ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
(١)
کاتێ دووراودوور سەیری کێو دەکەی
نێزیک دەنوێنێ لووتکەی بڵندی
کە به ناو بەفرا پێیدا هەڵدەزنێی،
دەڕۆی و دەڕۆی، ناگەیتە دوندی

کە هۆنراوەیەک دەخوێنیتەوە
دەڵێی چەند سووک و زەلال و ڕوونە
بەڵام کە دێڕێک لێت بوو بە گێژاو،
دەڵێی: ڕەقترین کاری گەردوونە!

(٢)
تافەی جۆگەلە و هاڕەی تاڤگە دێ،
گوێم لە زەمزەمەی چەم و ڕووباره
هەروا مل دەنێن، گوڕ دەبەستن و
ناگەڕێنەوە ئەم جێ و هەوارە

ئەرێ کاتێ ئاو مەفتەن جێدێڵێ،
بۆ قریوەی دێ و هەر پێدەکەنی؟
ئەی بۆچی کە من بارگە تێک دەنێم،
خەفەت سەراپای گیانم دەتەنێ؟ !

(٣)
ئەرێ خەڵکینە! بۆ هێندە خاون؟
مەڵێن کیسەڵیش سست و تەمبەڵە!
چما نازانن، ئەگەر هیچ نەبێ،
سەد ساڵی ڕەبەق عومری کیسەڵە؟

ئەرێ خەڵکینە! بۆ وا بەپەلەن؟
مەڵێن کەروێشکی دەشتیش ڕا دەکا
ئاخر کەروێشکێ بەدبەخت و کڵۆڵ
ژینی زۆر کورتە، بۆیە وا دەکا!

(٤)
خەڵکی هیندستان پێیان وایە مار
یەکەم گیانداری سەر ڕووی زەمینە
شاخنشینەکان سوورن لەسەر وەی
هەڵۆ کۆنترین زەوینشینە!

کەچی من دەڵێم: نەخێر، یەکەمجار
ئادەمیزاد بوو پێی نایە جیهان
پاشان هەندێکیان وەکوو مار خزین
هەندێک وەک هەڵۆ فڕین بۆ ئاسمان!

(٥)
کە جاران دوو سوار دەبوو بە شەڕیان
ژنێک دەسماڵی دەخستنە بەر پێ،
بە دەستووری شاخ چەک فڕێ دەدرا،
ئاشت دەبوونەوە هەردووک دەستبەجێ!

هەوار، ئافرەتان، بگەنە هیمداد!
ئەو دوو برا شیر له یەک دەسوون،
دە دەسماڵێکیان باوێنە بەر پێ،
تا دنیا نەبووە هەپروون بە هەپروون!

(هێوێنی ئەم هەشتخشتەکییانەم لە شاعیری داغستانی ڕەسووڵ هەمزەتۆڤ وەرگرتووە)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit