ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٤٥. زین گلەیی لە گەردوون و چارەڕەشیی خۆی دەکات
ئەو زینی بە داوی دڵ گرفتار
ئارامی لەلا نەما بەیەکجار
تا مەم نەخرایە گرتووخانێ
هیوای نەبڕا لە پێکبڕانێ
لەو کاتەوە یاری کۆت لە پێ دی
دەورەی دڵی دابوو ناهومێدی
سەیرانگە و شانشینی دڵگیر
بۆ ئەو بووە بەند و کۆت و زنجیر
دوژمن بوو لە خواردن و لە خەوتن
ئارای نە بە ڕۆژ، نە بە شەو سرەوتن
بێهێز و توان و دەستەوئەژنۆ
هەر مەم مەمی بوو بە داد و ڕۆ ڕۆ
دەتوایەوە بۆی دڵی ڕەقی بەرد
لاواز ببوو، ببوە موویەکی زەرد
زەردێک وەکوو ڕەنگ و ڕوویی خانی
باریک ببوو لە چەشنی بیرەکانی
گەر لێی نەدەبۆوە هیچ دەرووی ڕوون
هاواری دەکردە چەرخی گەردوون
چم کردووە بۆچی بوویە دوژمن؟
تۆڵەی چ دەسێنی دێیتە گژ من!
مەم ببوە بەشم ئەوەند بە قینی
هێشتا بە منت ڕەوا نەبینی
تۆ تاقەمەمێک بە زۆر بزانی
لێم بدزی، برادەریی دەزانی؟
تۆی ئاگری هەڵدەکەی لە کوڵمەم
تا گڕ بگرێ بە من دڵی مەم
خوێنشیرن ئەکەی مەمێ لە زینێ
تا بیخەیە بەر گڕەی ئەوینێ
سوودت چ وەچنگ کەوت لە بندا
ئەو قۆزەکوڕەت نیشانی من دا
بۆ تووشی کچێکی وەک منت کرد
سووچم چ بوو پاشی بۆ ونت کرد
دوو دڵ کە بە ئاگرت پڕووکان
چیت پێگەیی تۆ جگە لە تووکان
لای هەر کەسێ بەزم و پێکەنینە
هەر لای من و مەم شەپۆڕ و شینە
دەردی دڵی خۆت بە من ببێژە
هەر ژەهرێ کە پێتە ڕۆی بڕێژە
تۆ یۆسفی من دەخەیتە چاڵێ
گوێ نادەیە ئاخ و ناڵەناڵێ
بووی تانە لە چاو، لە دڵ کەساسم
هەر چاوەڕوانی بۆی کراسم
من بوومە گەدایە چاولەڕێگە
بێ یۆسف و بێ پەنام و جێگە
یان بیری لەدەوری مەم دەهاڵا
دەمدەم دەگەڵی دەکرد سکاڵا
پێت وا نەبێ من بەبێ تۆ خۆشم
سەدهێندەیی تۆ منیش پەرۆشم
ئارام نییە ڕۆژ و شەو لە دووری
سووچی منە، باشە لێم ببووری
بەو خوایە کە وا لە ژووری سەرمان
دەسناکەوێ لێم بزێک بە دەرمان
هەر ناوە، کە ماوم، خۆم نەماوم
بێدارییە بۆتە کاری چاوم
ڕۆژان و شەوان لە چاوی گریان
خوێناو دەڕژێ هەناوی بریان
سوێراوی سروشکە بۆتە شەونم
خەو نایەتە چاو کە بێیە خەونم
ئەو زینێ کە دیوتە وا نەماوە
ژاکاو پەڕ و پەلکی هەڵوەراوە
ئەم جۆرەیە دەردی من شەو و ڕۆ
بێتۆ ئەوە ژیانمە، ئەدی تۆ؟
لەو جێگەیە کێیە هاونشینت
چۆن دەیبەیە سەر بە دوور لە زینت
هیچکەس هەیە ئاخۆ بتدوێنێ
تووشت بووە یار و خەمڕەوێنێ
گیرۆدەیی ئێمە! چۆنە بەندت؟
تۆش کەوتووە بار لە لێوی قەندت؟
ئەی دڵ وەرە دەر لە لەش بەبێ هەست
ئەی گیان وەرە بیخە سەر لەپی دەست
پارێزێ بکەن گەلێک لەو و لەم
چووستی بکەن و بڕۆنە کن مەم
لە زمان منەوە بەرن پەیامێ
بۆم بێننەوە زوو لە مەم وەڵامێ
داخوا لە چ دایە یاری دڵدار
ناوی منی جارێ دێتە سەر زار
داخۆ لەگەڵم تەبایە یان زیز
لەو کوڵمەگەشەی نەبۆتە پایز؟
ئێستەش وەکوو سوورگوڵی بەهارە
یان وێنەیی بولبولی هەژارە
کۆشک لەمە بۆتە بەندیخانێک
پێم خۆشە کە هەڵکەوێ بەهانێک
هەر چۆنێ ببێ هەلێک سەری دەم
خۆشتر لە بەهەشتە چاڵ، لەگەڵ مەم
خۆزیا لە منیش قەڵس ببا میر
وێڕای مەمی پێم دەخستە زنجیر
هەر جارەکی تر مەمم بدیبا
گوێم لێ نەبوو، با ببا هەچی با
چەند خۆشە لە کاتی گیانەڵاوم
پەنجەی مەمی لێک نێ پەلکی چاوم

پەراوێز edit