ئاڵەکۆک

جەلال مەلەکشا add_a_photo
من کە سووتاوی فیراقم، ئیتر ئاوم بۆ چیە
خەزنەداری گەنجی عەشقی تۆم، دراوم بۆ چیە

کەم بە شەمشێری برۆ قەسدی دڵی زارم بکە
من شەهیدم تێخی تیژی تازەساوم بۆ چیە

من بە بەد ناوی لە دنیادا بەناوبانگم بەڵام
یاد و ناوی تۆم لە دڵ بێ، بانگ و ناوم بۆ چیە

وەک پڵنگی جەنگەڵی عەشقم بە سەربەستی دەژیم
زوڵف و چاوی تۆم هەبێ زنجیر و داوم بۆ چیە

ئەم جیهانە چۆل و هۆڵ و من غەریبێکم نەناس
نیشتمانی خۆم دەوێ دنیای گڵاوم بۆ چیە

من لە تەنیایی گەلێ تەنیاترم لەم شارەدا
ماڵی خەم هەر ئاوەدان بێ ژاوەژاوم بۆ چیە

بۆ فەراموشی بەرەو مەیخانە ڕاکێشم مەکەن
مەست و کەیلی ساغەری عەشقم شەراوم بۆ چیە

من کە پەیمانم لە گەڵ رۆحی هەتاوا بەستووە
ناز و غەمزەی وردەتیشکی ناو بە ناوم بۆ چیە

من مۆریدی حەزرەتی پەروانەم و غەرقی گڕم
نووری ڕوخسارم دەوێ شەمعی شکاوم بۆ چیە!
نووسین: حەمەی لەیلا
پێداچوونەوە: ڕەفێق م.

پەراوێز edit