ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
١٢. سەیرانی جێژن و دەزگیرانگرتن
دیسان کە نواندی جێژنی نەورۆز
لەگوێرەیی ڕێوشوێنی پیرۆز
گش ورد و درشتی ناو جزیرێ
بیگرە لە شوانێ تا وەزیرێ
شاری و ڕەمەکی و گزیر و هەرچی
تێیدا بوو شڕە و گەڕۆک و چەرچی
پۆلپۆل دەگەڕان لە کێو و دەشتێ
خەمیان دەپەڕاند لە سەیر و گەشتێ
هێندێک بە پێیان دەچوونە باخان
سواران دەگەڕان لە کێو و شاخان
هێندێکی بە یەک یەک و جودایی
دەستێکی بە گەل بە دڵ تەبایی
هێند هاتبوو خانم و ژنی جوان
دنیا پڕی گوڵ ببوو لەبەر وان
تێی هاتبوو هێند پەری و فریشتە
تا وابێ بەهەشتی گەورەدەشتە
کیژۆڵە و لاو و ڕووبەخاڵان
لێوقەند و مەمک دوولیمۆکاڵان
خونچەدەم و ڕووبەخاڵ و خوێنسووک
لاوی تەڕ و تازە، لووس و بێتووک
کڕیار و فرۆش هەموو جوان بوون
نرخ و بەنرخ لەسەر ڕووان بوون
نازداری دەهاتە باری سەودا
نەک کۆنەپەڕۆ و کەڵاف و هەودا
جوانچاکی دەهاتە تای تەرازوو
چاو کاری دەکرد نە زۆری بازوو
ئەو ڕۆژە دەبوە کە جێژنی سەرساڵ
منداڵی دە ساڵ و پیری سەد ساڵ
خۆیان نەدەهاتە بیر چە جارێ
ئاهەنگ و بەزم بوو تا ئێوارێ

پەراوێز edit