ئەو ئاسکی نەچیری ڕاوکەری خەم
چاوسوور و تەڕی نەدیتنی مەم
ئەو تازەنەمامی باخی جوانی
سیس و کزی دوور لە باخەوانی
پێوەندی ئەوین بە کۆت و زنجیر
مامزێکی مەمی دەکردە نێچیر
ئەوڕۆژە کە کاکی دەرچوو بۆ ڕاو
شۆڤار و نەیار بڕان لەبەر چاو
نێرینە نەما لە باخ و ماڵا
خەرمانی خەیاڵ لەدەوری هاڵا
تا هەل هەیە هەستە، ئەم جیهانە
چەپگەردە نەسازە بێوچانە
تا دەرفەتە سەیری گوڵ کە ئەی دڵ
ترسم هەیە زوو بچیتە بن گڵ
گەشتێکی بکە لەدەم دەراوێ
تاوێ لە مەلان بگێڕە چاوێ
بیستوومە هەیە یەکێ بەخت ڕەش
وەک ئێمە لە ئاخ و داخە و بێبەش
ڕۆژ ناڵە دەکات و داد و هاوار
بە خوێنی دڵی دەژی بە شەوگار
بێچارە لەدەوری گوڵ دەدا خول
ئاوارە مەلێکە ناوی بولبول
دەرمانی دڵی منی لەلایە
بیبینم و لێی بکەم تکایە
وا خوایە دەڵێم بە گفت و پەندێ
ڕێم پێ بڵێ دەرکەوم لە بەندێ
خۆی دزییەوە کەوتە باخ و گوڵزار
بێتایەن و سەرسپی و پەرستار
کەم سەیری گوڵان دەهاتە بیری
زۆرتر دڵی دەچووە گۆشەگیری
باخ بۆیە بوو چۆڵ و دوورەخەڵکە
بۆ گریە و داد و شین بەکەڵکە
باڵای وەکوو سەروی خستە سەر گڵ
فرمێسکی ڕژاندە بن گوڵ و چڵ
مێلاقە لەتاوی پەڕپەڕی کرد
خونچە لەگەڵی بەرۆکدڕی کرد
هەر دارێ وەکی وی لەشبەبار بێ
پشکۆ بوو هەموو گوڵی هەنارێ
لایان کە دەسی دەکرد بە باسان
خۆیان دەهەژاند لەگەڵ هەناسان
لەسوێی وی لەسەر لک و لە هەر پەل
گاڵەی بوو گەڵا بە ناڵە بۆ مەل
فرمێسکی ئەوەندە ڕشت لە چاوان
ئاڵ و گەش و سوور بوو ڕەنگی ئاوان
سیس بوو گوڵ و شینکە کەوتە ناو هەش
ئاهی لە هەوا بووە پەڵە و کەش
بولبول خەمی خۆی لە بیر نەمابوو
بۆ ئەو لە پەژارە و خەما بوو
زۆر چاوی گەڕاند لە دۆست و هاودەرد
دایبەستە وتار لەگەڵ گوڵی زەرد
تۆش وەک منی ڕەنگ لە ڕوو پەڕیوی
تۆش ئاخۆ ئەوین دڵی بڕیوی؟
تێراوی، هەزارپەڕی، تەیاری
ئەی چیتە کە زەرد و کز دیاری
تۆش دڵ بە کوڵ و خەمی وەکی من
تۆش دیارە کە بێ مەمی وەکی من
بولبول لە گوڵی گوڵاوە کڕیار
تۆش وەک منی دوور لە دڵبەر و یار
پێم خۆشە کە ببیە هەمدەمی خۆم
دەردی مە یەکە و منیش وەکی تۆم
خوشکێکی منیش وەکوو گوڵی سوور
دڵداری گەییشت و ما لە من دوور
من ماوم و بولبولێکی داماو
بۆ یەکدی جگەربڕاو و سووتاو
بێچارەم و چارەڕەش وەکوو ئەو
ڕەنگزەردم و ڕۆژ و بەختمان شەو
هەر جارێ کە بمدیایە تەنیا
بڕیارە گلەم نەبێ لە دنیا