شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: سەیرانی جێژن و دەزگیرانگرتن دیسان کە نواندی جێژنی نەورۆز لەگوێرەیی ڕێوشوێنی پیرۆز گش ورد و درشتی ناو جزیرێ بیگرە لە شوانێ تا وەزیرێ شاری و ڕەمەکی و گزیر و هەرچی تێیدا بوو شڕە و گەڕۆک و چەرچی پۆلپۆل دەگەڕان لە کێو و دەشتێ خەمیان دەپەڕاند لە سەیر و گەشتێ هێندێک بە پێیان دەچوونە باخان سواران دەگەڕان لە کێو و شاخان هێندێکی بە یەک یەک و جودایی دەستێکی بە گەل بە دڵ تەبایی هێند هاتبوو خانم و ژنی جوان دنیا پڕی گوڵ ببوو لەبەر وان تێی هاتبوو هێند پەری و فریشتە تا وابێ بەهەشتی گەورەدەشتە کیژۆڵە و لاو و ڕووبەخاڵان لێوقەند و مەمک دوولیمۆکاڵان خونچەدەم و ڕووبەخاڵ و خوێنسووک لاوی تەڕ و تازە، لووس و بێتووک کڕیار و فرۆش هەموو جوان بوون نرخ و بەنرخ لەسەر ڕووان بوون نازداری دەهاتە باری سەودا نەک کۆنەپەڕۆ و کەڵاف و هەودا جوانچاکی دەهاتە تای تەرازوو چاو کاری دەکرد نە زۆری بازوو ئەو ڕۆژە دەبوە کە جێژنی سەرساڵ منداڵی دە ساڵ و پیری سەد ساڵ خۆیان نەدەهاتە بیر چە جارێ ئاهەنگ و بەزم بوو تا ئێوارێ ++++++++++++++++++++++