ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٤٦. تاژدین و برایانی لە بیری چارەدان
پیرێ کە لە دەردی دڵ ببوو پیر
خۆشگفت و شیار و زیت و دڵگیر
ئاگا لە جیھان، گەڕاوی شاران
گێڕایەوە سەرگوزەشتی یاران
گیرانی مەم و گرینی زینێ
وەک ئاگرێ کەوتە ڕووی زەمینێ
ھەر تیرە و ھۆز و ڕێز و چینێ
ھەر خێوی ئەوین و دڵبرینێ
کێ ببوە زەدەی دەسی ئەوینێ
بۆ ئەو دووە کەوتە کۆڕی شینێ
ئەم ئاگرە تەنیەوە لە لاوان
سووتا دڵی دڵتەڕان لەتاوان
پێچوون ئەوی دۆستی دوور و کۆن بوون
تاژدین و ستێ مەپرسە چۆن بوون
بۆ زینێ بە دەردێ چوو بوو ئەستی
گریان و شەپۆڕ بڕی بڕستی
تاژدین کوڵی مەم بە جۆرێ گەستی
شێت بوو، دڵ و ھۆشی چوو لە دەستی
ھاواری دەبردە بەر برایان
ئێوە و دوو- سێ پیر و کەیخودایان
ملکەچ ھەموو ڕوو لە کۆشکی شا کەین
با بۆ مەمی چارەڕەش تکا کەین
میر بەشکە نەرم ببێ بە جوورێ
لە گوناھی مەمی ھەژار ببوورێ
عارف وتی: ئەو لە ژیری دوورە
دەوپێکێ پلاری شەرم و شوورە
کارێکی نەیێتە چنگ بە گەرمی
بێھوودەیە نووکەنووک و نەرمی
خۆتان دڵی مەزنوو باش دەناسن
کێ بیستی بە فوو نەرم بێ ئاسن
پێک نایە شتێک لە کۆڕ و دیوان
مەیدان ھەیە لێی ببیتە میوان
کەبمانەوەێ بۆ مەمێ بکۆشین
پێویستە کە بەرگی جەنگ بپۆشین
چوار ئاوێنە و زرێ دەبەر کەین
خوود بچنە سەر و پەڕی لەسەر دەین
ھەڵسووڕنەوە گورزی پاڵەوانان
بسوێنەوە دوو دەمی دەبانان
یان مەم دەبێ بێتە دەر لەناو چاڵ
یان ھەر سێ دەخەینە چاڵ سەر و ماڵ
میر ئەو دەمە باش نەھاتە پێشێ
ھەر یەک لە مە شیری دەربکێشێ
تاقیان کەنەوە لە لاشی بەکرا
نەگ ئەو سەگەبا! لەمەم چ دەکرا
ئەو بەکرێ بە خەنجەران لەتوپەت
بۆ تۆڵەیی مەم دەبێتە دەرفەت
میر بێت و لەسەر سەگی وەدەنگ بێ
پاداشتی کڵۆیە گاشەسەنگ بێ
ھەرسێکی مە ئاشی جەنگ دەگێڕین
وەک دەنکەگەنم سەران دەھێڕین
ھەرچی وتی لەل بجنرێ پەلپەل
ھەر سەر کە بزووت بچێتە شاکەل
سازکەین لەھییەک گەرەک لە خوێنێ
کێ سەر بپەڕێنێ بیفڕێنێ
بدڕێن بپەڕێن بە شیر و نێزان
سواران و سەران زگان و ڕێزان
ئەو چڵک و گەماری زۆری زۆرێ
لاناچێ بە خوێنی گەش نەشۆرێ
پاکەینەوە جێ لە نالەباران
بیکەینە جەژن لەناو ھەژاران
دیل بێنە دەرێ لە کۆت و پێوەند
دیلان بگەڕێ و ببێتە گۆوەند
نازدار و جوان لەسەر تەلاران
"دەستوو نەڕزێ" بڵێن ھەزاران
"بۆوبێو" ببیەن لە نازەنینان
چەپڵە و گوڵ و دەنگی ئافەرینان
تاژدین و چەکۆ لە ئەم وتارە
زانیان جگە لەو نییە چ چارە

پەراوێز edit