبیث' کردووە

بەربەڕۆچکەش هەیە سەرمامە شەوان من چ بکەم؟
ئەم مناڵانە کە بێ کراس و کەوان من چ بکەم؟
دڵی بردووم کچەتیوی کەرەوان من چ بکەم؟
دێت و ڕادەبرێ وەكو سەروی ڕەوان من چ بکەم؟
کە بەقوربانی نەکەم ڕووحی ڕەوان من چ بکەم؟

من نە شەرقیم و نە غەربیم و نە ئەمریکی، نە ڕووس
نە موسوڵمانی بەڕاستیم و نە جووم و نە مەجووس
پیر و زورهانم و خورپەی دێ دڵم بۆ کچی لووس
قەدی ئەو شۆخە وەکوو دووخ و خەدەنگە ئەفسووس
پشتەکەم کۆمە وەکوو ماڵی کەوان من چ بکەم؟

سەرە لەرزۆک و قول و چۆکە شل و زگ پەنەماو
لاملم خواره، پشووم سواره، پڕووش و کزەچاو
چوار پەلم فل بوو لەشیشم بووەتە لانکەشکاو
تازه هەنگاوی شلم کوانێ دەبێ بۆ شەوڕاو
جوانە زۆر جوانە بەڵێ ڕەوتی کەوان من چ بکەم

بە زگی برسی خەوم نایە هەچەند وەربکەوم
ئارەزووم هەر ئەوەیە نانێ گەرم بێتە خەوم
وەکی ڕەشکێکی ڕزیو پس پسە گش قڵف و گەوم
زەبری ئاوزەنگی بڕا و شل بووە دەستی جڵەوم
دێ دەنا پڕمەی بۆر و بەدەوان من چ بکەم

دمدمی چی ئەوە دوێنێ بوو، ئەمن زۆر کەونم
دایکەوای ڕەحمەتی ئەوسایە کوتابووی تەونم
وشک و ڕەق بوومەوە تازە دەگەڕێم بۆ شەونم
ژوانی خۆشی هەڕەتی لاوەتی دێتە خەونم
کاتی ئاویلکە لەگەڵ زیندەخەوان من چ بکەم

خەڵکی پێی وایە لە خۆشییانە هەرا و گاڵەم دێ
نا براکەم لە دەسی زاڵمەکان زاڵەم دێ
ورتەیی کۆنەبرینانی دەم‌ئاواڵەم دێ
شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی لەشم ناڵەم دێ
دێتە گوێم دەنگی گەلۆ و نیوەشەوان من چ بکەم

لە چیایان و لە دەشتان و لە لادێ و شاران
هیچ شتێک ئێستە نەماوە وەکوو جاری جاران
دەوەرە سەیری بە ڕۆژی مژ و گۆپاڵ‌باران
بارگەیان تێکەوە پێچاوە بەڕێ بوون یاران
لە دەنێ وا بە تەنێ پاشی ئەوان من چ بکەم

خۆم وەکوو زەڕنەقوتە و زاڕۆڵەکانم ڕووتن
حەوتی وام هەن کە دەمی خواردنێ وەک حەو حووتن
دوێنێ ئێوارێ لەسەربانێ هەڵمخست تووتن
سروە هات خونچە گوڵی باخی ئەدەب پشکووتن
باخەوانی گەرکە تازەجەوان من چ بکەم

خاڵەباس یادی بەخێر ئەو دەمی دایکی مردبوو
هەر وەها وشک و برینگ نایە قەبر نەیشردبوو
دێیەکەی ئێمە هەمووی دێم و تەلان و گرد بوو
ئاو نەبوو ئەو دەمی هێمن مەلەوانی کورد بوو
ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چ بکەم
هێمن › بارگەی یاران

دێت و ڕادەبرێ وەکو سەروی ڕەوان من چبکەم؟
کە بەقوربانی نەکەم ڕووحی ڕەوان من چبکەم؟

قەدی ئەو شۆخە وەکو دووخ و خەدەنگە ئەفسووس
پشتەکەم کۆمە وەکو ماڵی کەوان من چبکەم؟

تازە هەنگاوی شلم کوانێ دەبێ بۆ شەوڕاو
جوانە زۆر جوانە بەڵێ ڕەوتی کەوان من چبکەم؟

زەبری ئاوزەنگی بڕا و شل بووە دەستی جڵەوم
دێ دەنا پڕمەیی بۆر و بدەوان من چبکەم؟

ژوانی خۆشی هەڕەتی لاوەتی دێتە خەونم
کاتی ئاویلکە دەگەڵ زیندەخەوان من چبکەم؟

شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی لەشم ناڵەم دێ
دێتە گوێم دەنگی (گەلۆ) و (نیوەشەو) ان من چبکەم؟

بارگەیان تێکەوە پێچا و بەڕێ بوون یاران
لەدنێ وا بەتەنێ پاشی ئەوان من چبکەم؟

ژیانی من ئێستە وەکو خۆری دەمی زەردەپەڕە
پێم نەما تین و گوڕ و هێز و تەوان من چبکەم؟

سروە هات خونچە گوڵی باخی ئەدەب پشکووتن
باخەوانی گەرەکە تازە جەوان من چبکەم؟

ئاو نەبوو ئەو دەمی هێمن مەلەوانی کورد بوو
ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چبکەم
مامۆستا هەژار، بۆ کوردستان، چاپی نۆهەم ١٣٩٢، لاپەڕە ٣٢٥ و ٣٢٦.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit