ئاڵەکۆک

مەلا عەبدوڵڵا ئەفزاری add_a_photo
ئەفزاری دیوانی شیعر
٨. عومری پیری
من کە نابینم بەھەرحاڵ، پشتیشم بۆتە کەوان
ڕیش و ئەبرۆم لێ سپی بوون ھەر وەکی بەفری "سەران"

عومری پیری ھات بە سەرما رەنگی جوانیمی فڕان
شیبھی زەردیم ھات بەسەر ئەو ڕەنگی سوور و ئەرخەوان

من کە نابینم لە خۆما ھێز و تینی وەک چەلان
عومری شیرن چوو لە دەستی ئەمنی بەدبەختی نەزان

ڕەشبەڵەک کەوتە سەری من، ھاکا مەرگم بوو میوان
تازە ھەرگیز نابینم لاویی بە چی بم شادمان

داخەکەم نەمزانی لاویم کۆچی ڕابرد ناگەھان
دوای جحێڵی خۆم، مەگەر داییم بکەم شین و فوخان

تابەکەی "ئەفزاری" سستی، بەسیە ئیتر ماڵوێران
ڕوو لە قاپی حەق بکە، ئازادە ڕێگای (ئەلئەمان).
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit