ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٣٣. پەیڤینی مەم دەگەڵ چەمی دیجلەدا
دیجلە چتە هێندە بێوچانی
وەک ئاوی دوو چاوی من ڕەوانی
تۆش وەک دڵی ئێمە پڕشەپۆلی
تۆش هۆگری دەشتی چۆل و هۆلی
شێتی وەکوو من بە پێچ و گێژی
هەر ناڵەتە هاتەران دەبێژی
وەک من نە پشووت هەیە نە وەستان
تۆش داوتە دڵت بە دیدەمەستان؟ !
کێت هێندە لەناو خەیاڵ و بیرە
گرتووتە هەمێزی خۆت «جزیرە»!
ئەم شارەیە گەر نیاز و دڵخوات
خۆشبەختی، گەییشتووی بە ئاوات
جەرگەی دڵی تۆیە نیشتمانی
هەردەم دەگەڵی دەسەوملانی
دڵخۆش بکە، بەسیە داد و زاری
لەو خوایە بکە سوپاسگوزاری
شێتی کە دەمێ بەجێی بهێڵی
بەغدا چییە؟ تۆ لە شوێنی وێڵی!
بەهرەی منە گریە و هەناسە
درواوە بە بەژنم ئەو کراسە
جارێک بە دڵی منا ببوورە
با بزانی کە دۆژەهیش چ جوورە
سەرچاوەیی چاوی من ببینە
خوێناو دەڕژێ لە گۆلەشینە
بۆ دەردی دڵم کە دوورەچارە
چاو بۆچی؟ بە چی هومێدەوارە؟
وەستانە و نێرگزان و سەقڵان
دەروازە و هۆمەران و مەیدان
سەیرانگەهی تۆن و لێی دەکەی گەشت
من ماوم و هۆگری چیا و دەشت

پەراوێز edit