شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: پەیڤینی مەم دەگەڵ چەمی دیجلەدا دیجلە چتە هێندە بێوچانی وەک ئاوی دوو چاوی من ڕەوانی تۆش وەک دڵی ئێمە پڕشەپۆلی تۆش هۆگری دەشتی چۆل و هۆلی شێتی وەکوو من بە پێچ و گێژی هەر ناڵەتە هاتەران دەبێژی وەک من نە پشووت هەیە نە وەستان تۆش داوتە دڵت بە دیدەمەستان؟ ! کێت هێندە لەناو خەیاڵ و بیرە گرتووتە هەمێزی خۆت «جزیرە»! ئەم شارەیە گەر نیاز و دڵخوات خۆشبەختی، گەییشتووی بە ئاوات جەرگەی دڵی تۆیە نیشتمانی هەردەم دەگەڵی دەسەوملانی دڵخۆش بکە، بەسیە داد و زاری لەو خوایە بکە سوپاسگوزاری شێتی کە دەمێ بەجێی بهێڵی بەغدا چییە؟ تۆ لە شوێنی وێڵی! بەهرەی منە گریە و هەناسە درواوە بە بەژنم ئەو کراسە جارێک بە دڵی منا ببوورە با بزانی کە دۆژەهیش چ جوورە سەرچاوەیی چاوی من ببینە خوێناو دەڕژێ لە گۆلەشینە بۆ دەردی دڵم کە دوورەچارە چاو بۆچی؟ بە چی هومێدەوارە؟ وەستانە و نێرگزان و سەقڵان دەروازە و هۆمەران و مەیدان سەیرانگەهی تۆن و لێی دەکەی گەشت من ماوم و هۆگری چیا و دەشت ++++++++++++++++++++++